سوپاى پاسدان جارێکى دیکە بە موشەک و درۆن هێرشى کردەوە سەر بارەگاى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە کۆیە، زڕگزێز و دەڤەرى سیدەکات، تاوەکو ئێستا پێشمەرگەیەک کوژراوە و ژمارەیەکى دیکەش بریندار بوون. حزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران دەڵێت، کۆمارى ئیسلامى “پەلەقاژێدایە”.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى حزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران، کاتژمێر 8:45 سوپاى پاسداران بارەگاى حزبەکەى لە کۆیە بە موشەک کردە ئامانج.
دواى چەند خولەکێک بە درۆنى بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگاکانى کۆمەڵى شۆڕشگێر و زەحمەتکێشانى کوردستان لە زڕگوێزى سەر بە سلێمانى، لەهەمانکاتدا بارەگانى حزبەکان لە دەڤەرى سیدەکان بۆردومان کرا.
ئەمجەد حسێن بەناهى، فەرماندەى کۆمەڵى شۆڕشگێر و زەحمەتکێشانى کوردستان بە زوومى گوت، هێرشەکەدا بە 10 درۆن ئەنجامدراوە، نۆیان تەقیونەتەوە.
پەناهى گوتى “ئێمە هیچ زیانێکى گیانیمان نەبووە”.
بەڵام هێرشەکەى سەر کۆیە زیانى گیانى هەیە، سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى هەرێمى کوردستان رایگەیاند “یەک شەهید و هەشت بریندار” گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام پێشبینى دەکەن ژمارەکە زیاتر بێت.
حزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران دەڵێت، بەردەوامی هێرشەکان لەکاتێکدایە زیاتر لە دوو مانگە “راپەڕینێکی سەرانسەری” بەردەوامە، کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ “بە زەبروزەنگ و کوشتاری خۆپێشاندەران و لە دەرەوەش بە هێرشی موشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبە سیاسییەکانی کوردستان پەلەقاژەی مان و درێژەدان بە دەسەڵاتە جەهەننەمییەکەی دەدات”
دەڵێت، بەدڵنیاییەوە خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران وەڵامی “دڕندەیی، کوشتن و هێرشەکانی” کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامییان لە خۆپێشاندانەکان و لەسەر شەقامەکان دەدەنەوە و دەیسەلمێننەوە، کە ئیرادەی ئەوان لە “زەبروزەنگی دیکتاتۆری” بەهێزترە.
دواى هێرشەکە ئاژانسی تەسنیمى نزیک لە سوپاى پاسداران بڵاویکردەوە، لە هێرشەکەدا تۆپ و موشەک بەکارهێندراوە و دەڵێت هێرشەکان بەردەوام دەبن، تاوەکو ئەو کاتەى جومجوڵى ئەو “تاقمانە” بەردەوام بێت.
مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لەبارەى هێرشەکەوە رایگەیاند، ئیدانەى ئەو هێرش و سنوربەزاندنەى ئێران دەکەن و هیواى زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن.
وەزارەتى دەرەوەى ئێران لەبارەى هێرشەکەوە هۆشدارى دەدات و دەڵێت، سازش لەسەر پاراستنى ئاسایشی سنورەکانمان ناکەین، وەڵامى ئەو هەڕەشانەش دەدەینەوە، کە “گروپەکانى” نێو هەرێمى کوردستان لە ئێرانى دەکەن، مەبەستى لە حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانە.
رۆژی 28ى ئەیلولى ئەمساڵ، سوپاى پاسداران هێرشێکى فراوانى کردە سەر بارەگاى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان، لە کۆیە، پردێ، زڕگوێز و دەڤەرى سیدەکان، سوپاى پاسداران ئەوکات رایگەیاند، هێرشەکان لە رێگەی 73 موشەک و دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراون.
بەگوێرەى ئامارى تەندروستى 16 کەس کوژران و زیاتر لە 50ی کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێویاندا منداڵ و ژن هەبوون.هێرشەکان لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى کاردانەوەى لێکەوتەوە.