زووم:
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی رەوشی عێراق کۆبووەوە و جێنین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان، داوایکرد هێرشەکان بۆسەر عێراق رابگیرێن و رێز لە سەروەریی ئەو وڵاتە بگیرێت.
جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش گوتارێکی پێشکەشکرد گوتی، ئەوە دوایین راپۆرتیەتی و لە کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵدا عێراق، کە بووە بە بەشێک لە ژیانی، بەجێدەهێڵێت.
پلاسخارت لە گوتارەکەیدا، ئاماژەی بە هێرشەکان، بەتایبەت هێرشەکەی ئێران بۆسەر شاری هەولێر کرد و گوتی، شۆکبوون بەو هێرشە، داواشی کرد، هێرشەکان بۆسەر خاكی عێراق رابگیرێن و رێز لە سەروەریی وڵاتەکە بگیرێت.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێشوازی لە دانوستانە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کرد، هەروەها ئاماژەی بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان کرد و گوتی، بەردەوامیی ئەو هێرشانە دۆخێکی ناخۆشیان دروستکردووە و کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی عێراق دروستکردووە.
هەروەها گوتیشی، هێرشەکان دەریانخست جگە لە زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و کوشتنی خەڵک و وێرانبوونی ماڵوموڵکیان هیچ ئەنجامێکی نابێت.
لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە کە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو ئەنجامدرا، پلاسخارت گوتی، لە رووی تەکنیکییەوە بە شێوازێکی ئاشتییانە و رێکوپێک بەڕێوەچوو
لە کۆبوونەوەکەی ئەم ئێوارەیەی ئەنجومەنی ئاسایش، جگە لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، نوێنەرانی فەرەنسا و چین و ژاپۆن و ژمارەیەک وڵاتی دیکە، قسەیان لەبارەی رەوشی عێراق کرد و جەختیان لە رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی کردەوە.
پلاسخارت، لە کۆتایی گوتارەکەیدا سوپاسی تەواوی عێراقییەکانی کرد بۆ قوربانیدان و پابەندبوونیان بە بونیادنانی عێراقێکی گەشەسەندوو و دیموکرات و ئاشتیخواز.