زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
ئیسرائیل بەرەنگاری جیهان دەبێتەوە و هێرشدەکاتە سەر رەفەح
رۆژنامەی شەرقولئەوسەوت دەڵێت، هێزەکانی ئیسرائیل بەچڕی شاری رەفەحی هاوسنووری میسریان بۆردوومان کردووە.
رەفەح دەکەوێتە باشوری کەرتی غەزە و زیاد لە نیو ملیۆن هاووڵاتیی کەرتەکە پەنایان بۆ ئەوێ بردووە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم بۆردوومانکردنەی رەفەح لەکاتێکدایە رۆژێک پێشتر بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشنیازێکی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەزە کردبوو.
توور وینزلەند، کارمەندی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، رەفەح پڕیەتی لە هاووڵاتی و بەهەر شێوەیەک پەلامار بدرێت، کارەساتی گەورەی مرۆیی تێدا دەقەومێت.
شەرقئولئەوسەت نووسیویشیەتی، لەئێستادا میسر و ئیسرائیل گفتوگۆی چڕ دەکەن لەسەرئەوەی کارێک بکەن ناوچەی فیلادلفیا، بەگوێرەی رێککەوتنی ساڵی 1979ـی نێوانی ئەو دوو وڵاتە وەک ناوچەیەکی لەچەکداماڵراو بمێنێتەوە.
ئەلعەرەب
بەئامانجگرتنی سەرکردە شیعەکان وادەکات ژیانی حەسەن نەسروڵڵا بژین
رۆژنامەی ئەلعەرەب، لەبارەی سەرکردەی گرووپە چەکدارە شیعییەکانی نێو عێراق نووسیویەتی، کوشتنی ساعیدی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا زانیاریی تەواویان لایە و دەتوانن بگەن بە دیارترین سەرکردەکانیان.
ئەلعەرەب باسی لەوە کردووە، کوشتنی ئەبوباقر ساعیدی، سەرکردەی دیاری کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، پەیامێکی بەهێزە لە واشنتنەوە بۆئەو گرووپە چەکدارانەی هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ناوەڕۆکی پەیامەکەی واشنتن ئەوەیە، چارەنووسی ئەوانیش وەک ئەبوباقر ساعیدی و قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دەبێت. لەبەرئەوە پێویستە هەموویان وەک حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان “لە ئەشکەوتدا خۆیان بشارنەوە”.
عەرەبی جەدید
ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان دەرگای رێککەوتن واڵادەکەن
رۆژنامەی عەرەبی جەدید، ئاگربەست و ئاڵوگۆڕپێکردنی بارمتەکان وەک دوو مەرجی سەرەکیی رێککەوتن دەبینێت و نووسیویەتی، ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردن دەرگای ڕێکەوتن واڵادەکەن.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، بلینکن گوتوویەتی وەڵامەکەی حەماس ئەگەری درێژەکێشانی گفتوگۆکان درێژ دەکاتەوە. بۆیە ڕێی تێدەچێت رێککەوتن رووبدات.
سەرچاوەیەک لە حەماس بە رۆژنامەکەی گوتووە، ئەوان دەرگایان بۆ گفتوگۆکردن کراوەیە و بە تەنگ ئەوەوەن دوژمنایەتی کۆتایی پێبێت.
عەرەبی جەدید دەڵێت، شەڕەکان گەرمن و لەپاڵ “قەڵاچۆکردنی جەستەیی فەلەستینییەکان”، شەڕێکی دیکەی دیجیتاڵییش لەسەر ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دژی فەلەستینییەکان دەستیپێکردووە.
قودسی عەرەبی
نیوەی خان یونس و 72%ـی کەرتی غەزە بەتەواوی وێرانکراون
رۆژنامەی قودسی عەرەبی، راپۆرتێکی میدیای ئیسرائیلی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت ئەم راپۆرتە وێنە و بەڵگەی وەرگیراو لە مانگە دەستکردەکانیشی لەگەڵدایە و تێیدا هاتووە، لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا زۆربەی ناوچەکانی کەرتی غەزە وێران بوون و بە کەڵکی ژیانکردن نەماون.
