رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق داوا دەکات بە زوویی داتای فەرمانبەران لە سیستمێکى تایبەتدا تۆماربکرێت
- ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا کە دوێنێ سێشەممە بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو، رێنماییەکى ئاراستەى سەرجەم وەزارەتەکان کردووە و پابەندیکردوون بە تەواوکردنی تۆماری داتای فەرمانبەران بۆ ناو سیستم و پرۆگرامی تۆمارکردنی فەرمانبەران. پاشان کۆکردنەوەی بڕە پارەى خانەنشینان بۆ نێو سندوقی خانەنشینانى کارمەندانی دەوڵەت بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو.
شەرقولئەوسەت
لە قاهیرە هەوڵەکانی ئاگربەست و پەلاماردانی رەفەح لەپێشبڕکێدان
- لە قاهیرە هەوڵێک بۆ خستنەکاری ئاگربەستێک لە غەزە هەیە، ئەو هەوڵە کۆبوونەوەیەکە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی میسر و ئەمریکا و ئیسرائیل و سەرەکوەزیرانی قەتەر تیایدا بەشدارن. ئەمان تا ئێستا چاویان لەوەیە رێککەوتنێکی ئاگربەست بۆ شەڕەکە بهێننەئاراوەو دیل و بارمتەکان ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت.
ئەمان دەیانەوێت پێش ئەوەی بە کرداری پەلاماردانی رەفەح دەست پێبکات، بتوانن ئاگربەستێک مسۆگەر بکەن.
ئەلعەرەب
رادیۆ هاودەمی هەمیشەیی بەکارهێنەرانی ئۆتۆمبێلە
- لە رۆژی جیهانیی رادیۆدا، پازدە رێکخراوی جیهانی بانگەوازێکیان ئاراستەی هەموو دانیشتوانی سەر گۆی زەوی کردووە و تیایدا دەڵێن تکایە با رادیۆ بۆ هەموان بەردەست بێت. باس لەوە دەکەن، کە هەرکەس ئۆتۆمبێل بەکاربهێنێت هەر دەبێت هەندێک گوێ لە رادیۆکەش بگرێت. یەکێتیی پەخشی ئەوروپا، یەکێتیی ئیستگەکانی ئاسیا و زەریای ئارام، یانەی دی ئی بیی جیهانیی تایبەت بە رادیۆی دیجیتاڵی لە ئەو ناوەندانەن، کە بانگەوازەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
ئەوان دەڵێن، قەناعەتی تەواویان هەیە، کە دەبێت رادیۆ وەک کەرەستەیەکی پێویست لەبەردەستی هەمواندا بمێنێتەوە، لە زۆرشوێنی دنیاش وەک سەرچاوەی یەکەمی گەیاندنی هەواڵ و بابەتی دیکە پارێزگاریی لە بوونی خۆی کردووە.
عەرەبی جەدید
پەلاماردانی رەفەح لەسەر گفتوگۆکانی قاهیرە وەستاوە
- لە رەفەح رەوش نائارامە، تەنها یەک نەخۆشخانەی 72 قەرەوێڵەیی هەیە، کە لە کاردا مابێتەوە، فشاری قەرەباڵەخی و زۆربوونی دانیشتوان و پەنابەران زۆر بووە، پەلاماردانی شارەکەش لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە وەستاوەتە سەر گفتوگۆ چوارقۆڵییەکانی قاهیرە، ئەو کۆبوونەوەیەی کە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت کار لەسەر هەموارکردنەوەی هەندێک لە هێڵە گشتییەکانی لێك تێگەشتنەکانی پاریس دەکات، بەڵام لایەنی ئیسرائیلی بەشداری کۆبوونەوەکە دەست لەوە هەڵناگرێت، کە دەبێت سوپاکەیان پەلاماری رەفەح بدات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
توندوتیژی و دەستدرێژی بەرامبەر کارمەندانی دوکانەکان لە بەریتانیا بۆ 1300 رووداو لە رۆژێکدا بەرزبووەوە
کرێکارانی دوکانەکان لە بەریتانیا رۆژانە بەکۆی گشتیی رووبەڕووی 1300 حاڵەتی توندوتیژی و دەستدرێژیی دەبنەوە بەهۆی ئەوەی تووشی شەڕ دەبن لەکاتیی هەوڵدان بۆ بڕینی دووکانەکانیان. ئەمەش لەکاتێکدایە تا دێت فشارەکان بۆسەر وەزیرانی حکومەت زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی ژیانی ئەو کارمەندانە بپارێزرێت. دیارترین ئەو کێشانەی ئەو کارمەندانە رووبەڕووی دەبنەوە، دەستدرێژیی رەگەزیی، گێچەڵی سێکسیی، هێرشی جەستەیی و هەڕەشە بە چەک، کە بەراورد بە ساڵیی رابردوو بەڕێژەی 50% زیادی کردووە.
