زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرق ئەوسەت
میری کوەیت پەرلەمانی وڵاتەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، لەوانەیە لە ماوەی دوو مانگدا هەڵبژاردنێکی تازە ئەنجام بدرێت
مشعەل ئەحمەد جابر ئەلسەباح بە دەرکردنی مەرسومێکی ئەمیری، پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و پێدەچێت ئەم هەڵوەشاندنەوەیە وەڵامی میر بێت بۆ یەکەمین قەیرانی سیاسی کە پەرلەمان بۆ دەسەڵاتی میری درووستکردووە.
هۆکاری ئەم بڕیارەی میر ئەوەیە، لە دانیشتنێکی پەرلەماندا ئەندامێک هەندێک قسەی نەشیاوی کردووە کە راستەوخۆ میری وڵاتەکەی گرتووەتەوە، پەرلەمانیش ئامادە نییە ئەو قسانەی ناوبراو لە پرۆتۆکۆلەکان بسڕێتەوە، ئەمەش بووە بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانێک لە پەیوەندییەکانی نێوانی حکومەت و پەرلەماندا.
ئەلعەرەب
سعودیە دەیەوێت بۆ رکابەریی ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا بەهێز بکات و هەندێکیش لە قەڵەمڕەوی روسیا بچێتە دەرەوە
عەبدولعەزیزی بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە سەردانی عێراقی کردوە و دەیەوێت پەرە بە مامەڵەکردنی نێوانی ئەم دوو وڵاتە بدات لە بواری وزەدا. ئەمە هەوڵێکی ریازە و دەیەوێت لە مامەڵەکردندا لەگەڵ عێراق بگاتە ئاستی ئێران، چونکە سعودیە ئاگاداری ئەوەیە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق گەشتووە بە چ ئاستێک، رەنگە ئەمە هەوڵێکی سعودیەش بێت بۆ خۆدەربازکردن لە قەڵەمڕەوی ئەو فشارەی کە روسیا لەناو رێکخراوی ئۆپکدا دەیخاتە سەری.
عەرەبی جەدید
ئیسرائیل دوای دوو هەفتە گەمارۆدان، پەلاماری نەخۆشخانەی ناسری دا
هێزی داگیرکەری ئیسرائیلی، پاش دوو حەفتەی بەردەوام لە گەمارۆدانی خان یونس، بەرەبەیانی دوێنێ پەلاماری نەخۆشخانەی ناسری دا لەو شارە. 24 کاتژمێر پێش ئەو پەلاماردانە وەک دۆزەخێک وابوو بۆ نەخۆشەکان و ستافی پزیشکی نەخۆشخانەکەش بە بەهانەی گەڕان بەدوای چەکدارانی حەماسدا، لە ناو نەخۆشخانەکەدا، کارەساتیان قەوماندووە.
قودسی عەرەبی
ئیسرائیل لە 24 کاتژمێردا نۆ قەسابخانەی لە غەزە ئەنجامداوە
هێزەکانی ئیسرائیل نۆ کۆمەڵکوژییان لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە غەزە ئەنجامداوە، ئونرواش رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی بووەتەوە و سوپای ئیسرائیلیش پەلاماری ناوەندێکی پزیشکی دەدات.
ئەم راپۆرتە دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوێنێ پێنجشەممە لە کەرتی غەزە چەند شوێنێکیان بۆردوومان کردووە، ژمارەیەک کەس کوژراون، منداڵیشیان تێدایە، هێزی پیادە چونەتە ناو نەخۆشخانەی ناسرەوە و کردوویانە بە بارەگای سەربازی.
ژمارەیەک هاوڵاتی لە شوێنە جیاجیاکان بەهۆی بۆردوومانەوە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژنامە ئینگلیزیییەکان
عەرەب نیوز
ئەمریکا دەڵێت دەستیان بەسەر 200 کارتۆن کەرەستەی چەک و موشەکيی ئێرانیدا گرتووە کە بۆ حوسییەکان رەوانە کراون.
هێزی دەریایی ئەمریکی رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە دەستیان بەسەر چەند بارێک کەرەستەی چەک و مووشەک گرتووە کە ئێران بۆ گروپی حوسییەکانی یەمەنی ناردووە، بۆئەوەی لە پەلاماردانی هێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەدا بەکاریبهێنن. ئەو بارە لە سەر دەریای سوور دەستی بەسەرداگیراوە. ئەم دەستبەسەرداگرتنە بەشێکە لە هەڵمەتێکی فراوانتر کە هێزە ئەمریکی و بەریتانییەکان لە سنورەکانی دەریای سوور ئەنجامی دەدەن، بۆ کەمکردنەوەی ئەو پەلامارانەی حوسییەکان لەو ناوچەیە ئەنجامی دەدەن.
تایمز
بەشێک لەو کۆچبەرانەی بە بەلەمە بچووکەکان پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، سیخوڕن و پلانیان هەیە لە ئایندەدا تاوان ئەنجام بدەن
مانشێتی سەرەکیی رۆژنامەی تایمز دەڵێت، کارمەندانی دەزگای ئاسایشی بەریتانیا دەڵێن چەند کۆچبەرێک کە بە بەلەمی بچوک پەڕیونەتەوە بۆنێو بەریتانیا، پلانی ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی و تاوانی جدییان هەیە، ئەوکەسانە رێگای بەلەمەکان وەک دەرگای حەوشەی پشتەوە بەکاردەهێنن بۆئەوەی بگەن بەو وڵاتە.
