زووم:
بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی پیرانی بەریتانیا بۆ گەنگەشەکردن لەسەر پڕۆژەیاسای مشتومڕاوی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا کۆببێتەوە، راپۆرتێکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش دەڵێت، پڕۆژەیاساکە لە بنەڕەتدا لەگەڵ پارێزگاریی لە مافەکانی مرۆڤی بەریتانیادا ناگونجێت.
مانگی رابردوو پەرلەمانی بەریتانیا دوای گفتوگۆیەکی درێژ، پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد و ناردی بۆ ئەنجوومەنی پیران بۆ ئەوەی بەوردیی گفتوگۆی لەسەر بکرێت پێش ئەوەی تێپەڕێنرێت یاخود رەتبکرێتەوە، پێشبینیش دەکرێت نارەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئەنجوومەنەکەدا بەدوای خۆیدا بهێنێت.
لە تازەترین پێشهاتدا، لیژنەی هاوبەشی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی بەریتانیا لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، ئەو پڕۆژەیاسایە مەترسیی خستووەتە سەر نێوبانگی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
ئەگەرچی یاساکە لەلایەن ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەوە پێشنیاز کراوە، کەناڵی بی بی سی بەریتانیی دەڵێت: تەنانەت ئەگەر لە ئەنجوومەنی لۆردەکانیش پەسەند بکرێت، هێشتا دیارنییە، کە جەنگی نێوان لایەنە دژبەرەکانی بەریتانیا لەسەر ئەوپرسە کۆتایی دێت یان نا، چونکە لەنێو خوودی پارتەکەی سوناکیشدا، ناڕەزایەتی هەیە و دەڵێن یاساکە گونجاو نییە.
لەژێر ئەو پلانەدا، کە تا ئێستا بەریتانیا بڕی 290 ملیۆن پاوەنی بۆی خەرجکردووە، حکومەت داوای کۆچبەران بۆ مافی پەنابەریی لە وڵاتەکەدا رەتدەکاتەوە و لەبری ئەوە، رەوانەی وڵاتی روواندایان دەکات.
دادگای باڵای بەریتانیا پێشتر بڕیارەکەی رەتکردووەتەوە، بەهۆکاری ئەوەی ئەو کۆچبەرانە دەبن بە قوربانیی و لەو وڵاتەدا بە خراپ بەکاردەهێنرێن، ئەشکەنجە دەدرێن و رەوانەی ئەو وڵاتانە دەکرێت کە لێوەی رایانکردووە. ئەمەش بنەمایەکی سەرەکیی یاساکانی مافی مرۆڤە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، کە بەریتانیا ماوەی 70 ساڵە پێوەی پابەندە.
ئەگەر ئەم یاسایە لەپەرلەمانی وڵاتەکەدا ئەمجارە پەسەند بکرێت، داوا لە دادوەرە بەریتانییەکان دەکرێت کە بڕیارێک بدەن لەوەی وڵاتەکە سەلامەتە بۆ رەوانەکردنی کۆچبەران بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ بەڵگەکان. ئەم هەوڵانەی بەریتانیاش بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەیە کە ساڵانە بەلێشاو روودەکەنە وڵاتەکە و بەهۆیانەوە خەرجییەکی زۆر دەکەوێت سەرشانی حکوومەت.