زووم:
ساڵێک بەسەر بومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستاندا تێپەڕدەبێت، هێشتا زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکە لە چاوەڕوانی شوێنێکی ئارامدا بۆئەوەی تێیدا بژین، ئەوان هێشتا لە چاوەڕوانی قەرەبووکردنەوەدان.
بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023 دوو بومەلەرزە بە گوڕی 7.7 و 7.6 لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند، ئیدی 6ـی شوبات بوو بە رێژێکی دیکەی مێژووی بومەلەرزە لە وڵاتەکە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان نزیکەی 54 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار کەسیش بریندابوون. لە تەواوی ئەو 11 پارێزگایەش نزیکەی حەوت هەزار بینا رووخاون.
ئەمڕۆ مانشێتی زۆرینەی رۆژنامەکانی تورکیا لەبارەی ساڵڕۆژی بومەلەرزەکەیە، لە مانشێتی رۆژنامەی سۆزجودا هاتووە هێشتا شوێنەواری بومەلەرزەکە وەک خۆی ماوەتەوە و شارەکان وەک ئەوە وایە بۆردومان کرابێت.
هاوکات رۆژنامەی جمهورییەت نووسییەتی، برینەکان سارڕێژ نەبوون، دەسەڵات گفتی ئەوەی دابوو 319 هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون بە لێقەوماوان دروستبکات، بەڵام رێژەکە بۆ 25 هەزار کەمکراوەتەوە.
لە رۆژنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە ئەنجامی بومەلەرزەکە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس بێلانە بون، ودەسەڵات گفتەکانی خۆی بەجێ نەهێناوە. ئەوانەشی تۆمەتباربوون بەدروستکردنی ئەو بینایانەی روخان، تائێستا لە دادگا دۆسیەکانیان یەکلایی نەبۆنەتەوە.
رۆژنامەی قەرار نووسیویەتی، پێشتر سەرۆککۆمار رایگەیاند، تەواوی ئەو بینایانە بەشێوەیەکی باشتر دروستدەکەینەوە، کە زیانیان بەرکەوتووە، ئەو بەڵێنی 650 هەزار یەکەی دابوو، کەچی بناغەی 40 هەزار یەکە جێبەجێ کراوە.
ئیدارەی دروستکردنەوەی یەکەکان (تۆکی) رایگەیاند، پێویستیان بە دروستکردنەوەی 650 یەکە هەیە. بەگوێرەی لێدوانێکی ئەردۆغان لەئێستادا تەنها 40 هەزار یەکە رادەستی لێقەوماوان کراوە.
لە دوا لێدوانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندووە: لەماوەی دوو مانگدا 75 هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون لەسەرتاسەری ئەو پارێزگایانەی بومەلەرزەکەی گرتۆتەوە تەواو دەکرێت.