رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
ریاز و واشنتن لە ئەگەری هێنانەدیی ئاسایشی هەرێمایەتی دەکۆڵنەوە
- محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە ریازی پایتەخت لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا کۆبوویەوە و تێیدا بەرەوپێشچوونە هەرێمایەتییەکان و باسیشیان لە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوانی وڵاتەکانیان کردەوە. بلینکن لە دیدارەکەدا بە بن سەلمانی گوتووە هەوڵدەدەن رێگایەکی باشتر بدۆزنەوە بۆ گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی بۆ کەرتی غەزە و هەروەها هەوڵی بەجێگەیاندنی ئاگربەست بدەن.
عەرەبی جەدید
ئاگربەستی غەزە؛ داخوازییەکان دوورن لەیەکترەوە، بۆیە ڕێککەوتن دوادەکەوێت
- بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت هەندێک داواکاریی حەماس بە ئێمە قبووڵ ناکرێن، ئێمە دەمانەوێت ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان هەر بەگوێرەی رێککەوتنی پێشوومان بێت، حەماسیش دەڵێت ئەو پێشنیازانەی کراون هیچیان خۆیانیان لە مەسەلە سیاسییەکان نەداوە، ئێمە ئاگربەستێکی گشتگیرمان دەوێت.
ئەلعەرەب
دیپلۆماسیەتی درۆنەکان پەیوەندییەکانی نێوانی میسر و تورکیا پتەودەکات
- پڕۆژەیەکی گشتگیر لەنێوانی قاهیرە و ئەنقەرەدا ئەنجامدراوە کە دەرگا بۆ هاتنەئارای هاریکارییەکی ستراتیژی لە نێوان میسر و تورکیا دەکاتەوە.
تورکیا درۆنی پێشکەوتووی هەیە، بۆیە ئەم وڵاتە دەیەوێت وەبەرهێنانی سیاسیی لەم پێشکەوتنە زانستییەیدا بکات. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتویەتی ئەنقەرە رازی بووە لەو درۆنانە بفرۆشێت بە میسر، ئەمەش رۆڵێکی دیپلۆماسییانە دەگێرێت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولادا.
قودسی عەرەبی
پزیشکانی بێسنوردەڵێن لە خێوەتگای پەنابەرە سوودانییەکاندا هەر دوو سەعات جارێک منداڵێک دەمرێت
- رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، لەناو خێوەتگای پەنابەرانی زەمزەمدا لە سودان، هەردوو سەعات جارێک منداڵێک دەمرێت، خێوەتگای زەمزەم دێرینترین و گەورەترین خێوەتگای پەنابەرانە لە ناو سوداندا.
کلێر نیکۆلێ، بەرپرسی بەشی فریاگوازاریی رێکخراوەکەیە دەڵێت، پێش دەستپێکردنی ئەم شەڕ و ململانانەی ئێستا، خەڵکی ئەو خێوەتگایانە بۆ دابینکردنی نان و ئاو و خواردن پشتیان بە کۆمەکی رێکخراوەکان دەبەست، بەڵام ئێستا کەس لێیان ناپرسێتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
پاشا چارڵز تووشی شێرپەنجە بووە
- کۆشکی شاهانەی بەکینگهام لە بەریتانیا رایگەیاند، شا چارڵز، پاشای ئەو وڵاتە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و بەهۆی وەرگرتنی چارەسەرەوە لە ئێستادا سەرجەم ئەرکەکانی راگرتووە. هەرچەندە تا ئێستا جۆری شێرپەنجەکەی ئاشکرانەکراوە، بەڵام شا چارڵز دەڵێت تا بتوانێت گەشبین دەبێت لەبارەی نەخۆشییەکەیەوە. دەرکەوتنی نەخۆشییەکەش دوای ئەوە دێت کە بەمدواییانە نەشتەرگەریی پرۆستاتی بۆ ئەنجامدراوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
برینی ئەو ناوچانەی تورکیا بەهۆی بوومەلەزەکەی پارەوە زیانیان پێگەیشتووە هێواش ساڕێژ دەبێت
- ساڵی رابردوو لەم رۆژەدا، بوومەلەزرەیەکی وێرانکەرە بووەهۆی گیانلەدەستدانی 53 هەزار کەس لە تورکیا و شەش ملیۆن کەسی ئاوارە کرد لە ماڵەکانیاندا. دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، هێشتا ئاسەواری برینەکان لە هەموو شوێنێکی ئەنتاکیا بەدی دەکرێن کە شارێکە دەکەوێتە سەر ڕێگای ئاوریشمی و نیوەی باڵەخانەکانی خاپوور بوون. هەرچەندە حکومەت بەڵێنیدا کە “برینەکان لەماوەی ساڵێکدا ساڕێژ” بکات، بەڵام هێشتا هاوڵاتییانی ناوچەکە بەدەست کەمیی ئاوی خواردنەوە و نەبوونی سیستەمی ئاوەڕۆوە دەناڵێنن.