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەڵێت، ئەوەی ئیسرائیل لە کەرتی غەزەدا ئەمنجامیداوە تاوانی جەنگە.
ئەو راپۆرتەی رۆژنامەکە باسی دەکات لە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیەوە وەرگیراوە و تیایدا هاتووە، بەگوێرەی وێنە و راپۆرتی هاتوو لە مانگە دەستکردکانەوە 68%ـی خانوو و تەلارەکانی ناو کەرتی غەزە بەتەواوی وێران بوون.
ناوچەی باکووری کەرتەکە رێژەی 72%ـی خاپوور بووە و 46%ـی خان یونسیش بە هەمان شێوە سیمای ئاوەدانیی پێوە نەماوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
واشنتن پۆست
دادگای باڵای ئەمریکا ترەمپ وەک کاندیدی کۆمارییەکان لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ دەهێڵێتەوە
دادگای باڵای ئەمریکا لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەیدا بە کاتی ئەمریکا پێی باش بووە ڕێگە بدەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، وەک کاندید لە ویلایەتی کۆلۆرادۆدا بمێنێتەوە.
لە دادگاکەدا گفتوگۆی قووڵ و درێژخایەن لە ئارادا بووە لەبارەی ئەوەی ئایا دەشێت ویلایەتێک بەتەنها کار لەسەر ئەوە بکات کاندیدی کۆمارییەکان لە گەیشتن بە کۆشکی سپی قەدەغە بکات یان نا.
چەندین دادوەر لە پاشخانە ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکانەوە پێیان باش بووە خۆیان لە قەرەی ئەو داخوازییە نەدەن، کە دادگای باڵای کۆلۆرادۆ لەسەر کەیسی رۆژی 6ـی کانوونی دووەمی 2021، داوای کردبوو مافی کاندیدبوون لە ترەمپ وەربگیردرێتەوە. گوایە لەو رۆژەدا ناوبراو گێچەڵی بە پایتەختی وڵاتە یەکگرتووەکان کردووە.
تایمز
یادەوەریی بایدن هێندە لاواز بووە، ئەستەمە بتوانرێت دادگایی بکرێت
راوێژکاران دەڵێن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هێندە چووەتە ساڵەوە و یادەوەریی لاواز بووە، ئەستەمە ئێستا لە یادی بێت کەی کوڕەکەی مردووە، یان دوایین جار کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە و لە چ رێککەوتێکدا ماوەی جێگرییەکەی تەواو بووە.
ئەمانە قسەی راوێژکارێک بوون، کە چاوی بە بایدن کەوتبوو و لەبارەی هەندێک بەڵگەنامەی نهێنییەوە قسەی لەگەڵدا کردبوو. ئەو راوێژکارە گوتوویەتی، بایدن ئێستا تەمەنی 81 ساڵە، هیچ دادوەرێک نییە بتوانێت بایدن بەو تەمەنەوە بخاتە سەر هێڵی ئەوەی لەبارەی هەندێک بەڵگەنامەی نهێنییەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
تەلەگراف
پوتین دەڵێت ئەگەر ئەمریکا هێز بنێرێتە ئۆکراین جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵدەگیرسێت
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا هێز و سەرباز بنێرێتە ئۆکراین، جەنگی جیهانیی سێیەم بەرپادەبێت.
پوتین، لە میانی چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ تەکەر کارڵسن، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەمریکی کە دوو کاتژمێر و نیوی خایاند، داوای لە ئەمریکا کرد واز لە شەڕکردنی نێو ئۆکراین بهێنێت و کار بۆ ئاشتی بکات. گوتووشیەتی، دەبێت هەموومان بۆ رێگەیەک بگەڕێین بمانگەیەنێت بەوەی لەم رەوشەی ئێستا دەربازمان بکات.
یۆرکشایەر پۆست
پارتی کاری بەریتانی لە بانگەشەکانی بۆ پرۆژەی سەوزکردنی وڵات پاشگەز دەبێتەوە
پارتی کاری بەریتانی، کە بە پارتی کرێکارانیش ناسراوە، پرۆژەیەکی هەبوو بۆ پەرەپێدانی ژینگەیی لە مانگەکانی داهاتوودا کاری لەسەر بکات، بەڵام لێی پەشیمان بووەوە.
