زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
عێراق 100 ملیۆن دینار قەرزی خانووبەرە بە هاووڵاتییان دەدات
وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنى عێراق رایگەیاند سەرەتاى هەفتەى داهاتوو دەستدەکرێت بە پێدانى قەرزی نیشتەجێبوون بە هاووڵاتییان و هەر خێزانێک بڕی 100 ملیۆن دیناری پێدەدرێت، پرۆسەکە لەڕێگەى پڕکردنەوەى فۆرمێکی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت و دەدرێت بەو زەوییانەى کە تاپۆن و روبەرەکەیان لە 100 مەتر کەمتر نەبێت و لە لایەن لیژنەکانەوە پەسەندکرابن، بەگوێرەى راگەیەنراوەکەى وەزارەت سەرجەم هاووڵاتییانى عێراقی دەگرێتەوە جگە لە هەرێمى کوردستان.
عەرەبی جەدید
تراکتۆرەکان ئەوروپایان بەگیرهێناوە
جوتیارانى ئەوروپا نیوەى پایتەختى وڵاتانى ئەوروپایان بەگیرهێناوە و ترسیش هەیە خۆپیشاندانەکان فراوانترببن و ئەگەرى ئەوەش لە ئارادایە راستڕەوە توندڕەوەکان پشتگییرییان بکەن و دۆخەکە زیاتر تێکبچێت، هەڵاوسان لە ئەوروپا بێتە کایەوە و کێشەى ئابوری قوڵ دروستببێت، دووهەفتە زیاترە جوتیارەکانى ئەوروپا بەتراکتۆرەکانیانەوە چووەنەتە سەر شەقامە گشتییەکانى پایتەختەکانى ئەوروپا و سەرنجی میدیاکانى جیهانیان بۆ خۆیان راکێشاوە.
دەستور
بەغداد داواى چاوخشاندنەوە بە سزاى سەر بانکەکانیدا دەکات
دواى ئەوەى لەماوەى رابوردودا ئەمریکا سزاى بەسەر 21 بانکی عێراقیدا سەپاند، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەى عێراق داواى لە ئەمریکا کردووە چاو بە سزاکاندا بخشێننەوە لەبەر ئەوەى بەشێک لەو بانکانە بەشداریدەکەن لە سەبەتەى خۆراکی مانگانەى هاووڵاتییاندا و سزاکان کاریگەرییان لە سەر ژیانى هاووڵاتییان دەبێت.
قودسی عەرەبی
نەتانیاهۆ: دانووستان رەتدەکەینەوە و داواکارییەکانى حەماس شێتانەن
سەرەڕای بەردەوامی جەنگی ئیسرائیل و حەماس، کۆمەڵێک ئاماژە لە ئارادا هەبوون سەبارەت بە ئاگربەست و گۆڕینەوەى دەستبەسەرکراوەکانى هەردوولا، هەردوولاش پێشمەرج و پلانەکانى خۆیان گەیاندبووە یەکتریی، بەڵام نەتانیاهۆ بەشێوەیەکى ئاشکرا مەرجەکانی حەماسی رەتکردەوە و رایگەیاند: مەرجەکانی حەماس شێتانەن و شایانى قبوڵکردن نین .
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
سیخوڕێکی پوتین دزەیکردووەتە نێو دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا
سیخوڕێکی روسیا بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەریی لە بەریتانیا کەیسی ساختەی بەکارهێناوە پێش ئەوەی ببێتە کارمەند لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە و پاشای داهاتووی وڵات ببینێت. ئەو پەنابەرە لە بنەڕەتدا کۆچبەری وڵاتی ئەفغانستانە و دوای دادگاییکردنی دەرکەوتووە کە کاریی سیخوڕیی بۆ دەزگای هەواڵگریی سەربازیی روسیا کردووە. هاوکات توانیویەتی شازادە چارڵز و شازادە ویلیامیش ببینێت، ئەو سیخوڕە، کە رەگەزنامەی روسی و بەریتانیاشی هەیە، لە ئێستادا دەستگیرکراوە.
گاردیەن
ناتانیاهۆ رێککەوتننامەى ئاگربەستی غەزە رەتدەکاتەوە و دەڵیت، سەرکەوتن نزیکە
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەو نێوەندگیرییانەی رەتکردەوە کە ئەمریکا دەستپێخەریی تێدا دەکات لەکاتێکدا کە فەرمانی دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆسەر ناوچەی رەفەح لە باشووری غەزە دەرکراوە. ئەو پێشنیازنامەیەی ئسیرائیل رەتیدەکاتەوە لەلایەن حەماسەوە پەسەندکراوە و ئیسرائیل فشارەکانی ئەمریکای رەتکردەوە و دەڵێت، هیچ چارەسەرێک نییە تا سەرکەوتنی رەها بەدەستنەهێنن.
واشنتن پۆست
کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک لەباری کێشەکانی سنووری وڵاتەکەوە
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگی نەدا بە کۆمەڵە یاسایەک کە پەیوەندییان کێشەکانی سنوورەوە هەیە. لە دەنگدانەکەدا، زۆرێک لە سیناتۆرەکانی پارتی کۆمارییەکان بەیەکەوە لەگەڵ کەمێک لە دیموکراتەکان بایکۆتی دەنگدانەکەیان کرد کە چەندین مانگە ئامادەسازیی بۆدەکرێت. پرۆژەیاساکە پەیوەندیی هەبوو بە دابینکردنی 60 ملیار دۆلار هاوکاریی بۆ ئۆکراین و 14 ملیاری دیکەش بۆ ئیسرائیل.
