زووم..
یەحیا رەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەڵێت، ئەگەر هیچ شتێک کەشی گفتوگۆکانی نێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تێکنەدات، خشتەیەکی زەمەنی دادەنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بەغداد، لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆبووەوە، یەحیا رەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، دەڵێت، “لەسەر بنەمای ئەو کۆبوونەوانە، خشتەیەکی زەمەنی دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەیەکی پلانبۆداڕێژراو و پلەبەپلەی هێزەکانی هاوپەیمانان، تا دەگاتە کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی ئەو هێزانە”.
یەحیا رەسوڵ راشیگەیاندووە، “ئەگەر هیچ شتێک کەشی گفتوگۆکان تێکنەدات، کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی خولی بەردەوام دەبن بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانی لیژنەکە بەشێوەیەکی خێرا”.