زووم:
ئەو ئاگرەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکراینی گرتووەتەوە، کێشمەکێشمی نێوان کۆماری و دیموکراتەکانی لە واشنتن گەرمکردووەتەوە و پڕۆژەبڕیارێک لە ئەنجوومەنی پیرانەوە، دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە.
لە نوێترین پێشهاتدا، ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی لەبارەی ئاسایشی سنوور و هاوکاریی بۆ هەر یەکە لە ئۆکراین و ئیسرائیل بە گوژمەی 118 ملیار دۆلار راگەیاند.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، 60 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریی سەربازیی ئۆکراین و 20 ملیار دۆلاریش بۆ چارەسەری قەیرانی سنووریی ئەمریکا تەرخاندەکرێت، هەروەها 14 ملیار دۆلاریشی دەدرێت بە ئیسرائیل.
هاوکات 10 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریی مرۆیی لە غەزە و کەرتی رۆژئاوا و ئۆکراین تەرخان کراوە، هەروەها 2.33 ملیار دۆلاریش تەرخانکراوە بۆ هاوکاری هاوڵاتیانی ئۆکراین کە ئاوارەی دەرەوە بوون.
هەر لە پڕۆژەیاساکەدا، 2.44 ملیار دۆلار بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە دەریای سوور دیاریکراوە، هەروەها 4.83 ملیار دۆلاری دیکەش بۆ رێکارەکانی روبەڕوبوونەوەی چین لە زەریای هندی و هێمن تەرخانکراوە.
ئەوە روونە کە پڕۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە کە دیموکراتەکانی زۆرینەن تێیدا پێشکەش کراوە، بەڵام رووبەڕووی دژایەتی توندی ئەنجوومەنی نوێنەران بووەتەوە کە کۆمارییەکان زۆرینەن تێیدا و دەڵێن، رێگە نادەن تێپەڕێنرێت.
کۆمارییەکان نایانەوێت هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین بەردەوام بێت، بەڵام لە پڕۆژەیاساکەدا زۆرین بودجە بۆ هاوکاریی ئۆکراین تەرخان کراوە، بۆیە بە تەواوی دژایەتی دەکەن و دەڵێن، دەبێت زۆرترینی بودجەکە بۆ زامنکردنی سنوور لە بەرامبەر کۆچبەران تەرخان بکرێت.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە کۆمارییە رایگەیاند، ئەو پڕۆژەیاسایە خراپترە لەوەی پیشبینییان دەکرد و دەڵێت، بە “مردوویی” دەگاتە ئەنجومەنەکە.
جۆنسن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، “پڕۆژەیاساکە خراپترە لەوەی پێشبینیمان دەکرد، نابێتەهۆی کۆتاییهێنان بەو کارەساتە سنورییەی هەیە” و گوتیشی، “ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران بێگومان بە مردوویی دەگات.”
بەگوێرەی یاساکە، ئەگەر ژمارەی ئەو کەسانەی لە سنوورەکانی ئەمریکا هەفتانە پێنج هەزار حاڵەت تێبپەڕێنێت، ئەوا جۆ بایدن دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت داوای پەنابەریی رەتبکاتەوە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە دانیشتنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە دەربچێت و پێویستی بە دەنگی 60 سیناتی پیران هەیە کە دیموکراتەکان زاڵن تێدا، بەڵام گرفتی سەرەکی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بۆ درووست دەبێت کە کۆمارییەکان زۆرینەن.
لایخۆیەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆژەیاساکە دەربڕی و داوای لە کۆنگرێس کرد بەزووترین کات پەسەندی بکات.