زووم:
میسر سەرقاڵی ئامادەکردنی ناوچەیەکە لەسەر سنووری غەزە تاوەکو لە ئەگەری دەستپێکردنی کردەی سەربازیی ئیسرائیل لە رەفەح و کۆڕەوی خەڵکەکەی بەرەو میسر، لەو ناوچەیە جێگیربکرێن، ئەوەش بەگوێرەی چوار سەرچاوەی ئاگادار بۆ رۆیتەرز.
میسر کە بە بەردەوامی بوونی وەها ئامادەکارییەک رەتدەکاتەوە، زوو زوو هۆشداری دەداتە کە کردە سەربازیی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح دەبێتەهۆی ئاوارەکردنی فەڵەستینییەکان بۆ دوورگەی سینای میسری، قاهیرە جەختدەکاتەوە کە ئەوە قبوڵکراو نییە و وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپی و عەرەبیش هۆشداری دەدەن و دژی ئۆپراسیۆنەکەن.
یەکێک لە سەرچاوەکان بە رۆیتەرزی گوتووە، میسر گەشبین بوو بەوەی دانووستانەکان لەبارەى رێککەوتنی ئاگربەست رێگری لەو سیناریۆیە بگرێت، بەڵام ئێستا خەریکی بنیادنانی ناوچەیەکی کاتییە و ئامادەکاری پێشوەختە دەکات بۆی.
هاوکات سێ سەرچاوەی ئەمنی بە ئاژانسەکەیان گوتووە، ئامادەکارییەکان لە ناوچەیەکی بیابانی دەستیپێکردووە و چەند کەلوپەلێکی سەرەتا تێدا دانراوە بۆ لەخۆگرتنی فەڵەستینییەکان.
ئیسرائیل رایگەیاندووە کە بەنیازە هێرش بکاتەسەر شارۆچکەی رەفەح کە ئێستا یەک ملیۆن کەسی تێدایە بۆئەوەی دواین بنکەی حەماس لەناوببات، ئیسرائیل دەڵێت پلانی هەیە خەڵکی ناو رەفەح بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە لەناو کەرتی غەزەدا، بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوە بە “خەون” دەزانێت و دەڵێت، خەڵکی غەزە بەرەو سنوورەکانی میسر دەڕۆن ئەگەر ئەو ئۆپراسیۆنە دەستپێبکات و ئەوەش کابووس دەبێت بۆ میسر.
هەر بە گوێرەی سەرچاوەکانی رۆیتەرز، پرۆسەی درووستکردنی ناوچەکە سێ بۆ چوار رۆژە دەستیپێکردووە و شوێنێکی کاتی دەبێت بۆ خەڵکی غەزە تا ئەو کاتەی دانووستانەکانی ئاگربەست دەگەنە ئەنجام.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، دامەزراوەی سینا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی مرۆییە چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە کە بارهەڵگر و کرینەکانی بیناسازی لە ناوچەکەدا کاردەکەن و وێنەی بەربەستە کۆنکرێتییەکان نیشان دەدەن.
دامەزراوەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە کە کارەکانی بیناسازی بە مەبەستی دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو و سەلامەتە لە ئەگەری کۆچی بەکۆمەڵی فەڵەستینییەکان.