زووم:
لەو کاتەوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، لەمیانی شۆڕش و خۆپیشاندانەکانی “ژن، ژیان، ئازادی”، ئامادەنەبوون پشتگیریی خۆپیشاندەران بکەن و گوتیان، “ئێمە یاری دەکەین و کارمان بە سیاسەتەوە نییە”، هەڵوێستی زۆرێک لە خەڵک بەرامبەر تیمەکە گۆڕاوە و زۆرێک تیمەکە بە نوێنەری خۆیان نازانن.
بۆ یەکەمجار، لە مۆندیالی 2022ی قەتەر ئەو هەڵوێستەی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوت و بە دەرکردنی هەڵبژاردەکە لە مۆندیال، ئاهەنگیان گێڕا، ئەمجارەش شکستی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی ئاسیا، کاردانەوەی خەڵکی ئێرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شەقامەکان بەدوای خۆیدا هێناوە.
چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، بەشێک لە خەڵک وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە حکومەتی ئێران پاڵپشتی تیمی قەتەریان کردووە و دوای دۆڕاندنی تیمی ئێران، لە شارەکانی تاران، سنە، قەزوێن، جوانڕۆ، ئەهواز، دیواندەرە و چەندین شاری دیکە ئاهەنگیان گێڕاوە.
لە ئێران، کەلێنی نێوان حکومەت و خەڵک رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی تازە دەگرێتەوە، کەلێنەکە لە بواری وەرزشیشدا کاریگەریی داناوە.
ساڵی رابردووتر لە مۆندیالی قەتەر، کاتێک هەڵبژاردەی ئێران بەرامبەر ئەمریکا شکستی هێنا و کرایە دەرەوە، خەڵک بە دەربڕینی شادی، گوزارشتیان لە بوونی کەلێنە میللی و سیاسییەکە کرد.
ئەوکات، لە زۆریک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەتایبەت سەقزی زێدی ژینا ئەمینی، خەڵک بە دەربڕینی خۆشی و هەڵدانی یارییە ئاگرینەکان ئاهەنگیان گێڕا، ئەوەش کاردانەوەی توندی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی لێکەوتەوە و کار گەیشتە ئەوەی تەقە لە ئاهەنگگێڕان بکرێت.
بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەوکات بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان، جگە لە گەنجێکی 27 ساڵ بە ناوی مێهران سەماک، کە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژرا، زیاتر لە 30 هاووڵاتیی کوردیش بریندار بوون.
یەکێک لە قوربانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان “فەیروز میرانی”ی هونەرمەند بوو، لەو رۆژەدا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان چاوی لەدەستدا.