زووم..
مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتیی هێزەکانى سوریاى دیموکرات راگەیاند، ئیدارەى واشنتن گفتى بە ئێمە داوە هێزەکانیان لە رۆژاڤا نەکشێننەوە و تورکیاش فڕۆکەى F16 لەدژى ئێمە بەکارنەهێنێت.
بەگوێرەى هەواڵێکى پێگەى بیانەت، مەزڵوم عەبدى لە رێگەى ئۆنلاینەوە بەشداری لە کۆنفرانسێکى تایبەت بە پرسى ئاسایش کردووە و قسەى لەبارەى چەند قرسێک کرد ئەوانیش؛ پرسی کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا، فرۆشتنى فڕۆکەى F16ـى ئەمریکى بە تورکیا وهێرشەکانى تورکیا بۆسەر رۆژاڤاى کوردستان.
مەزڵوم عەبدى گوتى، واشتنت پێی رایگەیاندوین، تورکیا ئەو فڕۆکانە لە دژى هێزەکانى ئێمە و هاوپەیمانەکانمان بەکارنایەت.
لە دواى رەزامەندى پەرلەمانى تورکیا بۆ ئەندامبوونى سوید، ئەمریکا رەزامەندى دەربڕى بۆ فرۆشتنى 40 فڕۆکەى F16 بە تورکیا و چاککردنەوەى 79 فڕۆکەى دیکەى تورکیا.
مەزڵوم عەبدى، لەبارەى زیانەکانى هێرشەکانى تورکیا گوتى، هێرشەکانى دوو مانگى رابردووى تورکیا بۆ سەر رۆژاڤاى کوردستان زیانی زۆرى بە ژێرخانى ناوچەکە گەیاندووە و بۆ هاوکارى خەڵکى ناوچەکەش نیوەى بودجەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات خەرجکراوە.
لە ئەگەرى کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە رۆژاڤا، بۆشاییەکى ئەمنى دروست دەبێت بەتایبەتى لەم کاتەدا کە داعش لە جمومۆڵى خۆ دروستکردنەوەدایە.
پرسی کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا، لە عێراق زیاتر پرسێکى گەرمە، لە دواى دەستپێکردنەوەى شەڕى حەماس و ئیسرائیل، پرسەکە زیاتر دەوروژێندرێت و داواکارى کشانەوەکە زووزوو دەبیسترێت، لەسەر ئاستى حکومەتەکانى بەغداد و واشنتن گفتوگۆ لەبارەى پرسی کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا دەکرێت.