رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا، بە زمانێکى هەڕەشە لەبارەى سلێمانى و یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان قسە دەکات و دەڵێت، “بە راشکاوانە یەکێتییمان ئاگادارکردووە و کەس چاوەڕوانى هەڵوێستى ئەرێنى لە ئێمە نەکات”.
لە تورکیا وەک کلتورى لێهاتووە، سەرۆککۆمار کاتێک سەردانى وڵاتێک دەکات، هەندێک رۆژنامەنووسی دەستەبژێرى خۆى لەگەڵیدا گەشت دەکەن، لەنێو فڕۆکەکەدا گفتوگۆى زۆر پرس دەکەن. بۆ نمونە ئەمڕۆ لەکاتى گەڕانەوەیان لە میسر ئەردۆغان باسی لە ناوەرۆکى سەردانەکەى یەشار گولەر، وەزیرى بەرگریی وڵاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان کردووە، ئەمە بە گێڕانەوەى ماڵپەڕى T24.
ئەردۆغان گوتوویەتى، “چەندینجار ئیدارەى سلێمانی (یەکێتى)ـیمان ئاگادارکردووەتەوە، دوورى نێوان خۆیان و پەکەکە بپارێزن، پێمانوتون خەریکە پەکەکە لەوێ خۆیان رێکدەخەن، پێویستە رێگەیان نەدەن، ئەگەرنا تورکیا پشتان لێدەکات و ئێوە بە تەنها دەمێننەوە”.
ئەردۆغان ستایشی پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەولێر کردووە و گوتوویەتى، “لەکاتێکدا سلێمانى هەمیشە لەبەرچاومان بووە و جێی بایەخ بووە، بەهۆى ئەوەى نەژادی ئێمە لەوێ ژیاون. هەولێر لەبارەى روبەڕووبونەوەى تیرۆر هەماهەنگى تەواوى نیشانداوە، جێى داخە سەرەراى ئەوەى دەیانجار یەکێتی-مان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام ئەوان بەردەوامن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە”.
یەشار گولەر رۆژانى شەش و حەوتى ئەم مانگە سەردانى هەولێرى کرد و بەجیا لەگەڵ مەسعود بارزانى، نێچیرڤان بارزانى، مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى و لایەنە تورکمانییەکان کۆبووەوە.
لەبارەى سەردانەکە ئەردۆغان گوتویەتى،”لەسەردانەکە راشکاوانە لەگەڵ یەکێتى بۆچونى خۆمان دەربڕیوە و لەبارەى پەکەکە ئاگادارمان کردونەتەوە، کەس چاوەڕێى هەڵوێستی ئەرێنى لە ئێمە نەکات و تورکیا کاردانەوەى خۆى دەبێت”.
ئەردۆغان بە زمانێکى هەڕەشە و دەڵێت، پاشگەز نابینەوە، “ئەوەى لەدەستمان بێت هەنگاوى بۆدەنێین”. لەهەموو بابەتێکدا چاوپۆشی بکەین، لەم پرسەدا چاوپۆشی ناکەین”.
ئەردۆغان باسی داخستنى دەرگاکانى گفتوگۆ دەکات و دەڵێت، “ئەوانەى ئامانجیان ئەوەیە خزمەتى دوژمنەکانی ئێمە بکەن وەڵامیان دەدەینەوە، چونکە کاتێ مەسەلەکە پەیوەست بێت بە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە ئەوا هەموو دەرگاکانى گفتوگۆ دادەخەین و هەنگاوى دیکەى بۆ دەنێین. هیچ گومان لەوە ناکەین کە هەنگاوى کرداریی بۆ بنێین”.