دەیلی تەلەگراف
پارتی کرێکارانی بەریتانیا لەسەر لێدوانی دژی ئیسرائیل رووبەڕووی قەیرانێکی دیکە دەبێتەوە
کەیر ستامەری سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی پرسی دژایەتی جووەکان بووەتەوە دوای ئەوەی ناچارکرا هەنگاویی کردەیی لە دژی کاندیدێکی پەرلەمانی پارتەکەی بگرێتەبەر، بەهۆی ئەوەی لە دژی ئیسرائیل لێدوانی دابوو. ئەمەش تەنها 24 کاتژمێر دوای ئەوە هات کە کاندیدایەتی کەسێکی دیکەی لەسەر هەمان پرس هەڵپەسارد کە گوتبووی ئیسرائیل رێگەی بە حەماس داوە هێرشەکە ئەنجام بدات بۆ ئەوەی وەک بیانوو بەکای بهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر غەزە.
واشنتن پۆست
هەڵاوسانی ئەمریکا کەمتر لەوەی پێشبینی دەکرا سارددەبێتەوە
کەمبوونەوەی هەڵاوسان لە بازاڕەکانی ئەمریکا لە ئێستادا بەشێوەیەکی جێگیر ناڕوا بەڕێوە. بەگوێرەی داتاکانی مەکتەبی ئاماری کرێکارانی ئەو وڵاتە نرخی شتومەک لە بازاڕەکاندا بەرێژەی لەسەدا 3.1 بەرزبووەتەوە لە مانگی رابردوودا بەراورد بە ساڵی پێشووتر. هەرچەندە دامەزراوەی یەدەگی فیدڕاڵیی ئەمریکا هەوڵدەدات هەڵاوسانی وڵاتەکەی بۆ لەسەدا دوو دابەزێنێت، بانکە ناوەندییەکان دەڵێن سەرکەوتن بەسەر ئەو پرسەدا لەئێستا بەدیی نایەت.
ئۆرشەلیم پۆست
ئەمریکا بەچڕیی کار لەسەر رێککەوتننامەی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکات
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بە چڕیی کار لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێک دەکات لەنێوان ئسیرائیل و حەماسدا بۆ ئەوەی بارمەتەکان ئازاد بکرێن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە شاندی ئیسرائیل لە قاهیرەوە گەڕانەوە بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکیان لەگەڵ خۆیاندا بردبێتەوە. لە دانووستانەکاندا هەریەک لە وڵاتانی میسر و قەتەر نێوەندگیرییان کردووە و بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکاش بەشداربووە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
زیانی مۆبایل زیاترە لە ئانتێنی 5G.
- پەیام سابری، سەرپەرشتیاری پەیوەندییەکانی پارێزگای هەمەدان، بە ئاماژەدان بە بوونی 700 ئانتێنی پەیوەندییەکان لە هەمەدان رایگەیاند، یەکێک لە کێشەکانی تاوەرەکانی پەیوەندییەکان روانگە و عەقڵیەتی خەڵکە، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە رێکخراوەکان هاوکاری لەگەڵ ئێمە کەم بکەنەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە زیاتر لە 700 ئانتێنمان لە شاری هەمەدان هەیە و پەرەپێدانی ئینتەرنێتی 5G پێویستی بەوەیە ژمارەکە زیاد بکات، بەڵام خەڵک ئەو عەقڵیەتەی هەیە ئەم تاوەرانە زیانبەخشن، لەکاتێکدا زیانی مۆبایل زیاترە لەوانە و پێویستە خەڵک بزانێت کە ئەو ئیمکاناتانە بۆ خودی خەڵکە.
بەگوێرەی راپۆرتی ئیسنا، پەیام سابری ئاماژەی بەوە کردووە پارێزگای هەمەدان 560 هەزار بەشداربووی هێڵی زەمینی هەیە کە 25%ـی بەشداربووانی ئینتەرنێتن و “دزین”ـی کێبڵی پەیوەندییەکان لە چەند ساڵی رابردوودا زیادیکردووە و ئەو حاڵەتە لە چەندین لایەنی پەیوەندییەکاندا روویداوە و وایکردووە حکومەت بخرێتە ژێر فشارەوە.
ئیعتداڵ
کات کاتی ئۆتۆمبێلی کارەباییە
وەزیری پیشەسازی و کانگا و بازرگانی جەخت لەسەر سەردەمی ئێستای ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەکاتەوە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە.
وەزیری پیشەسازی ئێران هەروەها دان بە باڵادەستی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکاندا دەنێت بە ئاماژەدان بە کەمبوونەوەی بەکارهێنانی وزە و تێچوونەکان.
جگە لەوەش تیشک دەخاتە سەر پێویستی وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری بۆ پشتگیریکردن لە پەرەپێدانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.
وەزیری پیشەسازیی ئێران هەروەها باس لە ئاستەنگ و ئاسۆکانی بزوێنەری بە سووتەمەنی هایدرۆجین دەکات و جەخت لەسەر پێویستی بەرهەمهێنانی هایدرۆجینی بازرگانی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بزوێنەری سووتەمەنی هایدرۆجینی دروست بکرێت.
