زووم:
بەگوێرەی تازەترین راپرسی، کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی “مێترۆپۆل” ئەنجامدراوە، دەنگەکانی دەم پارتی بەراورد بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی رابردووی تورکیا نزیکەی لەسەدا دوو زیادیکردووە.
راپرسییەکە لە 12 بۆ 15ـی مانگی رابردوو لە 28 پارێزگای تورکیا ئەنجامدراوە، لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و وێب سایتەوە بۆچوونی دەنگدەران وەرگیراوە.
لە راپرسییەکەدا دەم پارتی رێژەی لەسەدا 10.3ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی رابردوو لەسەدا 8.8ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.
ئەنجامەکانی راپرسییەکە، دەم پارتی کردووەتە سێیەم پارتی سیاسی لەسەر ئاستی تورکیا و پێش دوو پارتی دیکە کەوتووە.
لە پاش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی رابردووی تورکیاوە، ئەوە یەکەمجارە دەم پارتی لە راپرسیدا رێژەی زیاتر لەسەدا 10ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.
بە گوێرەى ئەنجامى گشتى راپرسییەکە، ئاک پارتی، کە پارتى دەسەڵاتدارى تورکیایە، رێژەى % 34.6ـى دەنگەکانى بەدەستهێناوە، پارتى گەلى کۆماری جەهەپەش، کە یەکەم گەورەترین پارتە، رێژەى %25.1ـى بەدەستهێناوە، هەروەها پارتى یەکسانى و دیموکراسى تورکیا دەم پارتی، رێژەى %10.3ـى دەنگەکانى بەدەستهێناوە، ئیی پارتیش %10.1، مەهەپەش %9، دەنگەکانى بەدەستهێناوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانى تورکیا لە ساڵى 2023، ئاک پارتی %35.32، جەهەپە %25.41، مەهەپە %10.4، ئیی پارتی %9.9، دەم پارتی %8.8ـى دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.