زووم:
دەم پارتی بەنیازە رۆژی 9ی ئەم مانگە کاندیدانی پارتەکە لە ئیستەنبوڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئاشکرابکەن.
ئایشەگول دۆغان گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکە لە ئەنقەرە رایگەیاند، دەم پارتی بڕیاریداوە لە ئیستەنبوڵ کاندیدی خۆی هەبێت و ناچنە ژێر باری هیچ هاوکێشەیەکی هەڵبژاردنەوە لە دژی کاندیدی پارتێک بۆ سەرکەوتنی کاندیدی پارتێکی دیکە.
لەو نێوەندە، دەم پارتی بڕیاریداوە 9ی شوبات کاندیدی پارتەکە لە ئیستەنبوڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئاشکرا بکەن.
گوتەبێژی دەم پارتی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بە کاندیدکردنی بەشاک دەمیرتاش لەلایەن دەم پارتییەوە رایگەیاند، “بەشاک یەکێک لە کاندیدە بەھێزەکانمانە بۆ ئیستەنبوڵ”.
لە لایەکى ترەوە بەگوێرەی راپرسییەکی ناوەندی راویست، بەشاک دەمیرتاش دەنگی یەکەمی کاندیدانی دەم پارتییە لە ئیستەنبوڵ، زیاتر لە سێیەکی دەنگدەرانی پارتەکەش دەنگ بە هاوژینەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەدەن.
لە راپرسییەکەدا لایەنگرانی دەم پارتی لە ئیستەنبوڵ %34.3 دەنگ بە بەشاک دەمیرتاش و %26.5 دەنگ بە سری سورەییا ئۆندەر دەدەن، کەمترین دەنگیش بە عوسمان بایدەمیر دراوە بەڕێژەی % 6.9.
سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی دەم پارتی کاندیدی لە ئیستەنبوڵ هەبێت، %69.6ی لایەنگرانی دەم پارتی خوازیارن دەم پارتی کاندیدی خۆی بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ هەبێت و %25.5 دیکە لەگەڵ ئەو بۆچونەن دەم پارتی کاندیدی نەبێت، %3.9 دەنگدەری دەم پارتی هیچ بۆچونێکیان لەوبارەیەوە نەبووە.
بڕیارە هەڵبژاردنی ناوخۆی تورکیا لە مانگی ئادار بەرێوەبچێت، باشاک دەمیرتاش خێزانی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، ئەگەر پارتەکەی پشتگیری بکەن خۆی بۆ سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبۆڵ کاندید دەکات و بڕیارە نۆی ئەم مانگەش، ئەو پارتە کاندیدی خۆی ئاشکرابکات.