رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
چەندان کەشتی پاسەوانی چەکداریان بۆ خۆیان داناوە و هێشتاش بە ئاگاییەوە بەنێو بابولمەندەبدا دەڕۆن
- رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ژمارەی ئەمڕۆیدا باس لە کێشەی هاتوچۆی دەریایی نێو دەریای سوور دەکات و دەڵێت، زۆربەی وڵاتان و کۆمپانیاکانی دەریاوانی پەنایان بۆ دانانی پاسەوانی چەکدار بردووە، بۆئەوەی سەلامەتیی کەشتییەکانی خۆیان بپارێزن کاتێک دەیانەوێت بەنێو نۆکەندی بابولمەندەبدا بپەڕنەوە.
رۆژنامەکە لە خاڵێکی نزیکی چاودێریکردنەوە سەیری ئەم دیاردەیەی کردووە و بینیویەتی، کە کەشتییەکی ئێرانی هەندێک پاسەوانی خەڵکی جیبۆتیی بەکرێگرتووە بۆئەوەی بیپارێزن و کەشتییەکی چینییش پاسەوانی چەکداری خۆیی لەگەڵدا بووە.
ئەلعەرەب
باسی هەوڵێکی کودەتا هەیە لە سودان، رێخۆشکەری دەکات بۆ رزگاربوون لە هەندێک لە سەرکردەکانی سوپا
- ئەوەی لەبارەی هەوڵی کودەتایەکى سەربازیی تازە لە سودان باس دەکرێت، بوونی هەوڵێکە بۆ کردنەوەی رێگایەک بەرەو بەدەستهێنانەوەی سۆزی بەشێک لە هاوڵاتیان لەگەڵ سوپادا، چونکە سوپا دەیەوێت شەڕی هێزەکانی (فریاکەوتنی خێرا)بکات و پەیامێکیش بۆ عەبدولفەتاح بورهانی سەرکردەی سوپا بنێرێت و پێیبڵێن، کە کاتی رزگاربوون لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتە شەڕەنگێزەکەی ئەو نزیکە.
عەرەبی جەدید
ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ پەلاماردانی رەفح
- رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە ژمارەی ئەمڕۆیدا باسی ئەگەری پەلاماردانی ناوچەی رەفحی فەلەستینی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کردووە و دەڵێت، میدیاى ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، کە سوپاکەیان نیازی هەبێت دانیشتوانی ناوچەی رەفح بگوێزنەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەى ناو کەرتی غەزە. میسریش کە سنورەکەی نزیکە لەوێوە داوای کردووە دڵنیایی پێبدەن، کە ئەم پرۆسەی گواستنەوەیە نەبێتە هۆی ئەوەی دانیشتوانی رەفح روو لە سینا بکەن.
قودسی عەرەبی
وەڵامێکی ئەرێنی لەلایەن حەماسەوە هەیە، ناتانیاهۆش دەڵێت، جەنگ راناگرین
- دوێنێ سێشەممە، بزووتنەوەی حەماس وەڵامی خۆی سەبارەت بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان و ئەگەرەکانى ئاگربەستى غەزەی بە هەردوو وڵاتی میسر و قەتەر گەیاند. حەماس رایگەیاندووە، بە رۆحێکی ئەرێنییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشنیازەکان دەکەن و ئاگربەستێکی گشتگیر و تەواوەتییان دەوێت کە کۆتایی بهێنێت بە دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر گەلی فەلەستین.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
شازادە هاری دوای تووشبوونی شا چارڵزی باوکی بە شێرپەنجە گەڕایەوە بەریتانیا
- شازادە هاری کوڕی شا چارڵزی پاشای بەریتانیا، دوای دەرکەوتنی نەخۆشی شێرپەنجەی باوکی، لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکاوە گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی و بۆ ماوەی 30 خولەک باوکی بینی، ئەمەش چەندین مانگ لەدوای یەکتربینیان دێت لە رێوڕەسمى تاج لەسەرنانی پاشا. سەردانە کورتخایەنەکەی شازادە هاری وەک هیوایەک دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی لەنێو بنەماڵەی شاهانە هەیە.
