زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقئەوسەت
گفتوگۆکان لەسەر چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق دەستپێدەکەنەوە و سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەش دەڵێت، هێرشی میلیشیاکان بۆسەر ئەمریکا خزمەتی بە دۆخی غەزە نەکردووە
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، هێرشی میلیشیا و گرووپەکان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریای هیچ خزمەتێکی بە غەزە نەکردووە، بۆیە هۆشداری دەدات لەوەی ئەو هێرشانە دەبنەهۆی درووستبوونی فشارێکی زۆر بۆسەر حکومەتەکەی سودانی.
بڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنێکی دیکەی گفتوگۆکردن لەبارەی چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەستپێبکاتەوە، هاوکات لەتیف رەشید لە یاداشتنامەیەکدا کە ئاراستەی سەرجەم لایەنەکانی کردووە دەڵێت، ئەو گرژی و بەریەککەوتنانەی گروپە عێراقییەکان لە دژی ئەمریکییەکان دروستی دەکەن، نە خزمەتی بە گەلی فەڵەستین کردووە و نە کاریگەریشی لەسەر ڕەوتی روداوەکانی ئەوێ هەبووە، بەڵکو قەیران بۆ حکومەتی عێراقی دروست دەکەن.
عەرەب
کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە لوبنان پەیامی هێورکردنەوەی ئێرانی بۆ ئەمریکا تێدا بوو
رۆژنامەی عەرەب دەپرسێت، ئاخۆ زمانە تووندە هەڕەشەئامێزەکەی ئەمیر حوسێن عەبدوڵاهیانی وەزیری دەرەوەی ئێران چیی بەسەرهات؟ ئەو بەردەوام باسی موقاوەمە و رزگارکردنی فەڵەستینی دەکرد؟
عەبدوڵاهیان لەگەڵ چەند بەرپرسێکی لوبنانی و حزبوڵا کۆبوویەوە، دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە راگەیەنراوێکی نەرمی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت، ئێران پێی وایە ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەی شەڕەکە ماوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامەکەیدا جەختیکردووەتەوە کە تاران لەگەڵ ئارامکردنەوەی رەوشەکەیە بۆئەوەی جەنگەکە فراوان نەبێت.
عەرەبی جەدید
سوپای داگیرکەری ئیسرائیل رێخۆشکەری بۆ پەلاماردانی رەفح دەکات
رۆژنامە عەرەبی جەدید لە ژمارەی ئەمڕۆیدا دەڵێت، سوپای داگیرکەری ئیسرائیل بە چڕی رەفح بۆردوومان دەکات و بەوهۆیەوە دەیان کەس کوژران و بریندار بوون. بۆیە هۆشداری دەدرێت لەبارەی روودانی قەسابخانە لەو سنورە دەدرێت، چونکە گواستنەوەی هاوڵاتییە مەدەنییەکان لە ئاستێکی فراواندا دەستیپێکردووە و بڕیارە پاش ئەوەش کردە سەربازییەکان دەست پێبکەن.
ناوچەی رەفح بەشێوەیەک ئاڵۆز و پشێوییە، هۆشداری دەدرێت لەبارەى برسیکردنی تەواوی فەڵەستینییەکان، چەند مانگە کرێکارانی غەزە نەیانتوانیوە بچن بۆسەر کار و ئەمەش زیانی چەند ملیار دۆلاری لە خەڵک داوە.
قودسی عەرەبی
غەزە؛ پەلاماردانی رەفح و قەیرانەکانی داگیرکاری بەردەوامن
وێنەی سەر لاپەڕەی سەرەتای ژمارەی ئەمرۆی رۆژنامە قودس زۆر سەرنجڕاکێشە، منداڵێکی فەڵەستینیی برینداربووە، ئازار چەشتن و کارەساتی گەورە بە سیمایەوە دیارە.
لە مانشێتەکەیدا نوسراوە، غەزە؛ پەلاماردانی رەفح و قەیرانەکانی داگیرکاری بەردەوامن
دەشڵێت، لە پاش گفتوگۆکانی پاریسەوە و بە نێوەندگیریی وڵاتانی قەتەر و میسر، پڕۆژەیەکی نوێ بۆ ئاگربەست گەڵاڵەکراوە، حەماس و هێزە فەڵەستینییەکان دەستپێشخەرییەکیان هەیە بۆئەوەی وەڵامێکی ئەرێنی لە ئیسرائیلەوە وەربگرن، بەڵام پێدەچێت ئەم پێشنیازەی حەماس بووبێتەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانێک لەناو سەرکردە و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلدا و دابەشبوونێک بەدی دەکرێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سەندەی تەلەگراف
سوپای بەریتانیا کۆت و بەندە ئەمنییەکانی ئاسانتر دەکات بۆ ئەوەی هەمەڕەنگی لە ریزەکانیدا درووست بکات
سوپای بەریتانیا بەنیازە کۆت و بەندە ئەمنییەکانی بۆ ئەو کەسانە ئاسان بکات کە لە وڵاتانی دەرەوەی وڵاتەکەی دادەمەزرێنێت بۆ ئەوەی سوپاکەی ببێتە سوپایەکی هەمەڕەنگ و هەمووان لەخۆبگرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە سوپا بەردەوام شکستی هێناوە لەوەی بگاتە ئەو ئامانجەی کە پلانی بۆ داناوە لە دامەزراندنی سەربازانی کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکە کە لە ئێستادا 14%ـی سوپا پێکدەهێنن.
