زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقئەوسەت
پەلاماردانی رەفەح هەڕەشەی ئاوارەکردن لە نیوەی خەڵکی غەزە دەکات، ناتانیاهۆ سوورە و حەماسیش هەڕەشە دەکات
دوێنێ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێداگریی کرد کە پێویستی بە هێزی پیادەی زەمینی پەلاماری رەفەح بدات و هەڕەشەشی کردووە لە ناو ئەو شارە قەرەباڵەغەدا، کە لە ئێستادا پڕبووە لە ئاوارەی شوێنەکانی دیکە، چەکدارانی حەماس لەناو ببات، بەبێ گوێدان بەو هەمووە هاوارەی لە دنیاوە هەستاوە و هۆشداری لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە دەدەن.
هێرشەکە ئەگەر رووبدات، نیوەی دانیشتوانی کەرتی غەزە ئاوارە دەبنەوە، ناتانیاهۆ بە کەناڵی بی بی سیی لەندەنیی گوتووە، ئەو کەسانەی نایانەوێت ئێمە بگەین بە رەفەح، نایانەوێت سەرکەوتنی ئێمە ببینن بەسەر حەماسدا.
رۆژنامەی عەرەب
کەمبوونەوەی داهاتەکانی کەناڵی سوێس قاهیرەی ناچارکردووە سیاسەتی دیکە بگرێتەبەر
بوونی هەڕەشە ئەمنییەکان لەسەر چەند ناوچەیەکی فراوانی سەر دەریای سوور، کاریگەریی خراپی خستووەتەسەر میسر، بۆیە حکومەتی ئەوێ بە ناچاری پەنای بۆئەوە بردووە هەندێک دەستی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت واڵاتر بکاتەوە. پەیوەندیی حکومەت لەگەڵ بازرگانەکاندا باش بکات بۆئەوەی ئەوانیش بیر لە ئەنجامدانی وەبەرهێنانی زیاتر بکەنەوە.
ئەو بازرگانانە هەمیشە گلەیی ئەوەیان لە حکومەتی نیشتمانیی خۆیان کردووە کە هەلی وەبەرهێنانیان بۆ ناڕەخسێنێت، بەڵام ئێستا کەناڵی سوێس بەهۆی رەوشی دەریای سوورەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، دراوی بیانیش کەمتر لە جاران دەچێتە ناو میسرەوە، بۆیە دەبێت حکومەت بیر لە نەرمینواندنی زیاتر بکاتەوە لە سیاسەتە ئابورییەکانی خۆیدا.
محەمەد موعیت، وەزیری دارایی میسر دەڵێت، دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر ئەو دۆخەی لە پێش ئەنجامدانی پەلامارەکانی سەر دەریای سوورەوە لە ئارادابوو، ئەو رۆژگارە کەناڵی سوێس داهاتی باشی هەبوو، بۆیە ئێستا بیر لە چالاککردنی زیاتری کەرتی تایبەت دەکرێتەوە.
عەرەبی جەدید
ئینتەرنێتی ستارلینک لە ئۆکراین خزمەتی روسیا دەکات
سەرباری ئەوەی رۆژنامەی عەرەبی جەدید، بەردەوام هەموو ژمارەکانی خۆی بۆ کێشەی فەلەستین تەرخان دەکات، ئەمڕۆ لەسەر لاپەڕەی یەکەمەکەی بابەتێکی جیاواز و دوور لە باسی فەڵەستینی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، کۆمپانیای ستارلینک کە هیی ئیلۆن ماسکە، لە ئۆکراینیا خزمەتی روسیا دەکات.
بەگوێرەی ئەم بابەتە، لە ئێستادا کە سەرکردایەتیی سەربازیی سوپای ئۆکراین سەرقاڵی ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەکن لە ناو خۆیاندا، ئاژانسی هەواڵگریی سەربازی لە سوپای ئۆکراین زانیاریی دەستکەوتووە کە سوپای روسیا لە ناو ئەو خاکانەدا داگیریان کردووە سوود لە ئەو ئینتەرنێتەکە وەردەگرن کە کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن ماسک لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە دابینی دەکات.