ئۆرشەلیم پۆست
ناتانیاهۆ: هەرکەسێک بێت مەرجەکانی حەماس بۆ ئاگربەست رەتدەکاتەوە
ئیسرائیل بەو مەرجانەی حەماس رازیی نابێت کە لە تازەترین هەوڵدا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان پێشنیازی کردوون، ئەمە گوتەی ناتانیاهۆیە کە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند. هاوکات ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش نەدا کە گفتوگۆکان لەگەڵ حەماسدا بەردەوام بن. ئەمەش لەکاتێکدایە بارمتەیەکی ئازادکراو بە ناتانیاهۆی گووتووە، ئەگەر هەوڵ بۆ سەرکەوتنی تەواو بدەیت، هیچ بارمتەیەک لەژیاندا نامێنێتەوە بۆ ئازادکردن.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
کشانەوەى بەشاک، نیگەرانیی ژنانى لێکەوتەوە
بابەتى کاندیدکردنى بەشاک دەمیرتاش 17 رۆژ باسێکى گەرمى میدیاکان بوو. ئەوەی جێ پرسیار بێت ئەوەیە چۆن بەو بڕیارە گەیشت.
سەرچاوەیەک رایگەیاندووە شاندێکى دەم پارتى سەردانى سەڵاحەدین دەمیرتاشیان کردووە تاکوو مەسەلەی کاندیدبونەکەى بەشاک یەکلابکەنەوە.
کاندیدکردنى بەشاک بۆ ئیستەنبوڵ، ئەگەر ئەوەی هەبوو رێگرییەک لەبەردەم بریارێکى تاکتیکى هەڵبژاردنى بۆ دەم پارتى لەو پارێزگایە دروست بکات.
کاندیدنەکردنى بەشاک دەمیرتاش لەلایەن دەم پارتییەوە، زۆرترین ناڕەزایی لەلایەن ژنانى پارتەکەوە لێکەوتەوە.
سۆزجو
پڕوپاگەندەى سیاسەت چووە نێو خوێندنگەکانەوە
پارلەمانتارى هودا پار لە خوێندنگەیەکى ئێلیهـ، کەمپینى خوێندنى وانەى کوردى راگەیاند. ئەو پەرلەمانتارە کاندیدى پارتەکەیەتى بۆ پارێزگاکە، پارتەکەى هاوپەیمانى بەرەى کۆمارییە، تائێستا لەلایەن پارتەکانى هاوپەیمانییەوە هیچ کاردەنەوەیەکیان لەسەر وتنەوەى وانەى کوردى نەبووە. کەس پێینەوتووە تۆ کارت لە خوێندنگەیەکى دەوڵەت چییە و بە چ یاسایەک و کێ رێگەى پێداویت وانەى کوردى بڵێیتەوە.
یەنى شەفاق
لە پڕۆژەى رێگەى پەرەپێدان، تورکیا سودمەندى یەکەم دەبێت
عەبدولقادر ئوغلەرئۆغڵو وەزیرى گواستنەوەى تورکیا رایگەیاند: پڕۆژەى رێگەى پەرەپێدان، بەندەرى بەسڕە بە تورکیا دەبەستێتەوە لەوێشەوە دەروازەیەکى گەیاندنە بۆ ئەوروپا.
ئەم پڕۆژەیە بەشێوەیەکى بەرچاو قەبارەى ئابوورى و بازرگانى تورکیا زیاتر دەکات. گواستنەوەى کاڵا بە رێگەى دەریاوە لە 35 رۆژەوە دەکاتە 25 رۆژ. بەمەش تورکیا سودمەندى یەکەم دەبێت.
ئایدنڵک
حکومەت لە روبەڕوبوونەوەى تیرۆردا شکستیهێناوە
دۆغو پەرینچێک، سەرۆکى پارتى نیشتمان رایگەیاند: حکومەتى ئاک پارتى بانگەشەی ئەوە دەکات روبەڕووى داعش و پەکەکە دەبێتەوە، لەهەمانکاتدا هاماهەنگى لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات. ئەردۆغان بەتەواوەتى خۆی رادەستى سیاسەتى ئەمریکا کردووە لە ناوچەکە. پێویستە بە زووترین کات لە تورکیا حکومەتێکى نیشتیمانى پێکبهێنرێت.
ئەکشام
پەکەکە داواى رێککەوتنى دەم پارتى و جەهەپە دەکات
کشانەوەى بەشاک دەمیرتاش لە کاندیدبونى بۆ ئیستەنبوڵ، بەویستى پەکەکە بووە، موراد قەرەسوو بەرپرسى پەکەکە رایگەیاند: پێویستە درێژە بە رێککەوتنەکەى نێوان دەم پارتى و جەهەپە بدرێت. لەپاش ئەو لێدوانە، دەم پارتى بڕیاریدا بەشاک دەمیرتاش کاندید نەکات.