زووم:
ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی وڵات لەگەڵ شەش کەسایەتی، کێبەرکێ لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دەکەن، بەڵام خودی عەلیێڤ و ئۆپۆزسیۆن و چاودێران و تەواوی جیهان دەزانن، بردنەوەی عەلیێڤ مسۆگەرە.
ماوەی سەرۆکایەتی عەلیێڤ لە نیسانی 2025 کۆتایی دێت، بریاربوو ئەوکات هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام بە فەرمانی عەلیێڤ بۆ ئەمرۆ پێشخرا.
ئیلهام عەلیێڤ لە ساڵی 2003ەوە سەرۆکایەتی ئازەربایجان دەکات، لە نیسانی 2018 بۆ جاری چوارەم هەڵبژێردرایەوە، 86%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، نزیکترین رکابەری لەو هەڵبژاردنە تەنها 3%ـى دەنگی ئازەرییەکانی بردەوە.
کەمترین رێژەی دەنگیش تائێستا بەدەستیهێنابێت، 75% بووە، ئەویش لە یەکەم هەڵبژاردنی لە ساڵی 2003، کاتێک دوای حەیدەر عەلیێڤی باوکی دەسەڵاتی گرتەدەست.
لەدوای تەواوبوونی یەکەم خولی سەرۆکایەتی، دەستوور بەربەستبوو لە بەردەم دووبارە و سێبارە خۆهەڵبژاردنەوەی، بۆیە دەستووری گۆڕی و ئەو بەربەستەی لابرد.
هەروەها لە ئەیلولی 2016 گۆرانکاری لە 23 مادەی دەستوور کرا و شەش مادەی بۆ زیادکرا و لە راپرسی گشتی پەسەندکرا، لەو گۆڕانکاریەدا دەسەڵاتی هەڵوەشاندەوەی پەرلەمان درا بەسەرۆک.
عەلیێڤ لە چاوی ئازەرییەکان ئەو کەسەیە، پارچەیەک لە خاکی نیشتیمانی گەڕاندەوە، بەهۆی ئەوەوە بۆ یەکەمجارە هەڵبژاردن لە تەواوی خاکی وڵاتدا بەرێوەدەچێت.
بۆیە بردنەوەی لەم هەڵبژاردنە مسۆگەرە، جگەلەوەی رکارەکانی نەناسراون، تەنانەت یەکێک لە رکابەرەکانی گۆرانی پیاهەڵدانی بۆ عەلیێڤ بڵاوکردووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی هیومەن رایتس وۆچ ئازەربایجان یەکێک لە دەوڵەتە سەرکوتکارەکانی ناوچەی قەوقازە.