رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرق ئەوسەت
وەزیری وزەی سعودیە: ئۆپک پڵەس ئامادەیە سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت هەمواربکاتەوە
عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە دەڵێت، هاوپەیمانێتیی ئۆپک پڵەس ئامادەیە لە هەر کاتێکدا سیاسەتە نەوتییەکەی خۆی هەمواربکاتەوە. دەشڵێت، ئەو داتایانەی ئەم رێکخراوە نەوتییە لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆیەوە بڵاویان دەکاتەوە، هەموو کات راست و دروستن.
قسەکانی عەبدولعەزیز بن سەلمان لە گوتارێکیدا هات لە کۆنگرەی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆژیای پەترۆڵی ساڵی 2024 کە لە شاری زەهرانی سعودیە دەستی بە کارەکانی کرد.
ئەو وەزیرە گوتیشی، پێوسیتە ئۆپک ئاگای لە جموجوڵەکانی ناو بازاڕی بازرگانییەکە بێت و هەرواش دەکات، بۆیە رێکخراوەکەیان هەموو کات دەتوانێت لە ئاستی داخوازییەکانی ناو بازاڕەکەدا بێت.
رۆژنامەی عەرەب
حکومەتی میسر هەست دەکات گەنجەکان ئومێدیان پێی نەماوە، بۆیە هەوڵدەدات متمانەی بەتەمەنەکان بەدەست بهێنێت
پەرلەمانی میسر پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە حکومەت پێشکەشی کردبوو بۆ پێدانی بەخششێکی دارایی و کۆمەڵایەتی بۆ کەسانی بەتەمەن، ئەمەش هەوڵێکی دەسەڵاتە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ خەڵکانی بەتەمەندا بۆئەوەی پشتگیریی لە حکومەت بکەن، چونکە دەزانێت ئەم توێژە چوونەتە ساڵەوە و خەونی سیاسیی گەورەیان نییە، بەڵام لەڕووی ژمارەشەوە زۆرن.
ئێستا لە میسردا نزیکەی حەوت ملیۆن کەس هەن کە ئەو بەخششە بیانگرێتەوە، حکومەت بە مەبەستەوە دەیەوێت بۆیان دابین بکات، پرۆژەکەی حکومەت ناوی پاراستنی بەساڵداچوانە.
لە کۆی هەڵبژاردنەکانی ماوەی 10 ساڵی رابوردوودا لە میسر” زۆرترین رێژەی خەڵکانی بەساڵداچوو بەشداریی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانیان کردووە.
عەرەبی جەدید
ئیسرائیلی داگیرکار بە وردی چاوی لەسەر قەڵاچۆکردنە، رەفەح بووە بە کوشتارگە
لە هەواڵی ئەم مانشێتەدا هاتووە: رەفەح بۆردومانکراوە، چەندان شوێنی نیشتەجێبوون و مزگەوتی گرتووەتەوە، زیاد لە سەد کەسیش شەهید بوون.
ئەم رۆژنامەیە دەڵێت، تەلئەبیب داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە هاوکاریی بکات لە دوورخستنەوەی خەڵکە مەدەنیەکاندا، بەڵام لە ئەو سنوورەدا ئەو هاوڵاتییانەی پەنایان بۆ رەفەح بردبوو، شوێنێکی تر نەماوە پەنای بۆ ببەن. لایەکیان دەریایە و لاکەی دیکەشیان دیوارە تەلبەندکراوەکەی میسرە، لە نێوانی ئەو دووانەدا بۆردوومانەکانی ئیسرائیل دەیانکوژێت.
قودسی عەرەبی
چەندین تەرمی پارچەپارچە بوو گەیشتوون بە نەخۆشخانەکان، ئیسرائیل رەفەحی کردووە بە کوشتارگە، چەندان ماڵ و مزگەوت رووخێنراون
بەرەبەیانی دوێنێ سوپای داگیرکاری ئیسرائیلی پەلاماری رەفەحی داوە، هەروەک ئەوەی لایەنە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان وێنایان دەکرد، ئەو سوپایە بە هێزی پیادە چوەتە ناو رەفەحەوە. ئەو شارۆچکەیە بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی شوێنەکانی ترەوە زۆر قەرەباڵخ بووە، دانیشتوانەکەی زۆرن، بۆیە هەر کوشتارێک لەوێ ڕووبدات، خەڵکانێکی زۆر دەبن بە قوربانی. پاش ئەو هێرشە کەسانێکی زۆر کەوتونەتە کارکردن بۆ دەرهێنانی تەرمەکان لە شوێنە گشتییەکان و بەخاکسپاردنیان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
لەنێو داروپەردوودا بەهۆی بۆردوومانەوە دەیان هاووڵاتی لە رەفەح کوژران لەکاتێکدا ئیسرائیل دوو بارمتەی ئازادکرد
هێزێکی تایبەتی سوپای ئیسرائیل هێرشیکیان بۆسەر شاری رەفەح لە غەزە ئەنجامدا و دوو بارمتەیان ئازادکرد. هاوکات لە بۆردوومانێکی سوپای ئەو وڵاتەدا لانیکەم 67 هاووڵاتیی گیانیان لەدەستدا. هێرشەکەش رێک دوای ئەوە هات کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دابووە بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە دەبێت بەر لە هەر ئۆپراسیۆنێک بۆسەر رەفەح پاراستنی ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی مسۆگەر بکات.
