زووم:
هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کۆبووەوە، پشتگیریی گفتوگۆکانی حکومەتی عێراقی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانییەکە لە عێراق.
کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق بەڕێوەچوو، هاوپەیمانییەکە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای بۆسەر پێگەکانی حەشدی شەعبی کرد و هەر جۆرە دەستدرێژییەکی بۆسەر بنکە سەربازییە عێراقییەکان رەتکردەوە.
هەروەها پشتگیریی گفتوگۆی حکومەتی عێراقی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانییەکە لە عێراق لەڕێگەی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ، بەئامانجگرتنی راوێژکارە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیشی سەرکۆنە کرد.
هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت پشتگیریی خۆی بۆ حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە بۆ رێگری لە هەر لایەنێک عێراق رابکێشێتە نێو ئەو ململانێیەی لە ناوچەکە لەئارادایە.