زووم:
لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا، دوو گەورە بەرپرسی سەربازیی و ئەمنی تورکیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە، ئەوان لە بەغداد و هەولێر زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوولا ئەنجامدا.
23ـی مانگی رابردوو، ئیبراهیم کاڵن راوێژکاری دەزگای هەواڵگریی تورکیا ناسراو بە میت، سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و چەند لایەن و بەرپرسێکی پێکهاتە و مەزهەبە جیاوازەکانی عێراق کۆبووەوە.
دواتر کاڵن هاتە هەولێر و چاوی بە هەریەکە لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم کەوت.
پاش هەفتەیەک لەم سەردانەی راوێژکاری میت، یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا وەک دووەم بەرپرسی باڵای ئەنقەرە گەشتێکی بۆ عێراق دەستپێکرد، سەرەتا فڕۆکەکەی گولەر لە بەغداد نیشتەوە و چاوی بە سەرۆکایەتییەکانی عێراق کەوت، دواتریش هاتە هەولێر و جگە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کۆبووەوە.
ئەو زانیارییانەی تائێستا لەبارەی سەردان و کۆبوونەوەکانی راوێژکاری میت و وەزیری بەرگریی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، لەو راگەیەنراوە فەرمییانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانی هەریەک لەو بەرپرسانە بڵاوکراونەتەوە.
راگەیەنراوی بەرپرسانی عێراق و هەرێم نەیانشاردووەتەوە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی تورکیا، پرسی ئەمنی و شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بووە، کە لەمەدا مەبەست لە پارتی کرێکارانی کوردستانە.
لە تازەترین پێشهاتدا ماڵپەری دیپلۆماسیی ئێرانی لەزاری بەرپرسانی ئاگاداری عێراقییەوە باسی لەوەکردووە، ئامانج لە سەردانی ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی تورکیا بۆ عێراق ئاگادارکردنەوەی حکومەتی عێراق بووە لە ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە.
ماڵپەرە ئێرانییەکە بەڕێوەبەرەکەی محەمەد سادقی خەرازییە کە دیپلۆماتکارێکی دیاری ئێرانە و پێشتر باڵیۆز و نوێنەری ئێران بووە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و چەند وڵاتێک، سەرچاوە عێراقییەکان بەو ماڵپەرە ئێرانییەیان گوتووە، سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان ئامادەکردووە و ئیبراهیم کاڵن بە لایەنی عێراقی راگەیاندووە کە حکومەتی ئەردۆغان بڕیاری خۆی داوە و هێرشێکی گەورە بەمنزیکانە دەستپێدەکات.
لە هەواڵەکەدا ئاماژەبەوەشدراوە، حکومەتی تورکیا بە لایەنە عێراقییەکانی راگەیاندووە، هێرشەکە بە پاڵپشتی ناتۆ و ئەمریکا ئەنجام دەدرێت و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستاندایە.
ماوەی چەند ساڵێکە تورکیا ئۆپراسیۆنی سەربازیی (زەمینی و ئاسمانی) لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات، ئۆپراسیۆنی چنگ-قوفڵ دوایینیانە کە هەڵمەتێکی زەمینییە و لە ساڵی 2020ەوە دەستیپێکردووە، بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە چوارچێوەی ئەم ئەم پراسیۆنەدا، زیاتر لە 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە خاکی هەرێمی کوردستان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.