زووم:
زوومی رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
دروستکردنى هەرێمى ئەنبار بۆ سوننەکان دێتەوە بەرباس
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانى بەرکەنارکردن و لادانى حزبی تەقەدوم و خودى محەمەد حەلبوسی و پەراوێزخستنى سوننەکانى عێراق، جارێکی تر پرسی جیاکردنەوەى هەرێمێک بۆ سوننەکان لە ئەنبار هاتوەتەوە بەرباس و حزبەکەى حەلبوسیش لەو پارێزگایەدا پلەى یەکەمى هەڵبژاردنى پارێزگاکانى عێراقى بەدەستهێناوە، ئەم هەوڵە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی 2005 و لەکاتى پەسەندکردنى دەستووردا هەردوو پێکهاتەى کورد و شیعە پشتگیریی دروستکردنى هەرێمەکانیان دەکرد و سوننەکانیش لەدژى بوون.
سەباح
پڕچەککردنى سوپا ئەرکى سەرەکی حکومەتەکەى سودانییە
لە پێناوى پاراستنى سەروەری عێراقدا، دامەزراوە ئەمنییەکانى عێراق داواى نوێکردنەوەى سیستمى بەرگریی دەکەن، سوپاو هێزە ئەمنییەکانى عێراق لە ئاستى پێویستدانین و چەکی پێویستیان لەبەردەستدا نییە، ئاسمان و سنوورەکانى عێراق لەبەردەم هەموو هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکاندا کراوەیە، پێویستى بە راداری پێشکەوتوو، سیستمى بەرگریی و دابینکردنى بودجەى تایبەت هەیە.
دەستورى عێراقی
پەرلەمانتارێکى عێراق داوا لە ئەمریکا دەکات چەندبانکێکى دیکەى وڵاتەکەى سزا بدرێت
ئیخڵاس دلێمی ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق داوا لە وەزارەتى گەنجینەکانى ئەمریکا دەکات ژمارەیەک بانکی دیکەى وڵاتەکەى بخاتە لیستى رەشەوە و سزایان بدات، لەبەر ئەوەى هێشتا چارەسەرى بردنە دەرەوەى دۆلار کۆتایی نەهاتووەو بانکی ناوەندیش ناتوانێت چارەسەرى بنبڕی بکات و ژمارەیەک بانکى عێراق تا ئێستا بەردەوامن و بەو هۆیەوە ئەو پەرلەمانتارە داواى کردووە ژمارەیەکى تر لە بانکەکان بخرێنە لیستى رەشەوە.
عەرەبی جەدید
خەڵوەتگەکانى پیران لە عێراق تواناى دابینکردنى پێداویستییەکانیان نییە
بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەى (العربی جدید) عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى زۆرترین توندوتیژیی خێزانى تێدایە، ژمارەیەکى زۆریش لە دایکان و باوکان لەسەرجادەکان رۆژدەکەنەوە و بێلانەن بەتایبەتى لە شارەگەورەکاندا، حکومەتیش ناتوانێت کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات، ئەو خەڵوەتگایانەش کە کردویەتییەوە پێداویستییە تەندروستى، دەرونى، رۆشنبیرییەکانیان بۆ دەستەبەرناکات، بەگوێرەى راپۆرتەکە هەموو کەسێک لەو خەڵوەتگایانەدا پێویستى بە 600 هەزار دینار دەبێت و ئەوانەشیان کە تووشى نەخۆشییە درێژخایەنەکان بوون زیارتریان پێویستە.
زوومی رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
دژایەتی جووەکان لە بەریتانیا گەیشتووەتە خراپترین ئاست لەماوەی 40 ساڵی رابردوودا
هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و پاشهاتەکانی دژایەتیکردنی جووەکان لە بەریتانیا بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردووەتەوە لەماوەی 40 ساڵی رابردوودا، وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش ئیدانەی ئەو بەرزبوونەوەیە دەکات.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی خێرخوازیی رووداوەکانی پەیوەست بەو پرسەوە بەڕێژەی لەسەدا 150 زیادیان کردووە و تەنها لەمساڵدا 4,000 حاڵەتی دژایەتیکردنی جووەکان لەو وڵاتەدا تۆمارکراون. هەربۆیە رێکخراوەکان داوای پاراستنی کۆمەڵگەی جووەکان دەکات.
