زووم:
راپرسییەکان دەریانخستووە، تەمەنی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەربەست و گومانی سەرەکییە لای ئەو دەنگدەرانەی گومانیان لە توانای سەرۆکەکەیە بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، دیموکراتەکانیش تاوتوێی پلانی جێگرەوە دەکەن لە حاڵەتی کشانەوەی بایدن و خۆکاندیدنەکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتی.
لە ئێستادا چاوەکان لەسەر کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکان بۆ جێگرتنەوەی بایدن، هاریسی تەمەن 59 ساڵ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت، “بێگومان من ئامادەم بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەم.”
بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، ئەگەر سەرۆک کۆچی دوایی کرد، یان نەیتوانی ئەرکەکانی بەجێبگەیەنێت، جێگری سەرۆک دەبێتە شوێنگرەوەی، بەڵام ئەمە وا ناگەیەنێت هاریس راستەوخۆ دەبێتە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.
بەگوێرەی یاساکان، لە حاڵەتی کۆچی دوایی یان دەستلەکارکێشانەوەی کاندیدی سەرۆکایەتی، یان ئەو کاتەی نەیتوانی ئەرکەکانی رابپەڕێنێت، جەیمی هاریسۆن، سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان، لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتەکە و کۆنگرێس گفتوگۆ دەکات، دواتر بە راپۆرتێک دەدرێت بە نزیکەی 450 ئەندامی لیژنەی نیشتمانیی دیموکراتەکان و پاشان بە کۆی دەنگ کاندیدێکی تازەی پارتەکە دیاریدەکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەک، کە بە هاوبەشی لەنێوان تۆڕی “ئەی بی سی” و ئاژانسی “ئیپسۆس”ی شیکاری کراوە، %80ـی بەشداربووان لەگەڵ ئەوەدا بوون جۆ بایدن تەمەنی زۆر لەوە زیاترە بتوانێت ببێتەوە بە سەرۆک.
هەر لەو راپرسییەدا %59ـی بەشداربووان لەگەڵ ئەوە بوون، بایدن و ترەمپ، هەردووکیان تەمەنیان زۆرە و بەکەڵکی ئەوە نایەن ببنەوە سەرۆکی ئەمریکا.
تا ئێستا دیموکراتەکان رەتیدەکەنەوە قسە لەسەر پلانی جێگرەوە بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی بکەن، بەڵام رەنگە راپۆرتێکی رۆبەرت هۆر لێکۆڵەری تایبەت لەبارەی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بایدن ئەنجامیداوە، دیموکراتەکان ناچاربکات بۆ باسکردنی پلانی جێگرەوە.
هەفتەی رابردوو لێکۆڵەرە تایبەتەکە راپۆرتێکی تایبەت بە دۆسیەی بەڵگەنامە نهێنییەکان بڵاوکردەوە، جۆ بایدنی بە “پیاوێکی بەتەمەنی یادگە لاواز” وەسفکرد، راپۆرتەکە کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و بەشێک لە پزیشکانی ئەمریکا گوتیان، “پێویستە پشکنین بۆ بایدن بکرێت لەبارەی ئەگەری تووشبوونی بە “لەبیرچوونەوە” و هەڵسەنگاندنی ئامادەیی بۆ بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.
لایخۆیەوە مێریک گارلەند دواکاری گشتیی باڵادەست لە سەرکردایەتیی کۆمارییەکان داوایکردووە تۆماری تەواوی ئەو چاوپێکەوتنەی بۆ ببەن، کە رۆبەرت هور لەگەڵ بایدندا ئەنجامیداوە، بۆئەوەی سەیری بکاتەوە.
هەرچەندە هور لەو دیدارەدا گوتوویەتی، کە هیچ قسەیەکی لەبارەی بەڵگەنامە نهێنییەکانەوە لەگەڵ سەرۆکدا نەکردووە، لەبەرئەوەی سەرۆک هۆشی بەباشی نەماوەتەوە، بەڵام کۆمارییەکان چاویان لەوەیە هور بخەنە بەر لێپرسینەوە و پرسیاری ئەوەی لێبکەن داخۆ بایدن چ بەڵگەنامەیەکی نهێنیی هەستیاری لەلایە، لەوانەی کە دەشێت زیان لە ئاسایشی نیشتمانی بدەن.