زووم:
دادگای پاکستان بۆ سێیەم جار لە ماوەی یەک هەفتەدا سزای بەسەر عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە سەپاند، ئەمجارە بە حەوت ساڵ زیندانیکردن بە تۆمەتی نایاساییبوونی سێیەم هاوسەرگیریی ناوبراو.
سکاڵاکەی ئەمجارە لەلایەن هاوسەری دووەمی عیمران خانەوە تۆمارکرابوو، کە ئێستا جیابوونەتەوە گوایە هاوسەری سێیەمی عیمران خان کە ناوی بوشرا بی بییە، عیدەی شەرعی تەواونەکردووە کاتێک لە ساڵی 2018دا لەگەڵ عیمران خان هاوسەرگیری کردووە، ئەوەش بەگوێرەی ئاینی ئیسلامی، نایاساییە و پەیوەندییەکەیان دەبێتە پەیوەندییەکی ناشەرعی، چونکە دەبێت ئافرەت لەدوای جیابوونەوەی، سێ مانگ چاوەڕێ بکات دواتر هاوسەرگیری بکاتەوە.
جگە لە حەوت ساڵ زیندانی، عیمران خان بە بڕی 1800 دۆلار سزای داراییش درا، بەڵام عیمران خان تۆمەتەکەی رەتکردووەتەوە.
ئەوە سێیەمجارە لەم هەفتەیەدا عیمران خان سزا بدرێت، رۆژی 31ی کانوونی دووەم بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادرا بە تۆمەتی دزەپێکردنی بەڵگەنامەی فەرمیی دەوڵەت، بۆ رۆژی دواتر خۆی و هاوسەری سێیەمی بە 16 ساڵ زیندانیکردن سزا درا بە تۆمەتی فرۆشتنی دیاری دەوڵەت بە نایاسایی.
عیمران خان لە نیسانی 2022دا لەسەرکارلادرا و رووبەڕووی نزیکەی 80 تۆمەت بووەتەوە، ئەویش سەرجەمیان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هەوڵێکە بۆ دوورخستنەوەی لە کێبرکێی هەڵبژاردنەکەی 5ی شوباتی داهاتوو.