بڕیاربوو پارتەکە بۆ هەرساڵێک بڕی 28 ملیار پاوەن وەبەرهێنان لە سەوزکردن و کاری ژینگەدۆستیدا خەرج بکات، بەڵام سێر کایەر ستارمەر رایگەیاند، پرۆژەکەیان راگرتووە، بۆئەوەی چاوپێداخشاندنەوەی بۆ بکەن. لەبری ئەوە سیاسەتێکی نوێیان دەبێت بەوەی بڕی 27.3 ملیار پاوەن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا خەرج دەکەن، بۆئەوەی بتوانن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەستەڵات بگرنە دەست.
ستارمەر، بە گەشبینییەوە باسی ئایندەی حزبەکەیان دەکات و دەڵێت، نیازیانە ساڵی 2030 بەبێ رکابەر ببن بە حزبی یەکەم.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
ئاکپارتی بانگەشەی ئەوە دەکات لە 10 ساڵی داهاتوودا مەترسیی بوومەلەرزە لە ئیستەنبوڵ نامێنێت
موراد قورووم، کاندیدى ئاک پارتى بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ، بۆ چارەسەرى کێشەکان چەند پلانێکى بۆ ئیستەنبوڵ ئاشکراکرد و گوتی، لە پێنج ساڵى داهاتوودا 650 هەزار یەکەى نیشتەجێ بوون دروست دەکەن، لە ماوەى 10 ساڵدا هەنگاوى پێویست دەنێن بۆ نەهێشتنى مەترسیی بومەلەرزە لە ئیستەنبوڵ. سەرژمێریى ئیستەنبوڵ لە 16 ملیۆندا جێگیر دەکەن، دەشڵێت هانى بەشێک لە دانیشتووانى پارێزگارەکە دەدەن بگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان و ژمارەى تاکسی زیاد دەکەن.
سۆزجو
سەرۆکى رێکخراوى رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر بە 50 کیلۆگرام مادەى هۆشبەرەوە گیرا
شاهین ئەسڵان، سەرۆکى لقی ئامەدى رێکخراوى رووبەڕووبونەوەى تیرۆر و هاوکارییەکانى خانەوادەى سەربازە کوژراوەکان، بە 50 کیلۆگرام مادەى هۆشبەرەوە دەستگیرکرا. لە دادگا داواى زیندانیکردنی بۆ ماوەى 15 ساڵ دەکرێت.
میلییەت
لە پاش بومەلەرزەکەی ساڵی رابردوو سەرژمێرى لە شارەکانی باکووری کوردستان کەمیکردووە
لە بومەلەرزەکەى 6ـى شوباتدا سێ ملیۆن و 700 هەزار کەس لە پارێزگاکانى باکوورى کوردستان کۆچیان بۆ پارێزگاکانى دیکە کردووە، سەرژمێریى سەمسوور پێش بوومەلەرزەکە 635 هەزار بووە، بەڵام لەئێستادا 604 هەزار کەسە. سەرژمێریى دیلۆک پێش بوومەلەرزەکە دوو ملیۆن و 100 هەزار کەس بووە، لە پاش بوومەلەرزەکە بووەتە یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس. لە هەتای لە یەک ملیۆن و 600 هەزار کەسەوە بووە بە 900 هەزار کەس. لە مەڕاش لە یەک ملیۆن و 177 هەزارەوە بووە بە یەک ملیۆن و 150 هەزار کەس.
ئەکشام
جەهەپە پاڵپشتیى کەمپەینى ئازادى بۆ ئۆجەلان دەکات
حوسێن ئەرگین بەرپرسی جەهەپە لە ناوچەى ئەسانیورت لە ئیستەنبوڵ، لەگەڵ شاندێکى پارتەکە سەردانى بارەگاى دەم پارتییان کرد بە مەبەستى پشتیوانیى خۆیان بۆ کەمپەینى ئازادى بۆ ئۆجەلان، کەمپینەکە لە چوارچێوەى چالاکییەکانى دەم پارتى لە زۆربەى پارێزگاکان رێکخراوە.