گاردیەن
دەنگدان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی تازە لە غەزە پەرلەمانتارانی پارتى کرێکارانى بەریتانیاى کردووە بە دووبەرەوە
کەیر ستامەری سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی تازە دەبێتەوە لەکاتێکدا پەرلەمانتاران بەنیازن هەفتەی داهاتوو لە جوڵەیەکی دیکەی پەرلەمانیدا دەنگبدەن لەسەر راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەست لە غەزە. ئەمەش پارتەکەی ستامەری کردووە بە دووبەرەوە و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو کاندیدی دیکەی پارتەکەی بەهۆی لێدوانەکانیان دژی ئیسرائیل رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆری لایەنگرانیان بوونەوە و ناچار بە دەستلەکارکێشانەوەیان کردن.
واشنتن پۆست
بەرپرسانى ئەمریکا نیگەرانن لە هەوڵەکانى روسیا بۆ پەرەپێدانی بنکەیەکی سەربازیی لە بۆشایی ئاسماندا
روسیا خەریکی پەرەپێدانی بنکەیەکی سەربازییە لە بۆشایی ئاسماندا کە بووەتەهۆی نیگەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە نیگەرانن لەوەی بنکەکە مەترسییەکی گەورە بۆسەر ئەمریکا و هاوپەیمانان درووست بکات، بەتایبەتیش زیان گەیاندن بە مانگە دەستکردە گرنگەکانی هەواڵگریی و پەیوەندیکردن لەڕێگەی چەکی ئەتۆمییەوە. چەند بەرپرسێکی ئەمریکا باسیان لەوەکردووە حکومەتی روسیا تاقیکرنەوەی لەسەر بەکارهێنانی تەقینەوەی ئەتۆمیی و وزەی ئاراستەکراوی لە دژی مانگە دەستکردەکان بەکارهێناوە، هەربۆیە پێشبینی پێشهاتی مەترسیدار دەکەن لەوباریەوە.
زوومی رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
تورکیا و میسر: لە پاش 12 ساڵ دەستپێکێکى گەرم
ئەردۆغان لە پاش 12 ساڵ سەردانى میسرى کرد و گوتى، جێی شانازییە هاتومەتە میسر. لەهەوڵى ئەوەداین بەزووترین کات پەیوەندییەکانمان بگەیەنینە ئاستێکى باڵا، هەردوولا رێککەوتووین ئاڵوگۆڕى بازرگانیمان بگەیەنینە 15 ملیاردۆلار. بڕیاریشە لەمانگى نیساندا عەبدولفەتاح سیسی سەردانى ئەنقەرە بکات.
جمهورییەت
لە تورکیا 40 ملیۆن کەس قەرزارى بانکەکانن
هاوڵاتیانى تورکیا رۆژ بە رۆژ زیاتر قەرزارى بانکەکان دەبن. لەماوەى ساڵێکدا ئەوانەى قەرزیان لە بانک وەرگرتووە بەڕێژەى دوو ملیۆن و 700 هەزار کەس زیادیکردووە. رێژەى تەواوى ئەوانەى قەرزیان لەلاى بانک و دەوڵەتە گەیشتووەتە 39.9 ملیۆن کەس. قەبارەى قەرزەکەش 2.7 ترلیۆن لیرەیە. لە تورکیا هەمووان بە قەرز دەژین.
ئەکشام
تورکیا جارێکی دیکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاگاداردەکاتەوە
ئۆزجو کێچەلى، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، لە سلێمانى نەخۆشخانەیەکى تایبەت بە پەکەکە تەرخانکراوە، جارێکی دیکە یەکێتیمان ئاگادارکردەوە دوورى نێوان خۆیان و پەکەکە بپارێزن.
بیرگون
ماستەرپلانى پڕۆژەى گەرووى ئیستەنبوڵ رەتکرایەوە
بە بڕیارى دادگا ماستەرپلانى پڕۆژەى گەرووى ئیستەنبوڵ رەتکرایەوە. ماستەرپلانەکە لەلایەن موراد قوروم کاندیدى ئێستاى ئاک پارتى پێشکەش کرابوو لەسەردەمى وەزیرى ژینگە و شارسازیی بووە. دۆسیەکە لەلایەن گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵەوە بەدادگا درابوو، دادگا ماستەرپلانەکەى رەتکردەوە، بە پاساوی ئەوەى لە رووى یاساییەوە گونجاو نییە.
