زووم:
نووسینگەی راگەیاندنی مەسرور بارزانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی لێدوانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کەناڵی (NBC)ی ئەمریکی بڵاوکردەوە، دەڵێت، هەوڵدراوە بۆچوونەکانی بەلاڕێدا ببەن.
نووسینگەکەی مەسرور بارزانی دەڵێت، هەندێک ماڵپەر و پەیجی ناوخۆی سۆشیال میدیا، بە بڵاوکردنەوەی لێدوان و لێکدانەوەی نەگونجاو و دوور لە راستییەکانی کایەی سیاسی و ئەمنیی دەڤەرەکە، هەوڵیانداوە بۆچوون و لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ کەناڵی NBC بەلاڕێدا ببەن.
بەگوێرەی روونکردنەوەکە، سەرۆکی حکومەت پێداگریی لە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کردووە و بەردەوامیش دەبن لە گرتنەبەری هەموو رێکارێک بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، خۆدزینەوە و خۆگێلکردن بەرامبەر بە ناحەزان، هیچ لە مەترسی و هەڕەشەکان کەمناکاتەوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا بن بەرامبەر بە خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان.