زووم:
محەمەد خزرنەژاد، مامۆستای ئاینی شاری بۆکان کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022ی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکرا، بە تۆمەتی “خراپەکاری لەسەر زەوی”، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، مامۆستا محەمەدی تەمەن 45 ساڵ خەڵکی شاری بۆکانە و لەلایەن لقی 3ـی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “خراپەکاری لەسەر زەوی – فساد فی الارض)، هەروەها بە تۆمەتی زیانگەیاند بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات، سزای ١٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پروپاگەندە دژی حکومەتی ئێران سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
رێکخراوەکە دەشڵێت، لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تارانەوە، مامۆستا محەمەد و کوڕەکەی بەناوی یاسر دەستبەسەرکراون و لەژێر ئەشکەنجەی لەرادەبەدەر ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی کراوە، تەنانەت لەکاتی دادگایکردنەکەشیدا، دادوەر ئامادە نەبووە مافی بەرگریکردن بە مامۆستا محەمەد بدات.