زوومی رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
پێویستە خەڵکى ئێران دەنگ بە 1,700 کاندیدى پەسەندکراوى ژن بدەن
ئەنسیە خەزعەلی، جێگری کاروباری ژنان و خێزانی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: “هەزار و 700 ژن ناویان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنی دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان کە هیوادارین خەڵک لە کاتی دەنگدان زیاتر گرنگی بە کاندیدی ژن بدەن”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە زۆرترین رێژەی کاندیدکردنى ژنانە و هەروەها پڕۆژەیاسای “باشترکردنی ئاسایشی ژنان” لە حکومەت قۆناغەکانی کۆتایی تێپەڕاندووە و رەوانەی پەرلەمان کراوە و چاوەڕێی پەرلەمان دەکەین دەنگی لەسەر بدات و پەسند بکرێت.
شەهروەند
کاری دەستفرۆشی لە ئێران دەبێتە فەرمی
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخستنی پیشەکانی تاران دەستپێکردنی ناسینەوەی دەستفرۆشەکانی لە دوو هەفتەی داهاتووەوە راگەیاند و گوتی: “کاری دەستفرۆشی دەبێتە فەرمی”.
سەعید بەیگی گوتیشی: “کاتێک ئێمە دەستمان بەسەر شارەوانیدا گرت، رووبەڕووی ژینگەیەکی پشێوی دەستفرۆشەکان بووینەوە، یەکێک لە کێشەکان ئەوە بوو کە زۆر شوێنی شارەکە درا بە ئەو دەستفرۆشانەی کە بڕوانامەی فەرمیان نەبووە و هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە لەبەردەستدا نەبووە کە ئەمەش بڕیاردانی لەسەریان قورستر دەکرد؛ چونکە نەماندەزانی چەند کەسن و دیار نەبوو دەستفرۆشی راستەقینە کێیە بۆیە بڕیارماندا کە شێوازەکە بگۆڕدرێت و دەستفرۆشەکان لەلایەن ڕێکخراوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بڕوانامە وەرگرن و بیمە بکرێن.
قودس
قەرز بەو کەسانە دەدرێت کە کۆچى پێچەوانە بۆ گوندەکان دەکەن
جێگری سەرۆکی دەزگای نیشتەجێکردن بە روونکردنەوەی وردەکارییەکانی قەرزی کۆچی پێچەوانە بۆ گوندەکان گوتی: سیستەمی ناونوسینی پێدانی زەوی لە گوندەکان بەم زووانە دەکرێتەوە.
مەجید جودی بە ئاماژەدان بە پلانی حکومەت بۆ هاندانی خەڵک بۆ کۆچکردن بۆ گوندەکان رایگەیاند: بە گوێرەی پلانەکە یەک ملیۆن پارچە زەوی دەدرێتە خەڵک و تا ئێستاش 600 هەزار پارچە زەوی دابەش کراوە کە بە کرێی 99 ساڵە دەدرێت بەو کەسانەی لە شارەکانەوە کۆچی گوند دەکەن.
داواکاران دەتوانن یەکەی نیشتەجێبوون لەو زەویانە دروست بکەن بە وەرگرتنی قەرزی 10 هەزار دۆلار لە بزووتنەوەی نیشتەجێبوونی نیشتمانی.
ئەبرار
لە ساڵی رابردوودا یەک ملیۆن و 200 هەزار گەشتیاریی تەندروستی لە 164ـەوڵاتەوە هاتوونەتە ئێران
جێگری بەڕێوەبەری وەزارەتی تەندروستی و چارەسەری و پەروەردەی پزیشکی رایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا ملیۆنێک و دوو سەد هەزار گەشتیاری تەندروستی لە 164 نەتەوەی جیاوازەوە سەردانی وڵاتەکەیان کردووە و دەڵێت: ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دراوی بیانی لە رێگەی گەشتیاری تەندروستییەوە دەچێتە ناو ئێرانەوە.
سەعید کەریمی زیادیشی کرد: ئێران لە ریزبەندی جیهانی کە پەیمانگایەکی ئەمریکی سەبارەت بە گەشتیاری پزیشکی کردوویەتی، لە ڕیزبەندی 46ی وڵاتانی جیهاندا بووە.
بە وتەی ناوبراو زۆرترین گەشتیارە تەندروستییەکان کە سەردانی ئێران دەکەن پەیوەندییان بە 10 وڵاتی دراوسێوە هەیە، عێراق و ئەفغانستانیش لە پلە باڵاکاندان و پاکستان، عومان، بەحرەین، ئەرمینیا و تاجیکستانیش لە ڕیزەکانی داهاتوودان و ئەو وڵاتانەی ئاماژەیان پێکراوە سەرچاوەی زیاتر لە 90%ی گەشتیارانی تەندروستی ئێرانن.