زووم:
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت لە مانگى حوزەیران و تەموزدا، پڕۆسەى رادەستکردنى فڕۆکەى ئێف 16 لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا دەستپێبکات.
سەرچاوەکە بە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەى ئەکشامی تورکی گوتووە، هیچ کۆت و بەندێک لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانى فڕۆکە ئێف 16 لەلایەن ئەمریکاوە بۆ تورکیا دانەنراوە و دەڵێت، هیچ رێگرییەک لە پێدانى فڕۆکەى بە تورکیا لەئارادا نییە و چاوەڕێ دەکرێت پرۆسەکە بەبێ کێشە ئەنجامبدرێت.
تورکیا بۆ کڕینى 40 فڕۆکەى ئێف 16 و نۆژەنکردنەوەى 80 فڕۆکەى دیکە و کڕینی کەلوپەل و پێداویستییەکانی، گرێبەستێکی 23 ملیار دۆلاری لەگەڵ ئەمریکا هەیە، لە هەواڵەکەی ئەکشامدا هاتووە چاوەڕێ دەکرێت لەو ماوەیەشدا نۆژەنکردنەوەى فڕۆکە جەنگییەکانی دیکەى تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە جێبەجێ بکرێت.
رۆژی 26ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئیدارەی بایدن رەزامەندی دا لەسەر داوای تورکیا و هەر ئەو ڕۆژە رەوانەی کۆنگرێس کرا بۆ تاوتوێکردنی، بەگوێرەی یاساش، ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا کۆنگرێس تەنها 15 رۆژ مۆڵەتی هەیە داواکارییەکان رەت بکاتەوە، ئێستا کە زیاتر لە 20 رۆژ تێپەڕبووە، بە مانای پەسەندکردنی دێت لەلایەن کۆنگرێسیشەوە.
فڕۆکەى ئێف 16 رۆڵێکى بەرچاوى لە بوارى بەرگریی تورکیا هەیە، لەساڵى 1987ـەوە تاوەکو 2012، تورکیا 270 فڕۆکەى ئێف 16ى لە ئەمریکا کڕیوە.
تورکیا لە ساڵى 2021دا بە فەرمى دواى کرینى 40 فڕۆکەى ئێف 16 لە ئەمریکا کردووە، بەڵام کۆنگرێس رێگربووە لە فرۆشتنى فڕۆکە بە تورکیا، بەڵام کاتێک لە 24ى کانوونى دووەمى 2024، پەرلەمانى تورکیا بە زۆرینەى دەنگ ئەندامێتى سویدی لە ناتۆ پەسەند کرد، ئەمەش لە چوارچێوەى رێککەوتنى نێوان بایدن و ئەردۆغان هاتەئاراوە بەرامبەر بە پێدانى فڕۆکەى ئێف 16، کۆنگرێسی ئەمریکا ئەمجارە داواکەی تورکیای رەت نەکردەوە.