فاینەنشیەڵ تایمز
ریشی سوناک 1.8 ملیۆن پاوەنی بەهۆی سەرمایەدارییەوە پێکەوەناوە
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڕی 1.8 ملیۆن پاوەنی لە ساڵی رابردوودا وەک دەستکەوتی سەرمایەداریی کۆکردووەتەوە، ئەمەش زۆرترین بڕە لەماوەی چوارساڵی رابردوودا. ئەم زۆربوونی سامانەی سوناک لەکاتێکدایە دەیەوێت زۆرترین دەنگ کۆبکاتە لەو دەنگدەرانەی کە لەگەڵ زۆربوونی خەرجییەکانی ژیانیان دەجەنگن بەهۆی قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخەکان. ئەم سامانەی کە سوناک کۆی کردووەتەوە دوای پێدانی 500 هەزار پاوەن باج دێت کە داویەتی بە حکومەت لەو 2.2 ملیۆن پاوەنەی کۆی کردووەتەوە.
واشنتن پۆست
بۆ دادگاییکردنەکەی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتن رێوشوێنی ئەمنیی توند دەگیرێتەبەر
بەرپرسانی ئەمریکا لە ئێستادا تاوتوێی ئەوە دەکەن کە چۆن دیوارێکی بەهێز لەنێوان هۆڵی دادگا ىو خەڵکیدا دروست بکەن بۆ دادگاییکردنەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە کە بڕیار وایە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا بەڕێوەبچێت. پێدەچێت بەرپرسانی ئەمنیی ویلایەتەکە پەرژینێکی هاوشێوەی رووداوەکانی 6ی کانوونی دووەمی 2020 دروست بکەن، ئەوکاتەی کە لایەنگرەکانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی کاپیتۆل هۆڵ لەو ویلایەتەدا.
ئۆرشەلیم پۆست
تا دێت ناڕەزایەتی جیهانیی لەدژی پلانی هەڵمەتی سوپای ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح زیاتر دەبێت
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە ئەمریکا، ئەڵمانیا و هاوپەیمانە بەئەمەکەکانی ئیسرائیلیشەوە، بە ئاشکرا دژی پلانی سوپای ئیسرائیل وەستاونەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر حەماس لە رەفەحی باشووری کەرتی غەزە. میسریش هۆشداریی داوەتە ئیسرائیل ئەگەر هێرشەکە ئەنجامبدات، رێکەوتننامەی ئاشتی 1979 دەکەوێتە مەترسییەوە. بەڵام ناتانیاهۆ دەڵێت ئێمە سەرکەوتوو نابین ئەگەر چوار بەتالیۆنی حەماس لەو شارەدا جێ بهێڵین.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
حکومەت هاوردەکردنی کحول ئازاد دەکات
حکومەتی ئاک پارتی باجێکی زۆری خستووەتەسەر نرخی کحول بەڵام رێگەش دەدات بەبێ گومرگ هاوردەبکرێت.
بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان تورکیا و ئازەربایجان، ساڵانە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار لیتر کحول لە ئازەربایجانەوە هاوردە دەکرێت بەبێ ئەوەی هیچ گومرگێکی لەسەر بێت.
جمهورییەت
رکابەرییەکان لەسەر پۆستی سەرۆکشارەوانی ئیستەنبوڵ زیاتر دەبێت
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی شارەوانییەکانی تورکیا، زۆرترین کاندید لە ئیستەنبوڵ رکابەری دەکەن، ئاک پارتی ئومێدی بە پارتی رەفای نوێ بوو پشتیوانی لێ بکات، بەڵام فاتیح ئەربەکانی سەرۆکی پارتەکە زاواکەی خۆی وەک کاندیدی پارتەکەی بۆ ئیستەنبوڵ دەستنیشان کرد.
چاودێرانی سیاسیی لەو باوەڕەدان بەشێک لە دەنگی ئاک پارتی بۆ رەفای نوێ بچێت.
تورکیا
لە قەیرانی جیهانیدا تورکیا سودمەند دەبێت
شەڕی ئۆکرانیا و غەزە و هێرشەکانی حووسەنییەکان ئاڕاستەی بازرگانی جیهانیی گۆڕیوە، بۆیە بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز، چاوەکان لەسەر رێڕەوی تورکیایە، تورکیا ڕۆژانە بەبڕی پێنج ملیار دۆلار داهاتی لە گواستنەوەی نەوت و گاز دەبێت.
ئایدنڵک
ئاستی بەرهەمهێنان لە تورکیا کەمیکردووە و هاوردەکردنیش 90% زیادی کردووە
لە ماوەی 34 ساڵدا بەرهەمهێنان لە تورکیا بۆ کەمترین ئاست دابەزیووە، گۆشت و خواردنە پڕۆتینییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو هاوردەدەکرێت.
لەماوەی پێنج ساڵدا کۆی رێژەی هاوردەکردن 90.6% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 544 ملیۆن دۆلار.