گاردیەن
کێشەکانى کەرتی تەندروستیی بەریتانیا هەفتانە 600 منداڵ لە قەیرانی دەرووندروستیدا دەهێڵێتەوە
- ئەمساڵ ژمارەی ئەو منداڵانەی رەوانەی فریاگوزاریی “تەندروستیی دەروونی” کراون لە ئینگلتەرا بەڕێژەی لەسەدا 50 بەرزبووەتەوە. ئەمەش پەیوەندی بەو قەیرانەوە هەیە کە کەرتی تەندروستیی بەریتانیا رووبەڕووی بووەتەوە و دەبێت نەخۆش بۆماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکەن تا نۆرەى بینینی پزیشکیان دێت. بەتەنها لە ساڵی 2022 بۆ 2023دا زیاتر لە 32,000 منداڵ لە حاڵەتی فریاگوزارییدا رەوانەی بنکەکانی دەرووندروستی کراون.
واشنتن پۆست
ئەو درۆنەی سێ سەربازی ئەمریکی کوشت پێدەچێت “بەدینەکرابێت”
- بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەربازییە سەرەتاییەکانی ئەمریکا، ئەو درۆنەی هێرشیکردەسەر بنکە سەربازییەکەی ئوردن و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکا کوژران، پێناچێت پێشتر بەدیکرابێت و سەربازانی بنکەکە هەستیان بە هاتنی کردبێت، هاوکات بنکەکە هیچ سیستەمێکی بەرگریی نەبووە تا بتوانێت درۆنەکە لە ئاسمان تێک بشکێنێت و بیخاتە خوارەوە. بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکاش باس لەوە دەکەن پێدەچێت بەهۆی نزمی ئاستی فڕینییەوە نەتوانراوە هیچ لەبارەی هاتنەکەیەوە بزانرێت.
ئۆرشەلیم پۆست
جۆ بایدن: وەڵامی حەماس بۆ رێککەوتننامەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل لە سەرووی چاوەڕوانییەکانەوەیە
- شەوی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند وەڵامی حەماس بۆ راگەیاندنی رێککەوتننامەیەک لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکانەوە کەمێک لەسەرووی چاوەڕاوانییەکانەوەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسرائیل خۆی بۆ یادکردنەوەی دەستگیرکردنی بارمتەکان دوای چوارمانگ ئامادەدەکات. هاوکات بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەکۆی 136 بارمتە 31 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. لەگەڵ ئەوەشدا تا دێت فشارەکان بۆ ئازادکردنیان زیاتر دەبێت.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمان امروز
ئێران لە ریزبەندی پێنجەمی هەڵاوسانی خۆراکدایە لە ئاستی جیهاندا
- دوایین راپۆرتی بانکی جیهانی سەبارەت بە ئاسایشی خۆراک نیشان دەدات، ئێران لە ریزبەندی پێنجەمی خشتەی هەڵاوسانی خۆراکدایە لە ئاستی جیهاندا کە لە ساڵی 2023 رێژەی هەڵاوسانی خۆراک بە 52.4% لەلایەن ناوەندی ئامارەوە راگەیەندراوە. گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک بە رێژەی 90% بەرزترین هەڵاوسانی ساڵانەیان هەبووە.
جەوان
سەرمایەگوزاریی بیانى لە ئێران ناهاوسەنگە، رووسیا و چین پشکى شێریان بەردەکەوێت
- سەرمایەگوزاریی بیانى لە کەرتە جۆربەجۆرەکانی ئابووری ئێران بە ئەرێنی دەبینرێت، بەڵام جەخت لەسەر پێویستی هاوسەنگی بۆ دابینکردنی دەرفەتی زیاتر و باشتر دەکرێتەوە.
سەرەڕای وەبەرهێنانی بیانی بە بڕی 10 ملیار دۆلار لە حکومەتی رەئیسیدا، بەڵام وەبەرهێنانی رووسیا و چین بەسەر ئێراندا زاڵن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ناهاوسەنگی. رووسیا بە ڕێژەی 31% پێشەنگە و هەروەها چین لە پلەی دووەمدایە، ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات لە پلەی سێهەمدان و پاکستان و هیندستانیش بەدوایاندا دێن.
اقتصاد امروز
لە ئێران شێوازی کۆنى کشتوکاڵ نەماوە
- محەمەد مەهدی قاسمی جێگری سەرۆکی پەروەردە و فێرکاریی رێکخراوی توێژینەوەی کشتوکاڵی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئابووری ئەمڕۆ رایگەیاند، بە رێژەی زیاتر لە 70% گۆڕانکاری لە شێوازی چاندن لە ئێران بەدیهاتووە.
