زووم:
رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا ژێرخانی ئابووری و کەرتە هەستیارەکانی رۆژاڤای کوردستانی کردووەتە ئامانج و ژیانی دانیشتوانەکەی خستووەتە مەترسییەوە.
لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە بۆردومان و هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژاڤا، رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی (هیومەن رایتس وۆچ) دەڵێت، لە کاتێکدا جیهان سەرنجیان لەسەر جەنگی غەزەیە، قەیرانێکی دیکە دوور لە چاوی وڵاتان لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا قوڵبووەتەوە، لەوێ هێرشی ئاسمانی تورکیا ژێرخانی ئابووری و کەرتە هەستیارەکان و ژیانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە، چەندین ناوچەی نیشتەجێبوون بەو هۆیەوە لە کارەبا و خزمەتگوزاری تەندروستی و پێداویستی سەرەکیی رۆژانە دابڕاون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی داوایکردووە، دەستبەجێ تورکیا دەست لە بۆردومانکردنی ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە مەدەنییەکان هەڵبگرێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا، هەروەها بەرپرسانی ئەو پێشێلکارییانە بخرێنە بەردەم لێپرسینەوە.
پێشتر و لە کۆتاییەکانی ئۆکتۆبەری رابردوو، هیومەن رایتس وۆچ رایگەیاندبوو، بۆردومانی تورکیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان، بوونەتە هۆی بڕینی تەزووی کارەبا و ئاوی خواردنەوەی ملیۆنەها لە دانیشتوانی ناوچەکە.
هەر بە گوێرەی راپۆرتی ئەو کاتەی راتس وۆچ، تورکیا لە بۆردومانەکانیدا وێستەگەکانی وزە و پاڵاوگەکانی ئاو و دامەزراوەکانی نەوتی کردووەتە ئامانج، لەگەڵ تاکە کارگەی غازی ماڵان لە تەواوی ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.