تایمز
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێندەدات یەکەی نیشتەجێبوونی زیاتر لە شوێنی دروستدا دروست بکات
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بەڵێندەدات پلانەکەی جێبەجێ بکات بۆ دروستکردنی سەدان هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە شارە گەورەکانی وڵاتەکەیدا. هاوکات دانی بەوەشدا نا پارتەکەی، پارتی پارێزگاران، زۆر کار ماوە بیکات بۆئەوەی یارمەتی گەنجەکانی وڵاتەکەی بدات کێشەی نیشتەجێبوونیان بۆ چارەسەر بکرێت. وتیشی کە وڵاتەکە توانای هەیە ملیۆنێک یەکە دروست بکات و لە توڕەیی خەڵک تێدەگات، کە ماوەیەکە رێگرییان لێکراوە ببن بە خاوەنی یەکەی خۆیان.
واشنتن پۆست
ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی دوو بارمتەکەی ئیسرائیل لەلایەن بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە پشتیوانی لێکراوە
لەژێر پشتیوانی بۆردوومانی کوشندەدا سوپای ئیسرائیل توانی دوو بارمتەی وڵاتەکەی لە ناوچەی رەفەح ئازاد بکات. ئەمەش بووە هۆی بەخشینی هیوا بە ئیسرائیل و شەوەزەنگ بۆ 1.4 ملیۆن فەلەستینی کە لەو ناوچەیەدا گیرساونەتەوە. بەهۆی ئەو بۆردوومانەی ئیسرائیلەوە دەیان هاووڵاتی فەلەستینی لە کامپی رەفەح گیانیان لەدەستدا.
ئۆرشەلیم پۆست
لە شەڕی نێو کەرتی غەزەدا پێنج سەربازی دیکەی سوپای ئیسرائیل کوژران
رۆژی دووشەممە لە دوو ئۆپراسیۆنی سوپای ئسیرائیلدا لە غەزە، پێنج سەرباز کوژران و 10 سەربازیی دیکەش برینداربوون. پێدەچێت هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئەو سەربازانە لە رێگەی بۆمبی چێندراو یان هێرشی د مووشەکی دژە-تانک بووبێت. هەرچەندە تائێستا سوپا هیچ لێدوانێکی فەرمیی رانەگەیاندووە، بەڵام خێزانی ئەو سەربازانە خۆیان گیانلەدەستدانی ئەوانیان راگەیاندووە. هاوکات حەماس رایگەیاند، سێ لەو بارمتانەی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە برینداربوون گیانایان لەدەستداوە.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
ژمارەی کاندیدانى پەرلەمانى ئێران دوو هێندەی پێشووە
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی ئێراندا، کاندیدەکان دوو هێندەی هەڵبژاردنەکانی ساڵانی پێشوو زیاترن و کێبڕکێیەکی توند لەنێوان 15 هەزار کاندید بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت.
بە گوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 73%ـی ئەو کەسانەی خۆیان کاندید کردبوو پەسەندکراون، واتە 51 کاندید لەسەر یەک کورسی پەرلەمانی کێبرکێ دەکەن. ئاماری کاندیدانی پەسەندکراویش جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، بەوپێیەی نزیکەی 50%ـی کاندیدەکان پەسەند کرابوون، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن زیاتر بێت لە ساڵانی پێشوو.
ئیمروز
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران داوا لە خەڵکى وڵاتەکەى دەکات لە بەکارهێنانی غازدا دەستپێوەبگرن و بە هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن
سەعید عەقلی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران دەڵێت، لە ئێستادا بەکارهێنانی غاز لە کەرتی ناوخۆیی و بازرگانیدا گەیشتووەتە 503 ملیۆن مەتر سێجا کە زیاتری لە بۆ گەرمکردنی ماڵان و کەرتی پیشەسازیی مامناوەندا بەکاردێت و بەهۆی هاتنی کەشوهەوای سارد، پێشبینی دەکرێت لەم مانگەدا بەکارهێنانی غاز بەڕێژەی 60% زیاد بکات، بۆیە پێشنیاز دەکەین خەڵک لە بەکارهێنانی غاز پاشەکەوت بکەن و پلەی گەرمی ئاسوودە لە ماڵەکانیان رەچاو بکەن و جلی گەرم لەبەرکەن.
