زووم..
دەسەڵاتی دادوەری عێراق گەڕاندنەوەی هاوسەر و منداڵەکانی ئەبوبەکر بەغدادی، یەکەم سەرۆکی داعشی راگەیاند و ئاژانسی فرانس پرێسیش دەڵێت “لە تورکیا بوون”.
دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانی ئەبوبەکر بەغدادی لە دەرەوەی عێراق گەڕێنراونەتەوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدان، بەڵام زانیاری زیاتری نەداوە ئاخۆ چەند کەسن، یاخود لە چ وڵاتێکەوە گەڕێنراونەتەوە.
بەڵام سەرچاوەیەک لە دەسەڵاتی دادوەری عێراقی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، “دەزگای هەواڵگریی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا هاوسەر و منداڵەکانی بەغدادی گەڕاندووەتەوە کە لە تورکیا دەستبەسەرکرابوون.”
لە راگەیەنراوەکەی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخدا هاتووە، گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە لە چوارچێوەی پلانێکە بۆ گەڕاندنەوەی تۆمەتبارانی کەیسی تیرۆر کە هەڵهاتوون بۆ دەرەوەی عێراق.
دەشڵێت، “هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەگەڵیان بۆ ئاشکرایکردنی گرنگترین نهێنییەکانی سەرانی داعش.”
راگەیەنراوەکەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق لەکاتێکدایە ئەمڕۆ کەناڵی ئەلعەرەبییەی سعودیە رایگەیاند کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ هاوسەری ئەبوبەکر بەغدادیدا کردووە بە ناوی “ئەسما محەمەد”.
مانگی تشرینی 2019، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستبەسەرکردنی هاوسەری بەغدادی و 10 کەسی دیکەیان راگەیاند کە کچەکەشی تێدابوو، هەر ئەو کاتە گوتیان کە ئەوان لە حوزەیرانی 2018دا لە پارێزگای هاتای لە نزیک سنووری سوریا دەستگیرکراون.
هەر ئەو کاتە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە کە هاوسەرەکەی بەغدادی ناوی ئەسمایە و کچەکەشی ناوی لەیلایە.
لە تشرینی ساڵی 2019دا، ئەمریکا کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی لە بۆردومانێکی ئاسمانیدا لە ناوچەیەکی باکووری رۆژئاوای سوریا راگەیاند کە چەند کیلۆمەترێک لە سنوری تورکیاوە دوورە.