واشنتن پۆست
شەپۆلێکی بارانی چڕ ویلایەتی کالیفۆرنیای گرتەوە و دوو کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە
- دانیشتووانی کالیفۆرنیا دوێنێ دووشەممە رووبەڕووی شەپۆلێکی چڕی بارانبارین بوونەوە و شەقامە درەوشاوەکانی شاری لۆس ئەنجلس بوون بە ڕووبارێک لە قوڕاو و رێگاکانیش داخران و درەختەکانیش لەڕەگەوە هەڵکەندران. بەهۆی لافاوەکانەوە تا ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و هۆکاری زۆری لافاوەکەش بۆ بەرزبوونەوەی شەپۆلەکانی دەریاوە دەگەڕێتەوە کە قوڕ و لیتەیەکی زۆری هێناوەتە ناو شارەکە.
ئۆرشەلیم پۆست
سوپای ئیسرائیل هەوڵدەدات کۆنترۆڵی بەسەر باکووری غەزەدا تووندتر بکات
- سوپای ئیسرائیل لە هەوڵدایە ئامادەییە سەربازییەکانی لە باکووری غەزەدا تووندتر بکات و رێگریی بکات لەوەی جارێکی دیکە چەکدارانی حەماس بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە. ئەمەش لەکاتێکدایە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە لەماوەی هەفتەی رابردوودا حەماس هەوڵیداوە پێگە مەدەنییەکانی لەو ناوچەیەدا دابمەزرێنێتەوە، چونکە کەسانی بێچەک پارە و پێداویستییان داوە بەخەڵک و فەرمانیان بەسەرداکردوون. هەربۆیە فەرماندەکانی سوپای ئیسرائیل دەڵێن رێگە نادەین جارێکی دیکە حەماس ریزەکانی بەرگریی خۆی رێک بخاتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئاسیا
بانگەشەی نوێی دۆناڵد ترەمپ: ئێران دەتوانێت لە ماوەی 60 رۆژدا چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت
- لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ناوەنددایە و ئێران یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی گفتوگۆکانیەتی.
لە دوایین کاردانەوەکاندا، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی 2024 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوزی ئەمریکی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئێران دەتوانێت لە ماوەی 60 رۆژدا چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
ترەمپ لەم گوتووێژەدا بەرگری لە جێبەجێکردنی سیاسەتی زۆرترین گوشار لە دژی ئێران کرد و گوتی: ئێران لە سەرۆکایەتی ئەودا پارەی نەمابوو بیدات بە حەماس و حزبوڵا.
جمهوری ئیسلامی
گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا شوێنی گۆڕی تازەی تێدا نامێنێت و شوێنگرەوەکەشی دیاری نەکراوە
- بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی تاران ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی داهاتوودا گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا لە تاران جێگای تازەی نامێنێت، بۆیە پێویستە بە زووترین کات شوێنێک وەک گۆڕستانی تازە لە تاران دەستنیشان بکرێت بەڵام تا ئێستا هیچ شوێنێک دیاری نەکراوە.
حوسەین نەزەری باس لە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی شوێنی تازەی گۆڕستان لە تاران دەکات بەڵام دەڵێت، وردەکارییەکان تا ئێستا روون نین و ئەگەر زەوی بۆ تەرخان بکرێت لە دەرەوەی شار دەتوانرێت لە ماوەی چەند مانگێک شوێنی گۆڕستانی تازە ئامادە بکرێت کە لە ئێستادا دانوستان هەیە بۆ ئەو بابەتە.
شەهروەند
وەزیری وزەی ئێران: پێشکەوتنی دامەزراوەکانی ئاو و کارەبا 10 هێندە زیادی کردووە بەراورد بە پێش شۆڕشی ئیسلامی
- وەزیری وزە بۆ گەشەسەندنی 23 هێندەی دامەزراوەکانی ئاو و کارەبا بەراورد بە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی ئاماژەی بەوە کرد، هەزار و 200 ملیار تمەن لە پیشەسازیی ئاو و کارەبادا وەبەرهێنان کراوە.
