ئەنجامى هەڵبژاردنى نیوە خول، لە بەرژەوەندى دیموکراتەکانە، بایدن خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێت و دەیەوێت خۆى بۆ خولێکى دیکەى سەرۆکایەتى لە هەڵبژاردنى 2024دا کاندید بکاتەوە. لەنێو کۆمارییەکانیش ناکۆکی و یەکدى تۆمەتبارکردن هەیە، ترەمپ بە هۆکارى شکستەکە دەزانن.
بەشێک لە رەخنەگرانی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بە هۆکاری خراپی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەزانن، بەشەکەی دیکەی کۆمارییەکانیش خراپی ئەنجامەکەیان بۆ میچ مەکۆنێل، سەرۆکی پارتەکەیان لە ئەنجومەنی پیران، گەڕاندووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدنی سەرۆک دووبارە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە بڕیارە ساڵی 2024 بەڕێوەبچێت، کاندید دەکاتەوە.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەتەواوی رانەگەیەندراوە، بەڵام رۆژی یەکشەممە دیموکراتەکان دەنگی زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانی مسۆگەرکردەوە، کە ژمارەی کورسییەکانی ئەو پارتە گەیشتە 50 سیناتۆر.
هەروەها بەهۆی دەنگی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ژمارەی دەنگی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیراندا دەبێتە 51 دەنگ لە کۆی 100 کورسی.
ئێستا کێبڕکێی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەردەوامە و لە کۆی 435 کورسی، کۆمارییەکان 212 دەنگیان بەدەستهێناوە و دیموکراتەکانیش 204 دەنگیان بەدەستهێناوە. تاوەکو ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنی 19 کورسیی ماوە یەکلایی بکرێتەوە.
کۆمارییەکان ئێستا لە چاوەڕوانی بردنەوەی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانن، کە ئەمەش جێبەجێکردنی پلانەکانی سەرۆک جۆ بایدن بە توندی سنوردار دەکات لە دوو ساڵی داهاتوودا، بەڵام بەگوێرەى جیاکردنەوەی دەنگەکان، تادێت زیادبوونی ژمارەی کورسی کۆمارییەکان هێواشتر دەبێتەوە بەراورد بە دیموکراتەکان.
لاری هۆگان، پارێزگاری کۆمارییەکانی ویلایەتی میریلاند، کە ماوەیەکی زۆرە رەخنەی لە سەرۆکی پێشووی ویلایەتی ئەمریکا گرتووە، رۆژی یەکشەممە بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە: “ئەمە سێیەم هەڵبژاردنە لەسەریەک ترەمپ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانمان بەفیڕۆ بدات.”
وتیشی: “ئێمە جاران لە بردنەوە بێزار دەبووین، ئێستا من لە دۆڕان بێزار بووم.”
مێژوو سەلماندوویەتی ئەو پارتەی، کە کۆشکی سپی کۆنترۆڵ دەکات بەزۆری لە هەڵبژاردنی نیوە خولدا کورسی لەدەستدەدات، بەڵام ئاستی دیموکراتەکان لەمساڵدا بە باشترین ئەنجام دادەنرێت لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا.
نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی کەناڵی ABC رایگەیاند: “شارەزایان لە واشنتۆن گوتیان ناتوانین سەرکەوتن بەدەستبهێنین لە ئەنجومەنی نوێنەران، چونکە مێژوو خۆی دووبارەدەکاتەوە.”
رۆژی یەکشەممە پیلۆسی لەگەڵ کۆمەڵێک بەرپرسی دیکەی پارتەکەیدا پشتگیریان بۆ بایدن دووپاتکردەوە بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2024.
ئەگەر بایدن جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە، ئەوا پێدەچێت دووبارە بە هەمان شێوەی کێبڕکێی ساڵی 2020دا لە ترەم بباتەوە، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان چاوەڕوان دەکرێت لە سێشەممەی داهاتوودا بە فەرمی خۆ کاندیدکردنی بۆ ساڵی 2024 رابگەیەنێت.