قودس
لە 10 مانگی رابردوودا پێنج ملیۆن گەشتیار سەردانى ئێرانیان کردووە
عەلی ئەسغەر شالبافیان، جێگری سەرۆکی گەشتوگوزاری وەزارەتی کلتوور و رۆشنبیری و گەشتیاریی ئێران گوتی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە پێنج ملیۆن و 400 هەزار گەشتیاری بیانی سەردانی ئێرانیان کردووە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، 52% زیادی کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشبەختانە لەئەمساڵدا گرنگی تایبەت بە گەشتیاری دراوە و زیاتر لە هەزار و 607 پڕۆژە بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدراوە و بڕی یەک ملیار دۆلار وەبەرهێنان بۆ گەشتیاری کراوە.
تیجارەت
موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە وەڵامی بانگهێشتی فەرمیی فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق سەردانی بەغداد دەکات.
لە میانەی سەردانەکەیدا، ئیژەیی کە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە یاسایی و دادوەرییەکانی نێوان ئێران و عێراقە، چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوڵاتیانی ئێرانی لە عێراق دەکات و دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دادوەری عێراق دەکات سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و هاوەڵەکانیان کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە فڕۆکەخانەی بەغداد کوژران.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
پارەى تورکی بەرەکەتى نەماوە
11 ساڵ پێش ئێستا بە 20 لیرە بازاڕى خۆتت دەکرد، ئێستا بە 200 لیرە ناتوانیت عەلاگەکەت پڕ بکەیت و بە چاوتروکاندنێک ئەو 200 لیرەیە خەرج دەبێت، پارەکەمان بە راستی بەرەکەتى نەماوە.
لە ساڵى 2012دا، 20 لیرە بەرامبەر بە 10.6 دۆلار بوو، ئەمڕۆ یەک دۆلاریش ناکات، بڕى 200 لیرە تەنها 6.5 دۆلار دەکات.
جمهورییەت
نۆ ملیۆن و 656 هەزار کەس لە تورکیا بێکارن
تادێت ژمارەى بێکاری لە تورکیا زیاتر دەبێت، لە تازەترین ئاماردا یەک ملیۆن بێکارى دیکە زیاد بووە. بەگوێرەى ئامارێکى مانگى رابردوو رێژەى بێکاری لە تورکیا بەشێوەیەکى ئاسایی گەیشتووەتە %8.8 و بەشێوەیەکى گشتیش گەیشتووەتە %24.7.
میلییەت
ژیانمان لەژێر هەڕەشەى لولەى چەکەکاندایە کە لەناو کۆمەڵگەدا زیاد بووە
هەڵگرتنى چەک لەلایەن تاکەکانى کۆمەڵگەوە روو لە زۆربوونە، بەگوێرەى ئامارێکى رێکخراوى هیوا، هەموو ساڵێک ژمارەى ئەو کەسانەى بە هێرشی چەکداری دەکوژرێن دوو هەزار و 318 کەسن، هەروەها لە ماوەى 10 ساڵدا زیاتر لە 21 هەزار کەس بە چەک کوژراون.
لە ساڵی 2023دا، 505 رووداوى تەقەکردن و کوشتن لە ئیستەنبوڵ هەبووە، لە پاش ئەویش لە سامسۆن 188 و لە ئەدەنە 171 و لە ئیومیر 164 و لە قۆجەیەلى 164 رووداوى تەقەکردن روویداوە.
بیرگوون
کەناڵى تەرەتە لایەنگری بۆ ئاک پارتى دەکات
لەماوەى 40 رۆژى رابردوو کەناڵى تەرەتە زۆربەى پەخشەکانى تایبەت بووە بە ئەردۆغان و ئاک پارتى.
لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردن لەو وڵاتە، تەرەتە لەو ماوەیەدا هەزار و 949 خوولەک گوتارى ئەردۆغان و مەراسیمى ناساندنى کاندیدەکانى ئاک پارتى گواستووەتەوە، هەر لەماوەیەدا تەنها 25 خوولەک گوتارەکانى ئۆزگور ئۆزاڵى سەرۆکى جەهەپەى بۆ بینەران گواستووەتەوە.