زووم:
راوێژکارێکی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆککوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەمنزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر شاری هەولێر بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
فادی شەممەری، راوێژکاری سیاسیی سەرۆککوەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ کەناڵی رەشیدی عێراقی، لەبارەی هێرشەکەی سەر شاری هەولێرەوە گوتی، چاوەڕوانی ئەنجامەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەکەن کە قاسم ئەعرەجی سەرۆکایەتی دەکات.
شەممەری گوتیشی، نایانەوێت پێش تەواوبوونی ئەنجامەکان هیچ شتێک بڵاوبکەنەوە، بەڵام بەمنزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
درەنگانی شەوی 15 لەسەر 16ـی مانگی رابردوو، ئێران بە مووشەک هێرشیکردە سەر شاری هەولێر و ماڵی بازرگانێکی کورد بە ناوی پێشڕەو دزەیی لە هێرشەکەدا کرایە ئامانج، بەهۆیەوە پێشڕەو دزەیی، کچە تەمەن یەک ساڵانەکەی، بازرگانێکی دیکەی عێراقی و خزمەتکارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا، خزمەتکارێکی دیکەش تاکو ئێستا بێسەروشوێنە.