زووم:
راپۆرتی گۆڤارێکی جیهانی لەبارەی بەهەدەردانى خۆراکی چێشتخانەکانى عێراق، گوتەبێژی وەزارەتى پلاندانانى عێراقی هێنایە دەنگ، داواکارە یاسایەکى تایبەت بەو “بەهەدەردانە گەورەیە” دابنرێت.
عەبدولزوهرە هنداوی، دەڵێت، ئەو چێشت و خواردنانەى عێراقییەکان بەفیڕۆی دەدەن، بەسە بۆ ئەوەی نزیکەی دوو ملیۆن کەس تێربکات، بۆیە بە گرنگی دەزانێت یاسایەک هەبێت مامەڵەکردن لەگەڵ خۆراک و چێشتخانەکان لە عێراق رێکبخات.
زەهراوى لە وتارێکیدا کە رۆژنامەى سەباحی نیمچەفەرمى عێراق بڵاویکردووەتەوە، دەنووسێت، ئەو راپۆرتەی گۆڤاری CEWORLDی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە، ئاشکرایکردووە، عێراق لە ساڵی 2023 لە ریزبەندیی ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین خۆراکی بەفیڕۆداوە، بەجۆرێک لە وڵاتانى عەرەبیدا بە پلەی یەکەم و لەسەر ئاستی جیهان، پلەی حەوتەمی گرتووە.
هەروەها بەگوێرەى راپۆرتێکی پرۆگرامى ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لە لیستی دووەمى وڵاتانی رۆژهەڵاتى ئاسیادایە کە زۆرترین خۆراک بەفیڕۆ دەدات.
هنداوی ئاماژە بە ئامارێکی دیکەی فەرمى دەکات و دەنووسێت، تاکی عێراقی ساڵانە نزیکەی 120 کیلۆگرام خۆراک بەفیڕۆ دەدات، کۆی ئەو بڕە خۆراکەى عێراقییەکان لە ماوەی ساڵێکدا بەفیڕۆی دەدەن، دەگاتە پێنج ملیۆن و 200 هەزار تۆن خۆراک، كە ئەو بڕە بەسە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی زیاتر لە یەک ملیۆن 750 هەزار کەس، کە زیاترە لە کۆی دانیشتووانى وڵاتێکی وەک بەحرەین، کە ئەو وڵاتەش لەسەر ئاستى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ئاسیا لە پلەى یەکەمى بەفیڕۆدانى خواردندایە.
گوتەبێژەکەى وەزارەتی پلاندانان نووسیویشیەتی، فڕێدانی ئەو هەموو خۆراکە، شوێنەواری دیکەی هەیە کە هیچی لە برسیەتی کەمتر نییە، ئەویش پیسبوونی ژینگە و دەردانی کاربۆن و گازەگەرمەکانە.
نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەندێک داتا ئاماژە بەوە دەکات، لە شوێنەکانى فڕێدان و رۆکردنى خۆراک لە جیهاندا ساڵانە زیاتر لە 3 ملیار تۆن گازە گەرمەکان دەردەدرێت، ئەمەش وایکردووە دوای کارگەکانی ئەمریکا و چین، پاشماوەى خۆراکە فڕێدراوەکان سێیەم گەورەترین هۆکاری گەرمبوونی بەرگەهەوای گۆی زەوی بێت.