زووم:
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، خۆشحاڵە بە کەمبوونەوەی پێشێلکارییەکانی ئازادیی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا هەفتەی رابردوو رەخنەی لە پاشەکشەی ئازادیی رۆژنامەنووسی هەبوو.
كۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاندووە، سەردانی دوو دەزگای میدیایی کردووە و خۆشحاڵە بە کەمبوونەوەی بەرچاوی پێشێلکارییەکانی ئازادیی رۆژنامەنووسی، پشتیوانی لە ژینگەیەک دەکات رۆژنامەوانان بتوانن بە ئازادانە کاری خۆیان بکەن بەبێ ترس و چاوترساندن و هەراسانکردن و جیکاریی لەسەر بنەمای ئینتیمای حزبی.
ئەمە لەکاتێکدا کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رۆژی یەکی ئەم مانگە راگەیەندراوێکی دیکەی بڵاوکردبووەوە و نیگەرانیی ئەمریکای لە پاشەکشەی ئازادیی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان ئاشکراکردبوو، گوتبووی، پابەندە بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ باشترکردنی پانتایی کاری میدیا.