زووم:
تا دێت کێشمەکێشمی نێوان کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکا زیاتر دەبێت.
تازەترین ناکۆکیی نێوانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی زۆرینە کۆماری و ئەنجومەنی پیرانی زۆرینە دیموکرات، پرسی هاوکاریکردنی ئۆکراین و ئیسرائیل و ئاسایشی سنووری ئەمریکایە.
ناکۆکییەکان هاوکاتن لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
رۆژی دووشەممە “مایک جۆنسن”ی کۆماری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنجومەنەکە خوێندنەوە بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە ناکات کە ئەنجومەنی پیران لە ئێستادا کاری لەسەردەکات.
پڕۆژەیاساکەی ئەنجومەنی پیران تایبەتە بە تەرخانکردنی زیاتر لە 95 ملیار دۆلار هاوکاریی تازەی سەربازیی بۆ ئۆکراین، ئیسرائیل و تایوان.
مایک جۆنسن لە راگەیەندراوێکدا هۆکاری رەتکردنەوەی پڕۆژەیاساکەی خستەڕوو و گوتی، “داڕشتنەوەی پڕۆژەیاساکە بەجۆرێکە داواکاریی کۆمارییەکان لە پرسی توندکردنەوەی رێکارەکانی سەرسنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک و راگرتنی کۆچی نایاسایی بەدیناهێنێت.”
دەشڵێت، “پڕۆژەیاساکەی ئەنجومەنی پیران تایبەت بە هاوکارییە دەرەکییەکان، بێدەنگیی کردووە بەرامبەر ئەو کێشانەی رووبەڕووی وڵاتەکەمان دەبنەوە”.
هەفتەی رابردوو دوای چەند مانگێک دانوستانی بەردەوام لەبارەی پێدانی هاوکاریی دارایی بە ئۆکراین و ئیسرائیل، ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا نەگەیشتنە رێککەوتن لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاسایەک لەوبارەیەوە.
بڕی پارەی پڕۆژەیاسەکە دەگەیشتە 118 ملیار دۆلار و جگە لە یارمەتیدانی دارایی ئۆکراین و ئیسرائیل، پارەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی مەکسیکییەکانیش تەرخانکردبوو، بەڵام دواجار لە ئەنجومەنی پیرانەوە پەسەند نەکرا.
دواتر بڕگەی تایبەت بە تەرخانکردنی پارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی مەکسیکییەکان لادرا، ئەوەش کۆمارییەکانی نیگەران کردووە و وایکرد لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەڕەشەی پەسەندنەکردنی پڕۆژەیاسا 95 ملیار دۆلارییەکە بکەن.
لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپی کۆماری، بڕیاردا پارە بۆ پاراستنی سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک تەرخانبکرێت، دیوارێک لەنێوان هەردوو وڵات دروستکرا بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، دواتر جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بڕیاریدا پارەی تایبەت بە پڕۆژەکە رابگرێت و سەرلەنوێ کۆچی نایاسایی دەستیپێکردەوە.
لە ئێستادا کۆمارییەکان دژی ئەوەن بڕێکی زۆر پارە بۆ ئۆکراین و ئیسرائیل دابینبکرێت و گرنگی بە پرسی ئاسایشی سنوور نەدرێت، هەربۆیە مایک جۆنسن گوتی، بەدڵنیاییەوە ئەم پڕۆژەیاسا تازەیەی ئەنجومەنی پیران رەتدەکەینەوە.