زووم:
لاهور شێخ جەنگی لە هەولێر لەگەڵ کونسوڵی چواردە وڵات کۆبووەوە و جوڵەی سیاسی خۆی بۆ روونکردوونەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریییەکانی زووم، کە لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتووە، کونسوڵی ئەو وڵاتانە، کە دیارترینیان ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و رووسیا و ئەڵمانیا بوون، پرسیاریان لەبارەی هەنگاوی داهاتووی لاهور شێخ جەنگییەوە کردووە.
زووم پەیوەندی بە نووسینگەی لاهور شێخ جەنگییەوە کرد، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی کۆبوونەوەکە بۆ میدیا نەبووە ئامادەنەبوو زانیاری بخەنەڕوو.
بەگوێرەی بەدواداچوونەوەکانی زووم، لاهور شێخ جەنگی جگە لە تورکیا و ئێران کونسوڵی زۆربەی وڵاتانی بانگێشت کردووە.
زووم زانیویەتی، لەکۆبوونەوەکەدا نوێنەری وڵاتان پرسیاریان لە لاهور شێخ جەنگی هەبووە لە بارەی هەنگاوی داهاتووی، لە وەڵامی نوێنەری وڵاتاندا لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندووە، ئامادەیە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی فراوان، کە لە حزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی پێکبێن.
هەربەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە باسکردن بووە لە گۆڕانکاری لە پرۆسەی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.