ئەندرێ یوسۆف بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینەوە دەڵێت، چەندان حاڵەتیان تۆمارکردووە و تێیاندا سوپای روسیا بەشێوەیەکی رێکخراو بۆ کارپێکردنی ئامێرەکانی خۆیان سوود لە ئەو ئینتەرنێتە وەردەگرن.
قودسی عەرەبی
رەفەح بۆردوومان کراوە و شەهیدیش هەیە؛ نەتانیاهۆ سوورە لەسەر بردنی شەڕ بۆناو رەفەح، بەڵام بایدن رازی نییە
دوێنێ یەکشەممە سوپای ئیسرائیل پلانێکی پەسەندکرد بۆئەوەی بە هێزی پیادە پەلاماری رەفەح بدرێت، پێش پەلامارەکەش بۆردومانکردن دەستیپێکرد و ژمارەیەک خەڵکیش شەهید بوون. ئەمریکا هێشتا ڕازی نەبووە ئەو هێرشە ئەنجام بدرێت. حەماس دەڵێت رەفەح پەلامار بدرێت، گفتوگۆکردن و دانوستاندن لە ئارادانامێنن.
کۆشکی سپی دەڵێت، بایدن بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە ناتانیاهۆوە کردووە و پێیگوتووە، ئەگەر پلانی پێشوەختەتان نەبێت بۆ پاراستنی سەلامەتی ئەو ملیۆن هاوڵاتییەی لە رەفەحدا کۆبونەتەوە، نابێت پەلاماردانی سەربازی دەست پێبکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
پارتەکەی عیمران خان بانگەشەی یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی پاکستان دەکات
پشتیوان و لایەنگرانی پارتەکەی سەرۆکوەزیرانی دەستگیرکراوی پێشووی پاکستان، عیمران خان، خۆپیشاندانێکیان لە شاری کەراچی رێکخست بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبارەی دەنگۆی دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کاندیدانی نزیک لە خان کە بە وە کاندیدی سەربەخۆیی خۆیان هەڵبژاردبوو، سەرکەوتنێکی شۆکئامێزیان لە هەڵبژاردنی هەفتەی رابردوودا تۆمارکرد و توانیان لەکۆی 265 کورسی، 101 کورسی بەدەستبهێنن.
گاردیەن
ئەو خوێندکارە نێودەوڵەتییانەی کە تۆمەتی گزییکردنیان دراوەتەپاڵ لە تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزیدا فشار دەکەن بۆ ئەوەی بێتاوانیی خۆیان بسەلمێنن
ئەو خوێندکارە نێودەوڵەتییانەی کە لە بەریتانیا تۆمەتی گزیکردنیان دراوەتەپاڵ لە تاقیکردنەوەکانی زمانی ئینگلیزیدا، لە ئێستادا هەوڵی تازەیان دەستپێکردووەتەوە بۆ ئەوەی ناوەکانیان بسڕنەوە لەو تۆمەتانە، لەکاتێکدا 10 ساڵ بەسەر تۆمەتەکانیاندا تێپەڕیوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەزاران خوێندکار پێیانوایە هەڵەی گەورەی دادپەروەرییە لەو وڵاتەدا. خوێندکارەکان ژمارەیان 35000 کەسە و بەشێکیان بەهۆی ئەو تۆمەتەوە لە خوێندن و تەنانەت لە وڵاتەکەش دەرکراون.
واشنتن پۆست
ئەو ئاژانسەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت لە ململانێدایە بۆ هاوکارییکردنی هاوڵاتییانی غەزە
ئاژانسی بەهاناوەچوون و فریاگوزاریی بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کە بە ئۆنروا ناسراوە، لە ئێستادا رووبەڕووی کۆمەڵێک تۆمەتی گەورەی هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ حەماسدا بووەتەوە. بەهۆی ئەمەوە، ئاژانسەکە لەململانێدایە بۆ ئەوەی نێوبانگی خۆی بپارێزێت و ئۆپەراسیۆنە فریاگوزارییەکانی بەردەوامی پێ بدات. ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسرائیل هەڕەشەی داگیرکردنی گەورەترین کامپی پەنابەرانی کەرتەکە دەکات.
