زووم:
تا دێت مەترسییەکانی دەستپێکردنی هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەی رەفەح لە باشووری غەزە رووی لەزیادبوونە. لەوبارەیەوە شەوی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا کە 45 خولەکی خایاند.
لە پەیوەندییەکەدا بایدن هۆشداریی داوەتە ناتانیاهۆ لە دژی دەسپێکردنی هێرشی زەمینی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر رەفەح، بەبێ بوونی پلانێکی پێشوەختە بۆ راگواستنی هاووڵاتییانی مەدەنی لەو ناوچەیەدا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی، بەرپرسانی ئیدارەی بایدن بە راشکاوی ئەوەیان بە ئیسرائیل راگەیاندووە کە لە دژی ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەن بەبێ بوونی پلانێکی روون بۆ دەربازکردنی پێشوەختەی ئەو ئاوارانەی کە لەترسی بۆردومانەکانی ئیسرائیل روویان کردووەتە رەفەح.
لەبارەی پەیوەندییەکەوە، کۆشکی سپی رایگەیاندووە بەشێکی زۆری گفتوگۆکان لەبارەی هەوڵەکانی ئازادکردنی ئەو 132 بارمتەیەبوون کە هێشتا لای حەماس ماون. بەرپرسانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە پرسەکە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بەرەوپێشچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
هاوکات بایدن بە ناتانیاهۆشی گوتووە، “ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە رەفەح ئەنجام نادرێت تا پلانێکی کردەیی بۆ پاراستن و پشتیوانی ئەو یەک ملیۆن کەسە ئامادە نەکرێت، کە لەوێدا گیرساونەتەوە.” گوتوشییەتی ئەوان هیچ شوێنێکیان نییە بۆی بڕۆن.