زووم:
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری ئەوە دەدات، کە شەڕی بەردەوامی سودان لەوانەیە ببێتە هۆی بەدخۆراکی زیاتر لە 700 هەزار منداڵ، دەشڵێت ئەگەری هەیە دەیان هەزار کەسیش بەهۆى نەگەیشتنى هاوکارییە مرۆییەکان ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوەو تەنانەت گیان لەدەست بدەن.
سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە “یونیسێف”، داوای لە جیهان کرد چیدی چاونوقاندنیان بەس بێت لەئاست ئەو جەنگە ناوخۆییەی 10 مانگە لە سودان درێژەى هەیە.
“جەیمس ئیلدەر”، گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە “جنێڤ”ـی پایتەختی سویسرا، بە رۆژنامەنووسانی گوتووە، رووداوەکانی 300 رۆژی رابردوو کارێکی وایکردووە ئەگەری زۆرە زیاتر لە 700 هەزار منداڵ لەمساڵدا بەهۆی بەدخۆراکییەوە بمرن.
ئیڵدەر، کە تازە لە سەردانەکەی بۆ سودان گەڕاوەتەوە گوتیشى، بەبێ هاوکاریی مرۆیی زیاتر و پاڵپشتی فراوانتر، ناتوانین چارەسەری زیاتر لە 300 هەزار کەس لە سودان بکەین.
بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆى ئەو جەنگەی لە مانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە لە نێوان “عەبدولفەتاح بورهان”ـی فەرماندەی سوپای سودان و “محەمەد حەمدان دەقلو”ـی جێگری پێشووی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دروستبووە، تا ئێستا هەزاران کەس لە سودان کوژراون.
بە گوتەی بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە 10 مانگی رابردوودا، 10 بۆ 15 هەزار کەس، تەنها لە رۆژئاوای هەرێمی دارفۆر کوژراون.
کارەساتەکانی ئەو جەنگە ناوخۆییە، نزیکەی 25 ملیۆن کەس، کە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەیە، پێویستیان بە هاوکارییە، لەو ژمارەیەش نزیکەی 18 ملیۆن کەسیان رووبەڕووی برسییەتی توند بوونەتەوە.
بەدخۆراکی و برسییەتی توند، هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک کۆلێرا و سورێژە و مەلاریا، بە مانای مردنی راستەقینەی منداڵانی سودان دێت.
لای خۆیشیانەوە رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور بڵاویکردەوە، لە کەمپی ئاوارەکانی “زەمزەم: لە دارفۆر، لە هەر دوو سەعاتێکدا منداڵێک گیانلەدەست دەدات”.
جەنگەکە وایکردووە، گەورەترین ئاوارەیی و بێماڵوحاڵی لەجیهاندا رووبدات، کە بەرۆکی هەشت ملیۆن کەسی گرتووە، کە نیوەیان منداڵن، بە گوێرەی ئەو ژمارەیش بێت، 13 هەزار منداڵ رۆژانە، بەدرێژایی ئەو 300 رۆژە ئاوارەو بێماڵوحاڵ بوون و ئێستا لەژێر مەترسیی راستەقینەی مردندان بە بەدخۆراکی و برسییەتی و نەخۆشی.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە500% حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژی سێکسی و چەکدارکردنی منداڵان و ئامادەکردنیان بۆ جەنگ، زیادیکردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا بانگەوازی هاوکارییەکی 4.1 ملیار دۆلاریی کرد، بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوخۆی سودان و ئەو کەسانەی کە وەک پەنابەر بۆ دەرەوەی وڵاتەکە هەڵاتوون.
“یونیسێف”یش، لەو بڕە پارەیە داوای 840 ملیۆن دۆلاری کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت یارمەتی 7.6 ملیۆن منداڵ بدات، کە گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.