زووم:
ماوەی دوو هەفتەیە “نزار عەواد” لە ئاودێرانی زەوییە کشتوکاڵییەکەی بە ئاوی رووباری “رەد” وەستاوە.
رووبارەکە دەکەوێتە گوندێکی نزیک شارۆچکەی تەل براک سەر بە پارێزگای حەسەکە و دواتر بە دەیان گوند و شارۆچکەدا تێدەپەڕێت.
هۆکاری ئەوەی نزار و جووتیارانی دیکە نەتوانن رووبارەکە بۆ ئاودێران بەکاربێنن، ئەوەیە پەڵەنەوتێکی زەبەلاح دزەیکردووەتە نێو ئاوی رووبارەکە.
ماوەی مانگێکە دانیشتووانی حەسەکە بەدەست ئەم پەڵەنەوتەوە دەناڵێنن، بەرپرسانی خۆجێی رۆژاڤا دەڵێن، ئەو پەڵەنەوتە بەهۆی بۆردوومانەکەی تورکیا بۆسەر ناوچەکە دزەیکردووەتە نێو رووبارەکە.
نزار-ی جووتیار بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، تەواوی جووتیارانی ناوچەکە لە بەکارهێنانی ئاوی رووباری “رەد” بۆ ئاودێرانی زەوییەکانیان وەستاون، چونکە ئەگەر ئەو ئاوە پیسبووە بەکاربهێنن، وەک ئەوە وایە بەدەستی خۆیان زەوییەکانیان لەناوببەن.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی فرانس پرێس، لە دەوروبەری “تەل براک” و ناوچەکانی دەوروبەری حەسەکە و بەدرێژایی 55 کیلۆمەتر تا دەگاتە شارۆچکەی رمێلان و بەنداوی خاپور، تێبینیی ئەو پەڵەنەوتە رەشەیان کردووە و بەتەواوەتی ئاوەکەی پیسکردووە
رمیلان یەکێکە لە دیارترین ئەو ناوچانەی رۆژاڤا کە دەوڵەمەندە بە نەوت و لەلایەن خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەبرێت.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەمە چەند جارێکە دزەکردنی نەوت زیان بە ئاوی رووبار و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە دەگەیەنێت.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری چەند شایەتحاڵێکەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کێشەیە مەترسیی بۆسەر ژیانی مەڕوماڵاتەکانیش دروستکردووە و ناتوانن لە ئاوە پیسبووەکەی رووبارەکە بخۆنەوە.