زووم..
وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا کوژرانی دوو سەربازی بە تەقەی هێزەکانی سوپای ئازەربایجان لە ناوچەی سیونیک لە باشووری ئەرمینیا راگەیاند.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەیانی ئەمرۆ یەکەکانی هێزەکانی ئازەربایجان بە چەکی سووک تەقەیان بە ئاڕاستەی سەنگەرەکانی شەڕ لە نزیک گوندی “نرکین هاند”ـی ئەرمینیا کردووە، بەهۆیەوە دوو سەرباز کوژراون و چەند سەربازێکی دیکەش برینداربوون.
بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجانیش لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، سەربازانی ئەرمینیا سەرەتا تەقەیان کردووە بە ئاڕاستەی گوندی کوخانابی لە ناوچەی تووز لە باکووری ئەو وڵاتە، هەرچەندە ئەرمینیا رەتی دەکاتەوە.
بەهۆی کێشەی هەردوو وڵات لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ کە دەگەڕێتەوە بۆ نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، لە ساڵی 2020دا، ئازەربایجان هێرشێکی لەناکاوی کردەسەر هەرێمەکە و کۆنتڕۆڵی کرد، دواتر و لە ئەیلوولی ساڵی رابردوودا، دانیشتوانی هەرێمەکە کە زۆربەی ئەرمەنن، هەرێمەکەیان بەرەو ئەرمینیا بەجێهێشت و گرووپە چەکدارییەکەشی لە شاخەکانەوە چەکیان دانا و خۆیان رادەست کرد.