جمهوری ئیسلامی
پارێزگاری تاران: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی لە تاران هەڵوەشایەوە
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە شدوازی ئەلیکترۆنی لە تاران، پارێزگاری تاران رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگاران، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە شێوەی ئەلیکترۆنی رەتکراوەتەوە.
عەلیرەزا فەخاری دەشڵێت، پێشتر بڕیار هەبووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێوەی ئەلیکترۆنی، بەڵام بەهۆی هەندێک هۆکارەوە ئەم بڕیارە رەتکرایەوە و ئەمساڵیش بە هەمان شێوەی پێشوو هەڵبژاردن بە شێوەی هاتنی خەڵک بۆ سەر سندوق ئەنجام دەدرێت.
بوونی خەڵک لە سندوقی دەنگدان زۆر گرنگ و رەمزییە، داوا لە خەڵک دەکەین خۆیان نیشان بدەن.
تەجارەت
بانگەشەى گەرۆسی سەبارەت بە هاوکاری نەکردنی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە راگەندراوێکدا بانگەشە دەگات ئێران لە چالاکییەکانی ئەتۆمی خۆیدا شەفاف نییە.
ئەو دەڵێت، ئێران پێویستی بە شەفافیەتێکی تەواو هەیە، سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران باسی لەوە کردووە ئێران ئێستا هەموو ئاستەکانی زانست و تەکنەلۆژیای ئەتۆمیان لەبەردەستدایە و دەتوانێت بۆمبی ئەتۆم دروست بکات.
گەرۆسیش دەڵێت، بێگومان ئەمەش مەترسییەکان زیاد دەکات؛ گفتوگۆی ناڕێک لە بارەی چەکی ئەتۆمی و زۆر شتی دیکە هەیە، کاتێک بەرپرسێکی باڵایە دەڵێت هەموو شتێکمان هەیە بەڵام تائێستا لەسەر یەکمان دانەناوە ئەوە زۆر مەترسیدارە، تکایە ئاگادارم بکەرەوە چیتان هەیە؟ ئێران دەبێ بە تەواوەتی هاوکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بکات.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
کێشە لەسەر نمایشکردنى فیلمى ئەحمەد کایا دروستدەبێت
بڕیارە لە یەکى مانگى داهاتوو فیلمى “گۆرانییەکەى ئەحمەد کایا” لە سینەما نمایش بکرێت، فیلمەکە تەواوى ژیانى هونەرمەند ئەحمەد کایا باس دەکات.
خانەوادەى ئەحمەد کایە، رەخنە لە نمایشکردنی فیلمەکە دەگرن و دەڵێن، دەیانەوێت بەناوى ئەحمەد کایا-وە داهاتێکى ماددی کۆبکرێتەوە، دەشڵێن، بەکارهێنانى ناوى ئەو هونەرمەندە بۆ ئەو مەبەستە بێڕێزیە بۆ ناوى هونەرمەندەکە و بۆ هەوادارانى. راشیانگەیاندووە بە هیچ جۆرێک پشتیوانى لە پڕۆژەیەکى لەو شێوەیە ناکەن.
سەباح
ئەردۆغان: رێژەى بازرگانیمان لەگەڵ دوبەى زیاد دەکەین
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا لە سەردانەکەى بۆ دوبەى بەمەبەستى بەشدارییکردن لە لوتکەى جیهانیی حکومەتەکان رایگەیاند، ئامانجمان ئەوەیە قەبارەى بازرگانى لەگەڵ دوبەى لەماوەى پێنج ساڵى ئایندە بگەیەنینە 50 ملیار دۆلار.
تورکیا
لە ئەرزینجان نۆ کرێکار ژێر خاک کەوتن
لە ئەنجامى داڕمانى زەوى لە قەزایەکى سەربە ئەرزینجان، نۆ کرێکارى کۆمپانیاى ئەناگۆڵد کەوتنە ژێر خاکەوە و هیچ هەواڵێکیان نییە. کۆمپانیاکە لەکاتى تەقاندنەوەى چەند گردێک بە رووبەرى 100 دۆنم، بۆ گەڕان بەدواى ئاڵتوندا لە ئەنجامى هەرەس و روخانەوە کرێکارەکان ژێر خاک کەوتوون، تیمێکى 510 کەسى لە یەکەى فریاکەوتن، سەرباز، پۆلیس بەدواى گەڕانى نۆ کرێکارەکەدان.
یەنى بیرلیک
لە قوبرسى تورکى بنکەیەک بۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى تورکیا دەکرێتەوە
پەرلەمانى کۆمارى قوبرسى تورکی بە زۆرینەى دەنگ بڕیاریدا لە فڕۆکەخانەى گەچیتقەلە، بنکەیەک بۆ فڕۆکە بێفڕۆکەکانى تورکیا بکاتەوە، ئەو بنکەیە دەبێتە یەکەم بنکەی سەربازیی بۆ تورکیا کە هێز و فڕۆکە بێفڕۆکەوانییەکانى تێدا جێگیربکات و یەکەم بنکەی سەربازى تورکیایە کە نزیک بێت لە دەریاى ناوەڕاستەوە.