زووم:
بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، وەڵامی هێرشی موقاوەمەی ئیسلامی بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی رۆژاڤای کوردستان و گیانلەدەستدانی شەش ئەندامی هەسەدە دەدەنەوە و لە پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبن.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا قسەی بۆ ئاژانسی نۆرس پرێسی رۆژاڤا کردووە، رایگەیاندووە، واشنتن بەشێوەیەکی گونجاو وەڵامی تەواوی ئەو هێرشانە دەداتەوە لە سوریا و عێراق دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
هەروەها بەردەوامیی ئەمریکای لە هاوبەشیی هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتکردووە و گوتویەتی، پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە بەردەوام دەبێت.
گوتەکانی ئەو بەرپرسەی ئەمریکا لە وەڵامی ئەو هێرشەی موقاوەمەی ئیسلامییە بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە دێرزوور، کە بەهۆیەوە شەش ئەندامی هەسەدە گیانیان لەدەستدا.