زووم:
گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە و تونێڵەکانی حەماس نیشاندەدات.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئەم تونێلە، کە سەدان مەتر درێژە، بارەگاى فەماندەییەکی حەماسە، کە لەژێر بارەگای رێکخراوی ئۆنرواى سەر نەتەوەیەکگرتووەکان دۆزیویانەتەوە.
تونێلەکە 700 مەتر درێژە و 18 مەتریش قووڵە. ئەوەی لە توونێلەکەدا دۆزراوەتەوە چەند ژوورێکی لابەلای تێدایە. نووسینگەیەکی تێدایە، لێرە چەند قاسەیەکی بەتاڵی پۆڵا و چەند سێرڤەرێکی کۆمپیوتەر دۆزراوەتەوە، کە بۆ هەڵگرتنی داتا و زانیاریی دانراون.
سوپای ئیسرائیل بە ناوەندێکی گرنگی هەواڵگریی حەماس ناوی بردووە.
دۆزینەوەی ئەم تونێلە، وەک ئیسرائیل بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵگەیەکی بەهێزە بۆئەوەی بیسەلمێنن حەماس سوود لە هاوکارییە مرۆییەکانی ئۆنروا دەبینێت. هەر ئەم دەنگۆیانەش بوو کە بوونە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان هاوکارییەکانیان بۆ رێکخراوەکە بوەستێنن.
فەلەستینییەکان ئیسرائیل تۆمەتباردەکەن کە زانیارییەکان دەشێوێنێت بۆئەوەی ناوی ئۆنروا بزڕێنێت، لەکاتێکدا 13 هەزار کارمەندی لە کەرتی غەزە هەیە و بۆماوەی چەندین ساڵە خەڵکی ناوچەکە بۆ مانەوە لەژیانیاندا پشتی پێ دەبەستن.
رێکخراوەکە چەندین قوتابخانە، ناوەندی تەندروستی و بنکەی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی دیکە لە کەرتەکەدا بەڕێوەدەبات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هاوکارییانە بەسەر خەڵکی غەزەدا دابەش دەکات کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆی دابیندەکرێت.
لەبارەی بانگەشەکەی سوپای ئیسرائیل، فیلیپ لازارینی، کۆمسیاری گشتی رێکخراوی ئونروا رایگەیاند، سوپا رێکخراوەکەی بە فەرمیی ئاگادارنەکردووە لە هەبوونی تونێلێک لەژێر بارەگای رێکخراوەکەیاندا. ئاماژەی بەوەشکردووە رێکخراوەکەیان لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بارەگاکەی چۆڵکردووە و بەکاری ناهێنن.