عەلی ئەکبەر مێهرابیان، وەزیری وزەی ئێران لە ئاهەنگی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا کە لە وەزارەتەکەی کرایەوە گوتی، “ئەگەر بارودۆخی ئەمڕۆ بەراورد بکەین لەگەڵ پێش شۆڕشی ئیسلامی، ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە، بەڵام پێشکەوتنی دامەزراوەکانی ئاو و کارەبا بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی زیاتر لە 10 هێندە گەشەی کردووە.
قودس
کردەوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە درووستکردنی دەرفەتە بۆ رژێمی زایۆنی
- ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەی قودسی گوتووە، بۆردومانەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق و یەمەن بۆ درووستکردنی دەفەت و بۆشایی زیاترە بۆ ئیسرائیل تاوەکو بەردەوامی بە تاوانەکانی خۆی بدات لە غەزە.
گوتیشی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی لەسەرە بۆ وەستاندنی ئەم سەرکەشییانەی ئیسرائیل
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
ساڵێک تێپەڕ بوو بەسەر بوومەلەرزەکەدا بەڵام “برینەکان سارڕێژ نەبوون”
- ئەمڕۆ ساڵیادى بوومەلەرزەکەى 6ی شوباتە، ئیسماعیل سایمازى گۆشەنووسی سۆزجو نووسیویەتی: بە شەقامەکانى مەڕاش گەڕام وەک ئەوە وایە شارەکە بۆردومان کرابێت، پارێزەرێک دایک و باوکى لە بوومەلەرزەکەدا بووتە قوربانى وەک کاردانەوەیەک لە گوتەکانى ئەردۆغان دەڵێت: ئەردۆغان منەت بەسەر خەڵکى لێقەوماوان دەکات، وەک بڵێى ئێمە منداڵی ئەم وڵاتە نەبین.
جمهورییەت
دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەی پارەوە هێشتا بێلانەن
- لە بوومەلەرزەکەى ساڵى پاردا، دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس تاکوو ئێستا بێلانەن، لە خێمە و کۆنتێنەردا دەژین و دەسەڵات گفتەکانى خۆى بەجێ نەهێناوە، ئەوانەى کەمتەرخەمبوون بوون نەدراونەتە دادگا، دۆسیەى زۆرێک لە بەڵێندەرەکان یەکلایی نەبووەتەوە.
تائێستا روون نییە ئەو پارەیەى بۆ کۆمەکى لێقەوماوان کۆکرانەوە چۆن خەرجکراوە.
قەرار
حکومەتی بەڵێنی 650 هەزار یەکەی دابوو کەچی تەنها 40 هەزار یەکە درووستکراوە
- بەگوێرەى راپۆرتێکى سەرۆکایەتى کۆمار، لە بوومەلەرزەکەى شوباتى ساڵى رابردوودا و لە 11 پارێزگا، 518 هەزار بینا رووخاون یاخوود زیانیان پێگەیشتووە. پێشتر سەرۆککۆمار رایگەیاندبوو تەواوى ئەو بینایانە بەشێوەیەکى باشتر دروستدەکەینەوە و رادەستى خاوەنەکانیان دەکەینەوە، ئیدارەى دروستکردنەوەى یەکەکان (تۆکى) رایگەیاند، پێویستیان بە دروستکردنەوەى 650 هەزار یەکە هەیە، بەڵام بەگوێرەى لێدوانێکى ئەردۆغان، لەئێستادا تەنها 40 هەزار یەکە رادەستى لێقەوماوان کراوە.
ئایدنڵک
هەڵئاوسانی مانگانە بەڕێژەى %6.7 بەرزدەبێتەوە و ساڵانەش بە رێژەى %64.84 بەرزدەبێتەوە.
- بەگوێرەى راگەیەنراوێکى دەزگاى ئامارى تورکیا، لە مانگى کانوونى دووەمدا بەراورد بە مانگى ئاب، زۆرترین هەڵئاوسان لەو وڵاتە تۆمارکراوە، زۆرترین رێژەى هەڵئاوسانیش لە بەرهەمەکانى خواردن لە مارکێتەکان دەبینرێت.