ئۆرشەلیم پۆست
ئەمریکا و میسر لە دژی ئۆپەراسیۆنی رەفەح هۆشداریی دەدەنە ئیسرائیل
شەوی رابردوو هەریەک لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی 45ـیان خولەکییان ئەنجامدا، ئەمەش لەکاتێکدایە سوپای ئیسرائیل سەرکەوتنەکەی بە ئۆپەراسیۆنەکەی رەفەحەوە بەستووەتەوە، بەشێوەیەک کە بتوانێت حەماس لەو ناوچەیەدا تێکبشکێنێت. لەوبارەیەوە ناتانیاهۆ رایگەیاند، ئەوانەی کە دژی ئۆپەراسیۆنەکەن، پێمان دەڵێن جەنگەکە بدۆڕێنن. بەڵام هەریەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا، ئەڵمانیا ئیرلەندا، ئەمریکا، ئوردن و میسر هۆشدارییان لەدژی ئۆپەراسیۆنەکە داوە.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
ماوەی 15 رۆژی تانەگرتن تێپەڕ بوو و کۆنگرێسی ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ فرۆشتنی ئێف 16 بە تورکیا هەڵکرد
مانگی رابردوو تورکیا رەزامەندی خۆی بۆ ئەندامبوونی سوید لە هاوپەیمانیی ناتۆ نیشان دا، دەستبەجێ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە فەرمی داوای کڕینی چەندین فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 16ی لە ئەمریکا کرد و رۆژی 26ی کانونی دووەمی رابردووش لەلایەن ئیدارەی بایدنەوەوە پەسەندکرا و هەر ئەو رۆژە نێردرا بۆ کۆنگرێس.
کۆنگرێس تەنها 15 رۆژی هەبوو بۆ رەتکردنەوە بەڵام ئەوە نەکرا، ئێستا کە 17 رۆژ تێپەڕبووە، مانای وایە بابەتەکە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند کراوە و گرێسەتی فرۆشتنی دەیان فڕۆکەی ئێف 16 بە بەهای 23 ملیار دۆلار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یەنی شەفەق
جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە سێ پارێزگا ستراتیجی جیاواز دەگرێتەبەر
پارتی چەپی کۆماری (جەهەپە) لە سێ گەورەشارەوانی ستراتیجی جیاوازی بۆ هەڵبژاردن هەیە،لە ئەنقەرە دەیەوێت دەنگدەری نەتەوەپەرستی لەرێگەی ئیی پارتییەوە کۆبکاتەوە. لە ئیزمیر دەیەوێت دەم پارتی پشتیوانی لێ بکات هەروەها لە ئیستەنبوڵیش نایەوێت هیچ رکابەرییەکی سیاسیی لەگەڵ دەم پارتیدا بکات.
قەرار
گازی خۆماڵی لەئارادا نییە، بەڵکو گرانبوونی نرخەکەی هەیە
وابڕیارە لە 30ی نیسانی داهاتوو گازی دەریای رەش دەربهێنرێت و مانگانە بەبڕی 300 ملیۆن مەتر سێ جا بەرهەمبهێنرێت، پسپۆڕان ئاماژە بە بڕی 100 هەزار ملیۆن دەکەن، ئەو کورتهێنانەش لە گازی سروشتی دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی زیاتر و نرخی گاز و کارەبا گرانتر بکات، چاوەڕێ دەکرێت لەپاش هەڵبژاردن نرخەکان گران بکرێت.