رۆبەرت جەنریک لە دەزگای ئاسایشی بەریتانیا دەڵێت، بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان لایە کە دەیسەلمێنێت ئەوکەسانە بە بەلەم هاتوون بۆ بەریتانیا لە تاوانەوە گلاون.
فاینەنشیەڵ تایمز
ڤۆن دەرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا: پێویستە یەکێتی ئەوروپا کەرتی بەرگری بەهێز بکات چونکە رەوشی جیهان بەرەو ئاڵۆزبوون دەچێت
ڤۆن دەرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا دەڵێت، پێویستە یەکێتیی ئەوروپا پیشەسازیی بەرگری و سەربازیی خۆی پەرەپێبدات، ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکاتەوە و پەرە بە چەکەکانی بدات، لەبارەى هۆکارەکەوە هۆشداری دا و گوتی، رەوشی جیهان ئاڵۆز بووە.
گاردیەن
سەرەکوەزیرانی بەریتانیا هۆشداریی دا: بەریتانیا رووی لە قەیران کردووە و پێویستی بە سکهەڵگوشین هەیە
ئەوەی ئێستا لە بەریتانیا روودەدات درێژترین ماوەی دابەزینی ئاستی بژێوی و خۆشگوزەرانی ژیانە لە ماوەی 70 ساڵی رابوردوودا.
بەوهۆیەوە، سەرۆکوەزیران ریشی سوناک هۆشداریی دا کە پێویستیان بەوە دەبێت ساسەتێکی سکهەڵگوشینی تازە دەستپێبکەن، چونکە لە 70 ساڵی رابردوودا دابەزینی ئاوا لە ئاستی گوزەرانی خەڵک رووی نەداوە، لەبەرئەوە حکومەت لە ئیدارەدانی ئابوری و رەوشی گەنجینەی دەوڵەتدا کەوتووەتە قەیرانەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
کانە ئاڵتونییەکەی ئەرزینجان تورکییە، ئەو کرێکارانەی مردوون تورکن و ئەوانەشی دەستگیرکراون تورکن، بەڵام خێرەکەی بیانییەکان دەیبەن
کانە ئاڵتوونییەکەی ئەرزینجان تورکییە، کرێکارەکانی تورکن، ئەوانەى مردوون تورکن، ئەوانەی دەستگیرکراون تورکن، بەڵام ئەوانەى خێرى کانەکە دەبەن بیانین، چونکە کۆمپانیایەکی ئەمریکی خاوەندارێتی دەکات.
لێرەدا چەند پرسیارێک دروست دەبێت؛
1- بۆچى کانە ئاڵتونییەکە لەلایەن بیانییەکانەوە خاوەندارێتى دەکرێت؟
2- بۆچی هاوڵاتیانی تورک ماڵ و گیانیان لەدەستدەدەن؟
3- بۆچى تورکیا خۆى ئاڵتون لە کانەکانى وڵاتەکەى دەرناهێنێت؟
جمهورییەت
دانەوەى قەرزەکان بڕێکى زۆر لە بودجە دەبات
حکومەت ئومێدى بە بودجەى 2024 هەبوو بەڵام لە یەکەم مانگى ئەمساڵدا بودجە کورتهێنانى بەرچاو بەخۆیەوە بینیوە.
بە بەراوردى مانگى کانونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ هەمان مانگى ساڵى رابردوو، کورتهێنانى بودجە دەکاتە 150.7 ملیار لیرە، دانەوەى قەرزەکان تادێت زیاتر دەبێت و گەیشتووەتە 466.9% کە دەکاتە 121.1 ملیار لیرە.
میللییەت
سلێمانى لە پەکەکە ئاگاداردەکرێتەوە
ئەردۆغان لەناو فڕۆکەکەیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەم جۆرە ئاگادارکردەوە: کاتێ بابەتەکە پەیوەست دەبێت بە ئاسایشی وڵاتەکەمانەوە، ئەوا هەموو دەرگاکان لەسەریان دادەخەین و چی پێویست بکات هەنگاوى بۆ دەنێین. سەرەڕاى ئەوەى دەیانجار یەکێتییمان ئاگادارکردووەتەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام ئەوان دەستیان لەناودەستى پەکەکە، یەپەگە و پەیەدەیە.
کەس چاوەڕێی سەبر و ئارامیمان لێنەکات، هەنگاوى پێویست بۆ ئەو مەبەستە دەنێین
ئەکشام
لە مانگى حوزەیراندا وادەى رادەستکردنى ئێف 16 دەستپێدەکات
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە چاوەڕێ دەکرێت لەمانگى حوزەیران و تەموزدا، پڕۆسەى رادەستکردنى فڕۆکەى ئێف 16 لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا دەستپێبکات، لەو ماوەیەشدا نۆژەنکردنەوەى فڕۆکە جەنگییەکانی دیکەش دەکرێت.