سوپاى پاسدارانى ئێران رایگەیاند، بەهۆى شکستهێنانى هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ دەرکردنى گروپە کوردییەکان لە عێراق، ئەمڕۆ هەرێمى کوردستانیان بۆردومانکرد، دەشڵێت ئاسایشى سنورەکان و ناوخۆى ئێران هێڵى سوورە و پێویستە بەرپرسانى عێراق و هەرێمى کوردستان بە وەفابن بۆ پرەنسیپی دراوسێیەتى باش.
پاش زیاتر لە مانگێک لە راگرتنى هێرشەکانى بۆسەر بنکە و بارەگاى حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵات لە هەرێمى کوردستان، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە 14ى تشرینى دووەمى 2022 جارێکى دیکە سوپاى پاسداران هێرشەکانى دەستپێکردەوە و لە کۆیە بە موشەک هێرشى کردە سەر بنکە و بارەگاکانى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگەى ئەو حزبە کوژران و ژمارەیەک پێشمەرگەش برینداربوون، لە زڕگوێزی نزیک سلێمانیش بە درۆنى بۆمبڕێژکراو هێرشى کردە سەر بارەگاى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستان، بەڵام بەرپرسانى ئەو حزبە دەڵێن هیچ زیانێکى گیانیان نەبووە، هەروەها لە ناوچە سنورییەکانى برادۆست تۆپبارانى بارەگاکانى ئەو حزبەى کرد.
دەستپێکردنەوەى هێرشەکان بەهۆى شکستهێنانى هەوڵە دیبلۆماسییەکان بووە
پاش هێرشەکانى ئەمڕۆ، سوپاى پاسدارانى ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دەستپێکردنەوەى هێرشەکان بەهۆى شکستهێنانى هەوڵە دیبلۆماسییەکان بووە بۆ دەرکردنى گروپە کوردییەکان لە عێراق کە ئەو بە “تیرۆریست” ناوى بردوون.
لە راگەیەندراوەکەدا سوپاى پاسداران داوا لە حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکات کە پابەندبن بە بەڵێنەکانیانەوە بۆ پاراستنى ئاسایشى سنورە هاوبەشەکانى نێوانیان، هەروەها سوپاى پاسداران داواى چەکداماڵین و دەرکردنى حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵات دەکات لە هەرێمى کوردستان و دەڵێت “ئەمە داواکارییەکى یاسایی و رەوایە”.
17ى ئەیلولى رابردوو، پاش رۆژێک لە گیانلەدەستدانى ژینا ئەمینى، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان دەستیپێکرد، ئێران هەر زوو حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵاتى بەوە تۆمەتبارکرد کە هانى خەڵک دەدەن بۆ “ئاڵۆزیی و ئاژاوەگێڕیی”، هەفتەیەک دواى ئەوە و بە دیاریکراوى لە 24ى ئەیلول، سوپاى پاسدارانى ئێران هێرشەکانى بۆسەر بارەگاى حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵات دەستپێکرد کە لە سەرەتادا لە ناوچە سنورییەکان بۆردومانى بارەگاکانیانى دەکرد، بەڵام رۆژى 29ى ئەیلول لە قوڵایی خاکى هەرێمى کوردستان بە درۆنى خۆکوژ و موشەک، بنکە و بارەگاکانى ئەو حزبانەى لە کۆیە و زڕگوێز و پردێ کردە ئامانج کە بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکان دادەنرێت و لە ئاکامدا 17 کوژراو و زیاتر لە 50 برینداری لێکەوتەوە، لەنێوانیاندا ژن و منداڵ هەبوون.
لە 9ى تشرینى دووەمى 2022 و پاش 16 رۆژ لە هێرشى بەردەوام بۆسەر خاکى هەرێمى کوردستان، سوپاى پاسداران هێرشەکانى بۆسەر بنکە و بارەگاکانى حزبەکانى رۆژهەڵات راگرت و ئاماژەى بەوەدا بەردەوامى هێرشەکان دەوەستێتە سەر هەڵوێستى داهاتووى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
هەر لەو کاتەدا سوپاى پاسداران رایگەیاند، ئەگەر بەرپرسانى هەرێمى کوردستان رێوشوێنى گونجاو بەرامبەر حزبە جوداخواز و دژبەرەکانى ئێران بگرنەبەر، ئەوا ئاگربەست بەردەوام دەبێت.