گوتیشى، دەتوانین بڵێین ئێستا لە سەرتاسەری ئێراندا شێوازی کشتوکاڵی کۆنمان نییە و هەموو جووتیارەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنن.
ئەفکار
شەمخانی: هەڵوێستەکانی ئەمریکا زیان بە ئارامی دەروونی گەلی ئێران دەگەیەنێت
- عەلی شەمخانی راوێژکاری سیاسی عەلى خامنەیی دەڵێت، هەڵوێستەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا زیانبەخشن و هەوڵدانن بۆ پەرەپێدانی ململانێ و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتى خۆى لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، هەڵوێستەکانی ئەمریکا دوای هێرشکردنە سەر سوریا و عێراق بیانوویەکە بۆ پەیڕەوکردنی ستراتیژی بەردەوامی کۆشکی سپی لە پێناو زیانگەیاندن بە ئارامی دەروونی گەلی ئێران، هەرچەندە ئەم رەفتارانە پێکهاتەی بەهێزی کۆمەڵایەتی و یەکگرتوویی خەڵکی ئێران ناشێوێنێت.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
لەسەر هێرشە چەکدارییەکەى دوێنێى ئیستەنبوڵ 40 کەس دەستگیرکراون
- لە هێرشەکە چەکدارییەکەى دوێنێ بۆ سەر دادگای چاخڵەیان لە ئیستەنبوڵ، پۆلیس دەستبەجێ وەڵامی تەقەکەرەکانی داوەتەوە، دوو تیرۆریستەکە لەوێدا کوژراون، ناویان پنار بیرکۆچ و ئێمرا یەیڵا_یە، ئەندامی رێکخراوێکى تیرۆریستین بەناوی پارتی بەرەى رزگاریی گەلی شۆڕشگێڕ.
لە هێرشەکە هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا شەشی دیکە برینداربوون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە، لەپاش هێرشەکە هێزەکانیان لە ئیستەنبوڵ 40 کەسیان بە تۆمەتی بونی پەیوەندی بە رووداوەکە دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکەش بەردەوامی هەیە.
تورکیا
خواست لەسەر درۆنی تورکی لە زیادبووندایە
- سعودیە بەفەرمی داوای کڕینی 60 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و درۆنی لە تورکیا کردووە. لەبەرامبەردا تورکیا رایگەیاندووە لە کۆتایی ساڵی 2025 یاخود لەسەرەتای ساڵی 2026 تەواوی ئەو فڕۆکانەی سعودیە داوای کردووە رادەستی دەکات.
لەم ساڵانەی دواییدا لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپییەوە خواست لەسەر کڕینی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە تورکیا زیادیکردووە و بەو هۆیەوە ئەوانەشی داوایان کردووە لە ساڵی ئایندە پڕۆسەی ڕادەستکردنەکە جێبەجێ دەکرێت.
ئەکشام
ژمارەى دانیشتووانى ئیستەنبوڵ کەمیکردووە
- لە مێژووی کۆماری تورکیا بۆ جاری دووەمە سەرژمێری ئیستەنبوڵ کەمبکات، لە 31ـی 12ـی 2023 ژمارەى دانیشتووانى ئیستەنبوڵ 15 ملیۆن و 655 هەزار و 924 کەس بووە، بەراورد بە ساڵی پار 242 هەزار کەس کەمیکردووە.
بەگوێرەی دەزگای ئاماری تورکیا، ژمارەى دانیشتووانى تورکیا گەیشتووەتە 85 ملیۆن و 372 هەزار و 377 کەس، بەراورد لەگەڵ ساڵی پار سەرژمێری تورکیا 92 هەزار و 824 کەس زیادیکردووە.
ئەڤرەنسەل
دەم پارتی کاندیدی لە ئیستەنبوڵ دەبێت
- ئەگەرێکی کەمە دەم پارتی کاندیدی خۆی لە ئیستەنبوڵ بکشێنێتەوە. بەرپرسانی پارتەکە رایانگەیاندووە دەیەنەوێت لەم هەڵبژاردنەدا ئەسپی خۆیان تاو بدەن و لە ئیستەنبوڵیش کاندیدیان هەبێت.
لێدوانەکانی بەرپرسانی دەم پارتی هەڵوێستێکی روونە، لەبەرئەوە کاندیدێکی بەهێزیان لە ئیستەنبوڵ دەبێت.