زووم:
لەمیانەى سەردانەکەى بۆ ئامەدى باکوورى کورستان، جەودەت یەڵماز، یاریدەدەرى سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا گەشتە ئاسمانییەکانى نێوان ئامەد و هەولێر دەستپێدەکەنەوە.
هاوکات محەمەد قایا، سەرۆکى ژووری بازرگانیی ئامەد لە پێگەى کۆمەڵایەتى ئێکس نووسیویەتی، ئامەد پەیوەندییەکى بازرگانى بەهێزى لەگەڵ هەرێمى کوردستانى عێراق هەیە، هەرێمى کوردستان بۆ ئامەد بە پلەى یەکەم دێت لە بازرگانیی دەرەوەماندا لە شتومەک و کەلوپەل.
محەمەد قایا سوپاسی جەودەت یەڵمازی کردووە کە هەوڵی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان ئامەد و هەولێری داوە.
لەدوای ریفراندۆمی ساڵی 2017ـی هەرێمی کوردستان و وەک دژایەتی بۆ پرۆسەکە، تورکیا گەشتەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی ئامەدی راگرت و دوای ماوەیەک دەستیپێکردەوە، بەڵام جارێکی دیکە و لە ئازاری 2020 و بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، گەشتەکان بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق راگیرانەوە، پارێزگارى ئامەد رایگەیاندووە لەماوەى رابردوودا چەند جارێک داوایان لە بەرپرسانى ئەو وڵاتە کردووە گەشتەکان دەستپێبکاتەوە.