زووم:
وەزارەتی دەرەوەی سعودییە رایگەیاند، هەڵوێستی ئەوان جێگیرە و هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیلدا نابێت تا داننەنرێت بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا.
وەزارەتی دەرەوەی سعودییە لە راگەیەنراوێکدا وەڵامى لێدوانێکى دوێنێى ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاى دایەوە کاتێک لە سەردانەکەیدا بۆ سعودییە بە رۆژنامەنووسانى گوت، شازادەی جێنشینی سعودیە دووپاتیکردووەتەوە وڵاتەکەی گرنگییەکی زۆر بە دەستپێکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەدات.
ئەم لێدوانى بلینکن نیگەرانى سعودیەى لێکەوتەوە و لەڕێگەى وەزارەتى دەرەوە رایگەیاند، تا داننەنرێت بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستین و قودس وەک پایتەختی دەوڵەتەکە دیارینەکرێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی ناکەنەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، مەرجێکى دیکەی سعودیە بۆ دەستپێکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل، راگرتنی هێرشەکانی سەر غەزە و کشانەوەی تەواوی سەربازانی سوپای ئیسرائیلە لە کەرتەکە.