زووم:
یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان رایگەیاند، سەرباری چەندین قەیران و کێشە، تا ئێستا وادەى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دیار نییە و ئەوەش رەوشەکەی دژوار و ئاڵۆزتر کردووە.
یەکگرتوو بەبۆنەی 30مین ساڵیادی راگەیاندنی حزبەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەرێمى کوردستان بە قۆناغێکى سەختى سیاسى و ئابوورییدا تێپەڕدەبێت و پەرلەمان لەکارخراوە و حکوومەتیش ماوەی بەسەرچووە، بەمەش شەرعیەتى دەسەڵات لەژێر پرسیاردایە.
راشیگەیاندووە، درزى نێوان جەماوەر و دەسەڵات فراوانتربووە، گەیشتووەتە ئاستێک ئەگەر بەخێرایى رێگەچارەى پەلە و کردارى و جدى نەگیرێتەبەر و هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد نەکرێت، رەوشەکە دژوار و ئاڵۆزتر دەبێت.
جەختیکردووەتەوە کە هۆکارى سەرەکى بایکۆتى مامۆستایان و فەرمانبەران، ئیدارەدان و بەڕێوەیردنێکى نادرووست و کەڵەکەبوونى کێشەکان و خەمساردییە لە چارەسەرکرنیان.