تورکیا
تادێت ژمارەی ئەوانەی لە تورکیا بە تەنها دەژین زیاتر دەبێت
بەگوێرەی ئامارێک لەماوەی 10 ساڵدا ئەوانەی بەتەنها لە ماڵێکدا دەژین لە تورکیا سەدا 2.77% زیادی کردووە، بەمەش رێژەکە گەیشتووەتە 5.2 ملیۆن کەس، زۆرترین رێژەش لە ئیستەنبوڵ تۆمارکراوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمان ئیمروز
نرخی گۆڕ لە تاران بەڕێژەی 30% بەرزدەبێتەوە
محەمەد جەواد تاجیک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران سەبارەت بە پێشنیازی شارەوانی بۆ زیادکردنی نرخی گۆڕ لە تاران لە ساڵی داهاتوودا رایگەیاند، ئەم بەرزبوونەوەیە 30% زیاتر نابێت.
سەبارەت بەو نیگەرانیە لە تێچووی خزمەتگوزارییەکان دوای ناشتنی مردووان، ناوبراو روونیکردەوە کە نرخەکان هەر بەو رێژەیە بەرز دەبێتەوە و گۆڕستانی نوێ لە داهاتووی نزیکدا لە لایەن شارەوانییەوە دروست دەکرێت و لەوانەیە نرخەکان جێگیر بن.
ئیعتدال
هەناردەی بەشێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران بۆ روسیا بە ڕێژەی 500% گەشەی کردووە
بەرهەمە ئێرانییەکان جێگەی بەشێک لە ئەو بەرهەمانەیان گرتووە کە پێشتر روسیا لە ئەوروپاوە هاوردەیان دەکرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەرزی کوالێتی بەرهەمە ئێرانییەکان.
سێرگی دانکۆڤ، سەرۆکی دەزگای فیدراڵی روسیا بۆ چاودێری کشتوکاڵی جەختی لە زیادکردنی هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک پرتەقاڵ و کاهوو و بیبەر لە ئێرانەوە کردەوە.
ناوبراو گوتیشی، بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات لە نێویاندا سەرۆککۆمارەکان حەزیان لە فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانە، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا.
بە واژۆکردنی رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لە نێوان ئێران و روسیا، داوا لەو وڵاتە دەکرێت بەربەستەکانی بەردەم چوونی کاڵای ئێرانی بۆ بازاڕەکانی لاببات.
ئەفکار
لە 10 مانگی ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل یەک ملیۆن دانەی تێپەڕاند
بە گوێرەی راپۆرتی فەرمی سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ماوەی 10 مانگی ساڵی رابردوودا هاتووە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێل لە ئێراندا بەرهەم هێنراون، لەو ژمارەیەش بە پشکی 84.5% ئۆتۆمبێلی ئاسایی نەفەرهەڵگر بووە، ئەم ئامارانە ئەوە دەردەخەن کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2022، بەرهەمی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک بە ڕێژەی 11% گەشەی کردووە. هەرچەنده کواڵیتی ئۆتۆمبێلە ئێرانییەکان وەک ئۆتۆمبێلی دەرەکی باش نین، بەڵام وەڵامی پێداویستی خەڵک دەداتەوە.
ئیمروز
ئەمساڵ ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران و سعودیە راوەستاوە
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نانەوتی ئێران لەگەڵ 15 وڵاتی دراوسێ لە ماوەی 10 مانگدا گەیشتە 50 ملیار دۆلار و بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو 1.8% گەشەی بەخۆیەوە بینیوە
روحوڵا لەتیفی، گوتەبێژی رێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران تیشکی خستە سەر ئامارە بازرگانییەکان و ئاماژەی بە کاڵای ئاڵوگۆڕکراو بە بەهای 49.8 ملیار دۆلار کرد و ئێران 23.15 ملیار دۆلار هەناردەی کردووە و 26.68 ملیار دۆلاریش هاوردە.
عێراق، ئیمارات، تورکیا، پاکستان و ئەفغانستان ئامانجی زۆرترین رێژەی هەناردەکردنی ئێران بوون و عێراق بە بڕی 7.2 ملیار دۆلار یەکەم بووە بەڵام سەرەڕای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، هیچ ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی لە نێوان ئێران و سعودیە لە ئەمساڵدا ئەنجام نەدراوە.