زووم:
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، هیچ بیانوویەک بۆ مانەوەی کەمپى ئاوارەکان نەماوە و دەکرێت لە مانگێکدا سەرجەم کەمپی ئاوارەکان دابخەین.
ئیڤان فایەق دەشڵێت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سوورە لەسەر پێشنیاز و بڕیارەکانی بۆ لیژنەی باڵای ئاوارەکان و جەخت لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە دۆسییەی ئاوارەکان و داخستنی ئەو بابەتە بەشێوەیەکی یەکجاریی دەکاتەوە.
ئەو باسی لەوەش کردووە، سەرجەم ناوچەکانی عێراق سەقامگیریی ئەمنییان هەیە و هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ بوونی کەمپەکان.
لە دوای ساڵی 2014 و سەرهەڵدانی شەڕی داعش، ملیۆنان کەس لە چەند پارێزگایەکی عێراق ئاوارەبوون و زۆرینەیان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام لە دوای ساڵی 2020وە حکومەتی عێراق دەستیکردووە بە هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و داخستنی کەمپەکان.