زووم:
تاریک و لێڵی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، هێزێکی کۆماندۆی ئیسرائیلی بە پیادە و بە هێمنی لە بینایەک لە ناو جەرگەی شارۆچکەی رەفحەدا نزیکبوونەوە، کە هێشتا حەماس تێیدا باڵادەستە، ئامانجی کردەکەش بۆ ئازادکردنی دوو بارمتەی ئیسرائیلی بوو، کە لەو بینایەدا حەشار دراوبوون.
هەردوو بارمتەکە، فێرنادۆ مارمانی تەمەن 60 ساڵ و لویس هاری تەمەن 70 ساڵ، کە بە رەگەز ئەمریکی بوون، رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی رابردوو لە هێرشەکەی حەماسدا و لەگەڵ 250 ئیسرائیلی دیکەدا بەدیل گیران، چوار مانگە لە ناو غەزەدا حەشار دارون.
بەگوێرەی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانیش لە تەلئەبیبی پایتەختەوە راستەوخۆ چاودێری پرۆسەکەى کردووە، لە تەلئەبیبیشەوە، جووڵەی تیمی رزگارکەر بەبێ ئەوەی هەستیان پێ بکرێت دەستیپێکردووە بەرەو بیناکە.
تیمێکی هاوبەشی پۆلیسی سوات و شین بێت، کە دەزگایەکی ئیسرائیلی هاوشێوەی دەزگای ئێف بی ئای ئەمریکییە لە بینا دوو قاتە نزیکبوونەوە، وەک ئەوەی لە ڤیدیۆک دەردەکەوێت، کە لەلایەن درۆنێکەوە گیراوە.
نزیکەی کاتژمێر 1:5 خولەکی بەرەبەیان، تیمێکی کۆماندۆ چەند بۆمبێکی بچووکیان بە دەرگای پێشەوەی بیناکە جێگیرکرد و تەقاندیانەوە، دواتر هێزەکانی کۆماندۆ بەسەر پلیکانەکاندا سەرکەوتن و لە ماوەی چەند خوولەکێکدا شوێنی حەشاردانی مارمان و هاریان دۆزیوەتەوە.
لێرەوە قۆناغە سەختەکە دەستیپێکرد، کە گواستنەوەی بارمتەکان و چۆڵکردنی شوێنەکەیە بە سەلامەتی، ئەوەش ئەرکێکی ئاسان نەبووە و کاتی دەویست، بۆیە تەقە دەستیپێکرد.
نیر دینار، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە نیویۆرک تایمزی گوتووە، لە ناوەوە و دەرەوەی بیناکە شەڕ دەستیپێکرد و چەند خولەکێک خایاند، هێزی ئاسمانیش کەوتنە بۆردومانکردنی ناوچەکانی دەوروبەری بیناکە.
بەگوێرەی گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل، ئامانجی بۆردومانەکان لێدانی بارەگاکانی فەرماندەیی حەماس و سەرلێشێواندنی چەکدارەکان و پچڕاندنی پەیوەندییەکان بووە، تا هەلێک بۆ تیمی رزگارکەر بدۆزنەوە لە شوێنەکە هەڵبێن.
تەقینەوەکان سەرانسەری ئاسمانی شارەکەی رووناککردەوە و بوونە هۆی تۆقاندنی زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس، کە ئاوارەی شارۆچکەکە بوو بوون.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، لە شەڕ و پێکدادانی دەرچوونیان، تیمەکە سێ چەکداری حەماسیان کوشتووە، هەروەها ئەفسەرێکی سواتی ئیسرائیلیش بە سووکی برینداربووە.
گرتەی ڤیدیۆیی درۆنی دەریدەخات، کە چۆن گرووپەکە بە پەلە خانووەکە چۆڵ دەکەن و بە ناو شەقامەکاندا دەڕۆن بۆ ئەوەی لە ناوچەکە دەرباز بن.
بۆ بەیانییەکەی، تەندروستیی غەزە رایگەیاند، 100 فەڵەستینی لە بۆردومانەکانی ئەو شەوەدا گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون، بەڵام باسی لەوەنەکردووە، ئاخۆ لە هەمان ئەو کردە سەربازییەدا کوژراون یاخود بۆردومانی دیکەیە.
دوای رزگارکردنیان لەو شوێنەی کە 128 رۆژ تێیدا زیندانیکرابوون، بەزوویی دوو بارمتە رزگارکراوەکە بە هێلیکۆپتەر گەیەنرایە ناوچەیەکی سەلامەتی ئیسرائیل.
یەکێک لە کۆماندۆکان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەناو هێلیکۆپتەرکەدا دەڵێت، ”بەخێربێنەوە، چۆنن؟ هەستتان چۆنە؟” یەکێک لە بارمتەکان وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت” شۆکم شۆک”!